بەشی (١٠)
کۆچ، ئیمان و ئەدەب
کۆچێکی مێتافۆریکە کاتێک لە بەهەشت دەردەکرێین، خوای گەورە تەواوی ئەزموونی ژیانمان دەکاتە کۆچ، گەشتی مرۆڤایەتی لە دۆخێکی هاوسەنگی بەختەوەرییەوە بۆ دۆخێکی سەخت دەست پێدەکات. جەوهەری ژیانمان بریتی دەبێت لە گەڕانێکی کۆچەریانە، بەناو دیمەنەکانی واقیع و خەیاڵدا دەگەڕێین، بەدوای ڕزگاربوون و بەدیهێناندا دەگەڕێین. لەم گەشتەدا پەیوەندی لە نێوان بەرجەستە و نابەرجەستەدا دروست دەکەین، تابلۆکانی ئەزموونی بەکۆمەڵمان پێکدەبەستینەوە. بەم پێیە بونمان تەنیا بڕگەیەکی فیزیکی نییە بەڵکو گەڕانێکی قووڵە بۆ پەرەسەندنی ڕۆح. ڕۆح لە کوێ پەرەدەستێنێت؟ لە وەی کە هەرگیز لە بیری نەکەیت کە تۆ کۆچەریت و ئەم دنیایە کاتیە بۆ دنیایی ڕاستەقینە کە تێدا نیشتەجێ دەبین، لە دەرکردن لە بەهەشتدا مەخزای سەرەتای ئارەزووی سەرگەردانی هەمیشەییمان دەست پێودەکات، تامەزرۆیی ماڵێک دەبینەوە کە لەدەستمان داوە، هەرگیز نائومێد نابین لەبەدەستهێنانەوەی. کۆچەرین وبەناو بیابانەکانی نائومێدی و وەحشەتەکانی ئومێددا دەسووڕێینەوە، لەجوانییە ڕاگوزەرەکانی خەونەکانماندا بە دوای دڵنەوایدا دەگەڕێین. هەر هەنگاوێک کە دەینێین یادەوەرییەکانی عەدەنمان بیردێنێتەوە، گەشتەکەمان گەشتێک نییە تەنیا بۆ (مان)ەوە بەڵکو بۆ گۆڕانکاریشە. ئێمەی کورد، لە دینماندا کۆچەرین، لە نیشتیمان کۆچەرین. کورد بەنیازە پاداشتی هەموو کۆچەکانی لەو دنیا بەدەست بێنێتەوە، کورد لێرە نایەوێت هەرگیز نیشتیمانێکی هەبێت، لانی کەم وا هەڵسوکەوت دەکات.
هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتر، لەگەڵ بەهاکانی ژیان و ژیار، تەنانەت ئەوانەی لەڕووی کردارەوە چەپ و عەلەمانی کۆڵەوارن و لە ڕووی فکر لێرە نیشتەجێن و خۆیان بە کۆچەری و سەوداسەری دنیاکەی دیکە نازانن، لێرە کۆچەرییەکانی ئەم دنیا وتاپۆ لەباخەڵەکانی دنیاکەی دیکە بەسووک تەماشایان دەکەن، لەوانەشە جگە لە جیاوازی باوەڕ شکستی چەپ و عەلەمانییەکان لە نیشتەجێبوونی نیشتیمانێکی سەربەخۆدا وای کردبێت لە هەردوو دنیا بووبن.
کارێکی گرنگی ئەدەبی، (قاپی تۆز)ە ٫ لە نووسینی کێن بێرنز و دەیتۆن دانکان، کە دواتر فیلمی دیکۆمێنتاریی کێن بێرنزەیشی لەسەر دەرهێنڕراوە . (کۆچکردنی خۆڵ/تۆز گەورەترین کۆچ بوو لە مێژووی ئەمریکادا. لە ساڵی ۱۹۴۰، ۲.۵ ملیۆن کەس لە ویلایەتەکانی دەشتاییەکان دەرچوون٫ بۆ ڕێژەی دانیشتوان لەو کاتەدا ژمارەیەکی گەورەیە).
دیاردەکە بەهۆی تێکەڵەیەک لە فاکتەرە سروشتییەکان (وشکە ساڵی سەخت) و فاکتەرە دروستکراوەکانی مرۆڤەوە پەیدا بوو، شکستێک بوو لە دروستکردنی ڕێگا کشتوکاڵییەکانی وشکانی بۆ ڕێگریکردن لە داڕمان، بەتایبەتی کە زەوییە سروشتییەکان لەلایەن نیشتەجێبووانی ناوچەکە خراپ بەکارهاتن کارەساتەکە گەورەتر بوو.
لەم شاکارەدا، گەڕانێکی دەستەجەمعی هەیە، گەڕان بەدوایی ژیانێکی شایستەدا، گەڕان بەدوای کاردا، نان و پێکەنینی منداڵەکانیاندا، ئەوانە جوتیار بوون، کاریان دەکردوو دەرفەتیان دەویست، لە کاتێکدا لە نیشتیمانی خۆیاندا دەرفەت و بژاردەگەلی زوریان نەبوو سودی لێوەربگرن، جێیان هێشت.
(شتەکان لەیەکتر دەچن) لە نووسینی (چینوا ئاچێبێ)
کۆلۆنیالیزم و ئاوارەبوونی کولتووری لە نەیجیریا کە هەوێنی چیرۆکە مانادارەکەیەتی، تیشک دەخاتە سەر ئەو بنبەستەی کە بەهۆی هێزە دەرەکیەکانەوە دروست دەبێت و لە ئەنجامدا کۆچ و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان بەدی دێن. پێ دەچێت نەیجیریا جەهەنەمێکی ڕاستەقینەی ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی بووبێت بۆیە لە (ئەمریکنا) ش کە لە نووسینی (چیماماندا نگوزی ئادیچ)ە دیسان لە باسی کۆچی مۆدێرن و گەڕان بەدوای ناسنامەدا، ئەویش وەک ئاچێبێ باسی کۆچبەرانی نەیجیریا دەکات.
(زەوی بەفیڕۆچوو - The Waste Land), هۆنراوەیەکە لەلایەن تی ئێس ئێلیۆت، کە بە یەکێک لە گرنگترین شیعرەکانی زمانی ئینگلیزی سەدەی بیستەم دادەنرێت و کارێکی ناوازەی شیعری مۆدێرنە. باسی نائومێدی دوای جەنگ و پارچەپارچەبوونی کولتووری دهۆنێتەوە.
مەتافۆری خاکێکی بێ بەرهەم بەکاردەهێنێت بۆ وێناکردنی جیهانێک کە لە قەیراندایە، هاوشێوەی گەڕانێکی کۆچەرێک بۆ پێدانی مانا بەخۆی.
لە بواری سیاسی و فەلسەفیشدا مانیفێستی کۆمۆنیست لە نووسینی کارل مارکس و فریدریک ئەنگڵس، سەبارەت بە خەباتی چینایەتی و بزووتنەوەی کرێکاران، باس لە کۆچکردن دەکات.
لە رێگای دەرچەی ویگان, لە نووسینی جۆرج ئۆروێڵ باسی،هەژاری و گەڕان بەدوای بارودۆخی ژیانێکی باشتردا دەکات. شیکارییەکی کۆمەڵایەتی سیاسییە بۆ ئەو بارودۆخانەی کە کۆچی ناوخۆیی لەناو گەلانی پیشەسازیدا دەباتە پێشەوە.
لە بابەتە مێژوویی و ئاینیەکاند کتێبی دەرچوون، کتێبی دووەمی پەرتووکی پیرۆزە. ئەمە چیرۆکی کۆچە، ئەفسانەی بنەڕەتی ئەو ئیسرائیلییانەیە کە لەڕێگەی بەهێزی خوداوەندەکەیانەوە بەناوی یەهوە کۆیلایەتی بەجێدەهێڵن کە بەگوێرەی چیرۆکەکە ئەوانی وەک گەلی خۆی هەڵبژاردووە. ئینجا نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ پێغەمبەر موسا کۆچ دەکەن بۆ شاخی سینا.
گێڕانەوەی ناوەندی باوەڕی جوولەکەکانە، کە کۆچکردن وەک گەشتێک بەرەو ئازادی و جێبەجێکردنی بەڵێنێکی خودایی وێنا دەکات.
بۆ داڕشتنی گێڕانەوەکانی کۆچ لە ئەدەبدا، ئەم ڕێبازانەی خوارەوە لەبەر چاوگیراون.
گرنگیدان بە گەشتە کەسییەکانی کارەکتەرەکان و ململانێکان و گۆڕانکارییەکانیان، کە کۆچکردن چۆن ناسنامە و چارەنووسیان دەگۆڕێت.
جەختکردنەوە لەسەر ئاستەنگ و دەرفەتەکانی کۆچکردن. جیاوازی شوێنەکانی سەرچاوە و مەبەستەکانیان لە تیشک خستنە سەر جیاوازییە کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.
پرسگەلی وەک ناسنامە، سەربەخۆیی و خۆڕاگری. لەئەدەبدا وردکراونەتەوە کە چۆن کۆچکردن کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان، داینامیکی کۆمەڵگا و ویستەکانی تاک هەیە.
هێماسازی بەکارهاتووە، بۆ قووڵکردنەوەی گێڕانەوەکە. بۆ نموونە خودی گەشتەکە دەتوانێت هێما بێت بۆ گەڕان بەدوای ئازادی، خۆدۆزینەوە، یان بەدیهێنانیێکی خودایی.
لە کۆنتێکستی مێژوویدا، گێڕانەوەکە لە چوارچێوەیەکی مێژوویی دیاریکراودا جێگیر دەکرێت بۆ ئەوەی ڕەسەنایەتی پێببەخشێت. ئەمەش لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی ورد و تێکەڵکردنی ڕووداو و ژمارە ڕاستەقینەکانەوە بەدەست هێنراوە.
بەشێ ١١/ سەردەمی کۆچ
بتشی ١٢/کۆچ و جبران خەلیل جبران