دواین هەواڵ

ململانێی دادگای تەمیزو داگای فیدراڵی

‌هاورێ تۆفیق

31/05/2024

بریارەکەتان بەمردوویی لەدایکبوە و هیچ ئەنجامێکی نابێت
ململانێی دادگای تەمیزو داگای فیدراڵی.

لە پاڵ بونی ململانێی سیاسی ناوخۆیی و داودەزگایی لە ناو دەوڵەتا، بۆ نمونە بونی ناکۆکی وەزیر لەگەڵ سەرۆک وەزیران، پەرلەمان لەگەڵ حکومەت و یان روانینی جیاوازی سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرۆک کۆمار ، بەڵام دامەزراوەی دادوەری کارەکانی خۆی دوور لەو بەریەکەوتن و کێشە ناوخۆییانە بەرێکردوە، لە پێشهاتێکی تازەدا .کێشەیەکی گەورە لەنێوان دادگای تەمییز و فیدراڵی سەریانهەڵداوە ،یەکەم جاریشە کێشەکان ئاوا بە راستەوخۆ و ئاشکرایی دەربکەون. تەنانەت کارگەیشتۆتە رەتکردنەوەی بریاری یەکتری . ئاشکرایە

ژێرخانی یاسایی عێراق ئاڵۆزو جەنجاڵە بە سەدان قانونی کۆن و بریاری دادگای شۆڕشی هەڵوەشاوەی بەعس هەیە و لە هەمان کات لەپاڵ بونی دەقەکانی دەستورو هەروەها دەرچونی سەدان قانونی تر لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، ئەم گێژاوە لە ژیانی یاسایی و دەستوریی بەریەکەوتن و تێگەیشتنی جیاوازی بۆ دەسەڵات و پسپۆری دادگاکان دروستکردوە ، بە تایبەتی لە نێوان دادگای تەمییز و فیدراڵی ،جگە لەمانەش بەرژەوەندی کەسی و سیاسیش تێکەڵاوی ئەم ململانێیە بوە. دادگای فیدراڵی دادگایەکی باڵای دەستورییەو کارەکانی سنوردران و پەیویستن بە رژێمی دەستوریی وڵاتەوە ، ئەوەی کارو دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی ئاڵۆزتر کردوە نەبونی قانونی دادگای فیدراڵیە بەگوێرەی دەستور ، هەتاوەکو لە رێگای ئەو قانونەوە وردەکاری ئیش وکاری دادگا و پسپۆری و دەسەڵاتەکانی دیاری بکرێت، دادگای فیدراڵی بە ناچاری لەرێگای پەیرەوی ناوخۆ و یاسای دادبینی مەدەنیەوە هەوڵیانداوە بونی ئەو بۆشاییە یاساییە کە رووبەروویان بۆتەوە پڕ بکەنەوە، بەڵام دادگای تەمییز تارادەیەکی زۆر کارەکانی رووناک و دیاریکراون، هەروەها پێشینەو مێژووییەکی کۆنی کاری خۆیان هەیەو خەرمانێکی گەورەیان لە کارو بریاری تەمییزی هەیە.ماوەیەکە لە نێوان هەردوو دادگاکەدا کێشەی دەسەڵات و پسپۆڕی دروستبوە. ئەنجومەنی دادوەری دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر بریارەکانی دادگاوە بسەپێنێت. لەو روانگەیەی کە دادگای فیدراڵی بەشێکە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی دادوەری و لەلایەن ئەوانەوە ناوی سەرۆک و ئەندامانی داگاکە پێشنیازکراون. لە راستیدا دادگای فیدراڵی قەوارەیەکی دادوەری سەربەخۆیە و ئەم سەربەخۆییە پێویستە بە قانون رێکبخرێت و دادگای فیدراڵی سەربەخۆی خۆی لە ئەنجومەنی دادوەری وەربگرێت.

** دادگای فیدراڵیی و لێکدانەوەی دەستوریی..

سەرنجێکی یاسایی لەسەر دادگای فیدراڵی گەڵاڵەبوە، دادگا سنوری دەسەڵات و پسپۆرییەکانی فراوان کردوەو تەنانەت لە زۆر بابەتەدا شوێنگرەوەی دادگاکانی ترە، زۆر داوا دادبینیکراون کە لە راستیدا لە پسپۆری دادگاکانی کارگێڕی و تەمییز و تەنانەت دادگا ئاساییەکان بوون. ئەمەش نیگەرانی داودەزگایی لێ دروستبوە، هەروەها بابەتی راڤەکردنی دەقەکانی دەستور ( تەفسیری دەستور).ئەمەش ئاڵۆزی گەورەو دابەشکاری سیاسی گەورەی لێکەوتۆتەوە .
دوو تێز بۆ لێکدانەوەو شیکردنەوەی مادەی دەستوریی هەیە ، تێزی روانینی بەرتەسک. (ضيق النطاق ) و تێزی دووەم روانینی پانوپۆر ( واسع النطاق ) بەجۆرێک دادگا پەیرەوی تێزی پانوپۆڕ ی کردوە و تەنانەت هەندێک لەو لێکدانەوەو شیکردنەوانە مانایەکی تازەی بۆ دەقەکانی دروستکردوە، هەر وەکو هەمواری دەستوری ڕێڕەوی گرتوە.

ململانێی دادگای تەمیزو فیدراڵی لەمەسەلەی تانەی قانونی هەڵبژاردن بەریەکەوتنێکی تازەی بەخۆیەوە بینی. چیرۆکی بەریەککەوتنی دادگای فیدراڵی و تەمییز دەگەرێتەوە بۆ قانونی هەڵبژاردنی کوردستان. دادگای تەمیز پشتی بە قانونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان بەستوە، بەگوێرەی قانونەکە کۆمیسۆن چەندین رێسا بۆ رێکخستنی هەڵبژاردن دەردەکات و ئەو رێسایانە شایەنی تانە لێدانن لەبەردەم کۆمیسۆندا ، پاشان ئەگەر کۆمیسۆن تانەکەی رەتکردوە ئەو وەختە بۆ جاری دووەم و کۆتایی شایەنی تانەلێدانە لەبەردەم لیژنەی دادوەری هەڵبژاردن لە دادگای تەمییز و بریاری ئەوان کۆتایی و بنەبڕە. ئەم نەخەشە رێگایە بۆ تانەدان لە رێساکانی کۆمیسۆن لەناو قانونی هەڵبژاردندا چەسپاوە. بەڵام بەهۆی سکالایەکی سەرۆکی حکومەت لەسەر رێسای تۆمارکردنی

کاندیدەکان لەبەردەم دادگای فیدرالی بەو تۆمەتەی کە کۆمیسۆن لەو رێسایەدا پێشێلی دەستورو جەوهەری بریاری پێشووی دادگای کردوە، کورسی (کۆتا) ی بۆ پێکهاتەکان دیاری نەکردوە ،لەگەڵ چەند باسێکی تر. هاوشان لەم داوایە ، یوسف یەعقوبی سەرۆکی پارتی بەیتی نەهرەینی مەسیحی ئەویش هەڵسا بە تانەدان لە رێساکەی کۆمیسۆن بەڵام لەجیاتی دادگای فیدراڵی ،لەبەردەم دادگای تەمییز سکاڵای کرد. بە گوێرەی نەخشەرێگای قانونی هەڵبژادن بۆ تانەلێدان. ئەو رۆژەی کە بریار بوو حوکم دەربچێت ،هەردوو دادگا بۆ دەرکردنی بریار لە دادبینیدا بوون.دادگای تەمییز بە ماوەیەکی کەمتر لە دادگای فیدراڵی بریاری دەرکردو پێنچ کورسی کۆتای گێرایەوە. ئەمەش بارێکی ناهەمواری بۆ دادگای فیدراڵی دروستکرد، یان دەبوو بریارێکی پێچەوانەی تەمییز بدات ،یان دەبوو تەسلیم ببێت و داواکە رەتبکاتەوەو بریارەکەی تەمییز بچەسپێنێت ، دادگای فیدراڵی ئەمەی دووەمیانی کرد. پێشووتریش لەسەر هەمان بابەت دادگای فیدراڵی بەیانێکی بڵاوکردەوە وەکو وەڵامێک بۆ دادگای تەمییز ، دەڵێن دادگای فیدراڵی بەگوێرەی دەستور مافی دادبینی یاساکان و رێساکانی هەیە ئەگەر هاتوو دژی دەستوور بون. بۆیە بینینی داوای سەرۆک وەزیران پسپۆری ئێمەیە .

** خانەنشینبونی دادوەران ...

خولی دووەمی ناکۆکی. مەسەلەی خانەنشیبونی دادوەرانە، بەگوێرەی قانونی خانەنشینی یەکگرتوی هەموارکراو بۆ ئەوەی دادوەر خانەنشین بێت ،چەند حاڵەتێک هەیە، دادوەر تەمەنی یاسایی خۆی تەواوبکات، یان کۆچی دوایی بکات، یان خزمەتی دادوەری یان داواکاری گشتی ،سی ساڵی هەبێت. ئەوە وەختە ئەتوانن خانەنشین ببن. کاتی خۆی یەکێک لە دادوەرەکانی دادگای فیدراڵی لەبەردەم دادگای فیدراڵیدا، داوای یاسای تۆمارکردوە، دادگای فیدراڵییش بریاری دەرکرد و دەڵێت ؛مەبەست لە خزمەتی سی ساڵ تەنها خزمەتی دادوەری ناگرێتەوە ،بەڵکو کۆی خزمەتی دەوڵەت دەگرێتەوە، خزمەتی پارێزەرایەتی، یاریدەری داد، یان هەر خزمەتێکی تر لە داودەزگاکانی دەوڵەت . دادوەرێک لە شرگات داوای خانەنشینی کردوە بەو پێیەی کۆی خزمەتەکەی بەگوێرەی بریاری دادگای فیدراڵی سی ساڵە، بەڵام ئەنجومەنی دادوەری داواکەی رەتکردۆتەوە ، دادوەرەکەش تەمییزی کردۆتەوە، دادگای تەمییز جارێکی تر داواکەی رەتکردەوە .بریاری دادگای فیدراڵی بە مردوو ئەژمارکردو دەڵێت هیچ ئەنجامێکی نیە. هەر وەکو ئەوەی نەبوبێت ، چونکە ئەوە پسپۆری دادگای فیدراڵی نیە. هەتاوەکو قانون هەمواربکات .بەڵکو هەموارکردن پێویستی بە پەرلەمانەو ئەمەش کاری دادگای فیدراڵی نیەو نابێ دادگا کاری دەسەڵاتی یاسادانان بکات . بریارەکەش هەر وەکو نەبوو وایەو هیچ لێکەوتەیەکی یاسایی دروست ناکات و جێ بەجێ نابێت.

** هەڵوەشاندنەوەی قانون..

قانونی هەڵبژاردنی کوردستان و قانونی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەم بریارەی دادگای فیدراڵی بێت کەواتە دەسەڵاتی پەرلەمانە و کەواتە قانونی نەوت و گازی هەرێم هەڵنەوەشاونەتەوەو بەکارن. هەروەها بریاری دورخستنەوەی حەلبوسیش دووبارە شایەنی راوەستان و گەرانەوەیە. پرسیارێکی گرنگ، لە نێوان دوو بریاری جیاوازی دوو دادگادا، کار بە کامیان دەکرێت؟لە راستیدا ئەمەیان هیچ بەندێکی دەستوریی ،یان یاسایی روون و ئاشکرا نیە ، هەتاوەکو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. بەڵام رەوایەتی ئەو قانونانەی کە لەسەرەوە باسمکرد گەراونەتەوە. دەرگای کێشەیەکی تر بە کراوەیی کراوەتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP