دواین هەواڵ

مافی بەغدایە بمانکوژێت

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

29/03/2024

هەمیشە دووبارەمکردۆتەوە (کوردی قوربانی) عاشقی (جەلاد)ەکەیەتی، تەماشای نەتەوەکانی دیکە بکەن، دەرئەنجامەکانی کۆمەڵکوژی و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییەکانی دواتریان (ڕواندا) بەنموونە لە ساڵی ١٩٩٤ ڕواندا یەکێک لە دڕندانەترین جینۆسایدەکانی مێژوو بەخۆیەوە بینی، نزیکەی ٨٠٠ هەزار توتسی و هوتۆی میانڕەو تەنها لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا سەربڕدراون. دوای جینۆسایدەکە، ڕواندا ڕووبەڕووی ئەرکی مۆنۆمێنتال بووەوە کە بریتی بوو لە دەست پێکردنەوەی ژیان لە نێوان ڕزگاربوانی توتسی و تاوانبارانی هوتۆ، بەهەمان شێوەی کورد لە دوای 2003 بونیادنانەوەی عێراق لە نێوان کوردو بەغدا.

ئەوەی لە ڕەوانداییەکان بەدەرکەوت زیاتر لە گرێی دەروونی تەدابیربوو لە بکەر، لە جەلاد، چونکە ئەو زەبر و دوژمنایەتییە ڕەگداکوتاوەی کە لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەوە هاتبووە ئاراوە، وایکرد کە ڕواندا تەدابیرو ڕێوشوێنی خۆپاراستنی مەزن لەگەڵ گەلانی دراوسێدا ڕەچاو بکات. سەرکردەکان و هاوڵاتیانی ڕواندا بەردەوام لەگەڵ هەستی خیانەت و بێمتمانەیی بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ کە لە کاتی دڕندەییەکانی ساڵی ١٩٩٤دا هێزە ئەنجام دەرەکانی جینۆسایدەکانیان لەخۆگرتبوو ڕووبەڕوودەبوونەوە. ئەم هەستەی خیانەت و لاوازی، خواستی ڕواندای بۆ خۆپاراستن و پێویستی دڵنیایی لەلایەن گەلانی دراوسێیەوە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی لە داهاتوودا پەرەپێدا.

ڕواندا ئاشتی ڕەت نەکردەوە، بەڵام هەوڵی داوە لایەنی ئەمنی خۆی بەهێز بکات و هاوپەیمانی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی خۆی لە هەڕەشە دەرەکییەکان. ڕواندا بە یەکەمایەتیدان بە ئاسایشی خۆی و داوای لێپرسینەوە لە گەلانی دراوسێ، هەنگاوی چالاکانەی ناوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی.

لە نموونەی کوردستان و ڕەوانداوە لەوەتێدەگەین کە

قوربانی و ئەنجامدەرانی جینۆساید بە قووڵی لە تۆڕێکی ئاڵۆزی داینامیکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مێژووییدا تێکەڵ بوون کە تێکەڵ بوونەکە پەیوەندی و ئەزموونەکانیان لە قاڵب دەدات.

ئەوەی بۆ من مایەیی سەرنجە لە ململانییەکانی ئەم دواییەدا بەشێک کە ژمارەیان کەم نەبوو لە ئەندام پەڕلەمانەکانی کورد لە بەغداد لە ئاست نزمترین پەیوەندیدا بوون لەگەڵ جەلادەکەیان.

چونکە لە ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران مسرور بارزانی و وەستانەوەی بەرامبەر جەلادەکان دروستترین ڕێوشوێنی ستۆپکردن بوون بەجەلاد.

ئێمە لە مێژووی گەلاندا دیتمان کە زۆرجار قوربانیانی جینۆساید لەگەڵ هەستکردن بە توڕەیی و ناڕەزایی و بێمتمانەیی بەرامبەر بە ئەنجامدەرەکانیان و ئەو کەسانەی کە پشتگیری یان تەسلیمی جینۆساید بوون، بەپێچەوانەوە ئەم کوردانەی ئێمە لە بەغداد باوەش بەجەلادەکەیاندادەکەن ،بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری دەروونی جینۆساید لە تاکە ڕزگاربووەکانەوە تێدەپەڕێت بۆ تەواوی کۆمەڵگە و بۆ نەوەکان دەگوازرێتەوە دواجار کۆمەڵگەکە بەگشتی ڕکی لە ئەنجام دەران دەبێتەوە، لای کوردەکان بێ لایەنگری جگە لە پارتی و سەرکردایەتی بارزانی ئەوانی دیکە هەوڵ دەدەن تەواوی کۆمەڵگەی جێنۆسایدکراوی کوردستان لەگەڵ جەلاد ئاشت بکەنەوەو تەنانەت بۆ ناوچەکانی کەرکوک و شوێنی دیکە جەلادیان هێنایەوەو لە هەندێک ناوچە ڕەفتارەکانیان دووبارەکردەوە. ئەندام پەڕلەمانەکانی کورد لەبەغداو لە کوردستانیش لە هەوڵی خۆیاندان ناسنامەی گروپەکان (جەلادو قوربانی) دابڕێژێنەوەو کاریگەری لەسەر هەڵوێستەکان بەرامبەر بە گروپە نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەدژی ڕاستینەی مێژوو دروست بکەنەوە.

لە زۆربەی شوێنەکانی دنیا ئەنجامدەرانی جینۆساید لەوانەیە کۆمەڵێک میکانیزمی دەروونی پیشان بدەن بۆ پاساوهێنانەوە و عەقڵانیکردنی کردەوەکانیان، بۆنموونە لەسەرەتای بەرپەرچدانەوەی ئیسڕائیل بۆ کردەوەکانی حەماس وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ڕایگەیاند غەززەییەکان کۆمەڵێک حەیوانن بۆیە ئاو وخۆراکیان لەسەر دەبڕین، لە عێراق عەرەبەکان کوردیان بە دڕندەو یاخی و تێکدەر ناودەبرد دەیانکردە بەرخی قوربانیکردن و پەروەردەکردنی ئایدیۆلۆژی لە لوتکەی ڕۆڵی خۆیدابوو. دواجار تاوانباران بە ناشرینکردنی گروپی قوربانییەکان خۆیان لە کاریگەرییە ئەخلاقییەکانی توندوتیژییەکانیان دوور دەخەنەوە.

ئەوەی نوێنەری هەڵبژێردراوی کورد بەکوردی کرد ڕێک سازکردنەوەی زەمینەی جینۆسایدێکی دیکەیە، بەغدایەکی جوان و کوردستانێکی ناشیرن، میللەتی زاڵمی کوردستان و مەزڵومی بەغداد و بەسڕە، چونکە گوایە کورد و پاشماوەی ئەنفال لە دەرامەتی بەسڕە دەبات ئەم وێنەیەیە کە کورد خۆی دروستی کردوە.

بە تێپەڕبوونی کات، تاوانباران لەوانەیە تووشی ناتەبایی مەعریفی ببن کاتێک ڕووبەڕووی واقیعی کردارەکانیان و مرۆڤایەتی خۆیان دەبنەوە. ڕەنگە هەندێکیان لەگەڵ هەستکردن بە تاوانباری، شەرمەزاری، یان پەشیمانیدا بجەنگن، لە کاتێکدا هەندێکی تر بۆ سەرکوتکردنی لێپرسینەوە خەریکی ئینکاریکردن یان پێداچوونەوەگەری بن لە عێراق پێچەوانەکەی ڕوویدا چونکە ئەندامانی هەڵبژێردراوی کورد خۆیان وایان کرد جەللاد هەست بەشانازی بکات.
لە ڕووی میراتی دەروونیی ئەنجامدانیش دەتوانین لە ترۆمای نێوان نەوەکاندا بیدۆزینەوە چونکە منداڵ و نەوەی تاوانباران یادەوەری و گێڕانەوەی کۆمەڵەی باوباپیرانیان بە میرات دەگرن و ناسنامە و جیهانبینیەکانی خۆیان لە قاڵب دەدەن و منداڵانی ئێمەش ڕاهێنراون جارێکی دیکە بەرخی قوربانی کە شایەنی کوشتنە ببێت.

لەوانەیە هەندێک پییان وابێت داینامیکی پەیوەندی و ئاشتەوایی فەرامۆش کراوە ، ئاشتەوایی نێوان قوربانی و جەلاد پرۆسەیەکی قووڵی چالاکە کە پێویستی بە داننان بە هەڵەکانی ڕابردوو و لێپرسینەوە و هاوسۆزی هەیە. ڕەنگە قوربانییەکان کێشەیان هەبێت بۆ لێخۆشبوون یان ئاشتبوونەوە لەگەڵ تاوانبارانیان، لە کاتێکدا تاوانباران ڕەنگە بەرەنگاری دانپێدانان بە تاوانباری خۆیان بن یان بەشداریکردن لە قەرەبووکردنەوەی ماناداردا بەڵام لە عێراق پێویست نییە هیچ ئەمانە ڕووبدەن چونکە بەشی زۆری کوردەکان ئەسڵەن هاوکێشەی قوربانی و جەلادیان بۆ گرنگ نییە، دەمیکە بە عەرەب دەڵێن ئێوە حەق و کورد ناحەقن دەمێکە گوتویانە وەرن ئەوانی ماویشن زیندانیان بکەن، دەمیکە کورد بە بەغداد دەڵێت ئێوە خاوەنی مافن وەرن بمانکوژن.

دروستکردنی متمانە زۆر گرنگە بۆ پەروەردەکردنی ئاشتەوایی، بەڵام زۆرجار پێویستی بە کات و هەوڵ و پابەندبوونێکی بەرچاوە لەلایەن هەردوو لایەنەوە هەیە، کورد ئەم هاوکێشەیەیی وێرانکرد، بە تاوانبارانی گوتی گفتوگۆ، گێڕانەوەی ڕاستییەکان و داننان بە مرۆڤایەتی هاوبەش لە ئارادانییە چونکە ئێوە ئێمەتان کوشتوەو ئێستەش دەتوانن بمانکوژن.

دەستێوەردانەکانی دەرەکی، وەک کۆمیسیۆنەکانی ڕاستی، بەرنامەکانی قەرەبووکردنەوە و دەستپێشخەرییەکانی ئاشتەوایی بنەڕەتی، ناتوانن ڕۆژێک کارێک بکەن چونکە عێراق چییەکان زوو پێیان دەڵێن کڕیارو فرۆشیار ڕازی بێت" تاپۆ حەقی چییە".

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP