ئەو شکستە گەورەیەی کە ڕژێمی عێراق لە ١٩٩٠/٨/٢ دوای داگیرکردنی ووڵاتی کوێت دوچاری هات دەرفەتێکی زێڕینی بۆ گەلانی عێراق بەگشتی و گەلی کوردستان بەتایبەتی ڕەخساند کە دژ بە ڕژێمی عێراق ڕابپەڕن و کۆتای بە زوڵم و ستەم و داگیرکاری دەیان ساڵەی ئەو ڕژێمە بهێنن، ئەوەبوو ٣٣ ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژی ٥ ئازاری ١٩٩١ یەکەم زەنگی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە لێدرا, کە جەماوەری شاری ڕانیە بە یارمەتی بەرەی کوردستانی توانیان تەواوی دامودەزگا و هێزە سەربازیەکانی ڕژێمی بەعس لە شارەکە ڕا بماڵن و شارەکە ئازاد بکەن ئەمەش هانی ناوچەکانی دیکەیدا تاکو ڕووبەڕووی ڕژێمی بەعس ببنەوە، لەماوەی ١٧ ڕۆژدا تەواوی کوردستان لەدەست ڕژێمی داگیرکاری بەعس ڕزگارکرا.
قۆناغەکانی ڕاپەڕین:
١- دەستپێکی ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیە.
٢- ڕاپەڕینی دەشتی پشدەر و بتوێن و بازیان لە ٦ی ئازاری ١٩٩١.
٣- ڕاپەڕینی شاری سلێمانی لە ٧ی ئازاری ١٩٩١.
٤- ڕاپەڕینی دەوروبەری شاری سلێمانی لە ٨ی ئازاری ١٩٩١.
٥- ڕاپەڕینی شاری کۆیە و شەقڵاوە لە ٩ی ئازاری ١٩٩١.
٦- ڕاپەڕینی تەقتەق و مەسیف و ڕەواندز و هەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسور و قەرەهەنجیر و ئاغجەلەر لە ١٠ی ئازاری ١٩٩١.
٧- ڕاپەڕینی شاری هەولێر لە ١١ی ئازاری ١٩٩١.
٨- ڕاپەڕینی مەخمور و ئاکرێ و شێخان و خانەقین و جەلەولا لە ١٢ی ئازاری ١٩٩١.
٩- ڕاپەڕینی شارەکانی زاخۆ و پردێ و جەبارە و کوڵەجۆ لە ١٣ ئازاری ١٩٩١.
١٠- ڕاپەڕینی شاری کەرکوک وەکو دوا قۆناغی ڕاپەڕین لە ٢١ ی ئازاری ١٩٩١.
دەرەنجامەکانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ ی گەلی کوردستان:
١- یەکگرتووی و یەکڕیزی تێکڕای پارتە سیاسیەکان و هاوڵاتیانی کوردستان بەتەواوی نەتەوە و ئاینەکانەوە لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکار و سەرکوتکەری بەعس.
٢- ڕاماڵینی تەواوی دامودەزگا و سوپا و پۆلیسی ڕژێمی بەعس لە کوردستان.
٢- دوای چەند ڕۆژێک لە کۆتایهاتنی ڕاپەڕین حکومەتی بەعس بۆ داگیرکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان بە هێزێکی بێ شومارەوە هێرشی کردە سەر کوردستان، لەبەر ئەوەی گەلی کوردستان نەیدەویست دووبارە بچێتەوە ژێر ڕکێفی ڕژێمی بەعس و لەترسی دووبارە بوونەوەی تراژیدیای ئەنفال و کیمیاوی بارانکردنی هەڵەبجە بەبێ هیچ خۆ ئامادەکردنێکی پێش وەختە بڕیاریدا زێدی خۆی لە شار و شارۆچکە و گوندەکان جێبهێڵێت ڕووبکاتە سنورەکانی ووڵاتی ئێران و تورکیا و ناوچە شاخاویەکان، کە ئەمەش بووە هۆی دەستپێکی تراژیدیایەکی نوێی گەلی کوردستان کە بە گەورەترین کۆچی ملیۆنی گەلی کوردستان دادەنرێت لە مێژوودا.
٣- گەیشتنی زوڵم و ستەم و هاوار و ناڵەی گەلی کوردستان بە گوێی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لە ٥ی نیسانی ١٩٩١ بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی زوڵم و ستەم و مەینەتیەکانی گەلی کوردستان بکات و بڕیارێکی مولزەم کە بە بڕیاری (٦٨٨) ناسراوە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان دەربکات کە هێلی ٣٦ ناوچەی دژەفڕینی دیاریکرد و ڕژێمی عێراقی پابەند کرد بە کشانەوەی بۆ دەرەوەی هێلی ٣٦ و نەبەزاندنی ئەو سنورە.
٤-. سەرکردایەتی سیاسی کورد ئەم دەرفەتە زێڕینەی هەر زوو قۆستەوە، ئەوەبوو لە ١٩٩٢/٢/١٩ لە پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانی ئەنجامدا و هەر لە هەمان ساڵدا بڕیاری فیدڕاڵی لە چوارچێوەی عێراقدا پەسەندکرد، گەرچی لە سەرەتادا کوردستان وەکو هەرێمێکی نا دەوڵەتی لەلایەن حکومەتی عێراق ووڵاتانی هەرێمی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕەت کرایەوە ، بەڵام زۆری نەبرد هەرێمی کوردستان بوو بە ئەمری واقیع و زۆربەی ووڵاتان دانیان پێدانا، ئەمەش بووە سەرەتایەک بۆ خۆ بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستان لەلایەن گەلی کوردستان خۆیەوە.
دوای ٣٣ ساڵ لە تێپەڕبوونی یەکەمین ڕاپەڕینی گەلی کوردستان هێشتا مەترسی و هەڕەشەکان بۆسەر گەلی کوردستان کۆتاییان پێ نەهاتووە بەڵکو لە ئێستادا مەترسیەکان بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان جدی و ڕاستەقینەن گەر بە هەمان ڕوحیەتی ڕاپەڕین پێکەوە هەموو لایەنە سیاسیەکان و تەواوی گەلی کوردستان بەرەنگاری ئەو هەڕەشە و مەترسیانە نەبینەوە ڕەنگە ئایندەیەکی چاوەروان نەکراو و نادیار ڕووبەڕووی هەرێمەکەمان و گەلی کوردستان ببێتەوە.