دواین هەواڵ

پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ لە عێراق ماوەتەوە ؟

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

مێژوو 23 ساڵەى عێراقى دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس و هەوڵەکانى پارتى وبارزانى بۆ بۆنتاتنانى عێراقێکى نوێى لە سەر بنەماى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى ، هەڵدانەوەى لاپەرەیەکى نوێ و سڕینەوەى پەردەى ڕەشى دیکتاتۆرى و تاکڕەوى فاشیزمى لە رابردوو و ئێستاشدا دیارو بەرچاوە ، بەشێوەیەک هەموو ئەو دژایەتى و پەلاماردانانەى بۆ سەر پارتى و بەتایبەتى سەرۆک مسعود بارزانى کراوە و دەکرێت ، بۆ ئەو راستییەیە ، ڕێگرى کردووە لەوەى تاقم وگروپە فاشیزمە تایفى و مەزهەبییەکان جارێکى تر بە زێهنیەتى تاکڕەوانە و دیکتاتۆرییانە مامەڵە بکەن ، پێشهات و ڕووداوێک کە ئەمڕۆ زۆر بە ئاسانى هەمووان درکى پێدەکەن ، دەسەڵاتى عێراقى گەیاندۆتە کەناڕى هەرەسهێنان و شەڕوگرژى و ئاڵۆزى ،بەشێوەیەک  رۆژ بە رۆژ هەموو سەروەت و سامان و سەروەییەکانى بەهۆى ئەو بەڕێوەبردنە شکستخواردوو و هەروەها دەستوەردانى دەرەکى و زاڵبوونى گروپ و میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان لەدەستداوە و بەرەو لاوازى و تونێڵێکى تاریک هەنگاو ناوە 

هەوڵە بەردەوامە کانى پارتى و بە رابەرایەتى بارزانى بۆ ڕێگریکردن لە شکستهێنانى پرۆسەى سیاسى و حکوومڕانى و فیدراڵى و دەستوور بەردەوامە ، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار ڕووبەڕووى هێرش وپەلاماردان و فشارى گەورە بووەتەوە ، چونکە عێراق جگە لەوەى حکوومەتێکى لاوازى لە بەغدا هەیە ، لە هەمانکاتیشدا حکوومەتێکى سێبەریش هەیە لە ژێر هەژموونى دەرەکى و میلیشیا و تاقمە نایاساییەکان بەڕێوەى دەبەن ، 

لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵۆزییە سیاسى ونائارامییانەى لە بەغدا دەگوزەرێت ، پارتى هەمیشە هۆشدارى داوە ، بەشداریکردنیشى لە نێو پەرلەمان و پرۆسەى سیاسى و حکوومەتى بەغدا ، وەک ئەرک و مافێکى نەتەوەیی زانییووە ، ئەوەش وەک هێزێکى سیاسەى یەکەم لەسەر ئاستى هەموو عێراقدا ،هەردەم خۆى بە بەرپرسیار زانییووە ، بەرگرى لە دیموکراسى و فیدڕاڵى عێراق و مافى گەلان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و  ئایینزاکانى بکات ، لە هەمان کاتیشدا هەموو بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمانى کورد کە نێو دەستوورى هەمیشەیی عێراقدا جێگرکراوە بەرگرى لێبکات و بیپارێزێت 

پارتى دیموکراتى کوردستان ، بە ڕابەرایەتى سەرۆک بارزانى ، هەمیشە لە سەنگەرى پێشەوەى بەرگریکردن بووە لە دیموکراسى فیدڕاڵیزم لە عێراقدا و باوەرى وابووە دەبێ عێراق لەسەر بنەماى هاوسەنگى و سازان و هاوبەشى بەڕێوە ببرێت ، لە پێناوەشدا باجى زۆرى داوە و هەمیشە بەرگریی لێکردووەو بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو تاقم و میلیشیایانەى کە باوەریان بە دیموکراسى و فیدڕاڵى و دەستوور نییە ،هەمیشە لە بەغدا  بە زۆرینەى سیاسى و تایفى پرسەکانیان تێپەڕاندووە نەک بە سازان و گفتوگۆ وهاوبەشى ولێکتێگەیشتن 
بەدڵنییاییەوە ،هەنگاوەکانى پارتى بۆ هەڵپەساردن و بەشداری نەکردن لە پرۆسەى سیاسى و پەرلەمان و حکوومەت مافێکى رەوا و هەنگاوێکى زۆر دەستوور و دیموکراسیانەیە ، بۆ ئەوەى دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق درک بە هەڵە گەورەکەیان لەبەڕێوەبردنى تاکڕەوانە بکەن و چونکە ئەو ئاڕاستەیەى عێراق پێدا دەروات ، بەرەو تونێڵێکى تاریک و تاکڕەوى و قوڵکردنەوەى ململانێیەکان و نەمانى متمانە و شەڕ و ئاڵۆزییە ، نەک ڕاستکردنەوە و پابەندبوون بەدەستوورو فیدراڵى 

هەنگاوەکانى دەسەڵاتدارانى عێراق لەماوەى چەند ساڵى رابردوو ئاماژەن بەوەى کە عێراق باوەرى بە مافەرەواکانى گەلى کورد نییە و نایەوێت پابەندى مافە دەستوورییەکان بێت ، چونکە ئیتر لە نێو پەرلەمانى عێراق بە سیاسەتى زۆرینەى تایفى ومەزهەبى دژایەتى گەلى کورد وقەوارەى هەرێمى کوردستان دەکرێت ، لەهەمانکاتیشدا هەندێک لایەنى زمان کوردیش پشتیوانى ئەو تاقم و گروپانە دەکەن کە دژى مافەکانى گەلى کوردن و دیانەوێت کوردیش لە دژى خۆیان بەکار بهێنن و یانیش بێ کاردانەوە لە نێو پەرلەمان بمێێنەوە 
بەدڵنییایەوە ، پارتى دیموکراتى کوردستان هەمیشە هەڵگرى ئەرک وبەرپرسیاریەتى مێژووییە و هەرگیز بۆ هیچ دوژمن ونەیارێکى کۆڵى نەداوە ؛ لەهەموو قۆناغەکاندا جێگەى متمانەى گەلى کورد بووە ، بۆیە هەمیشە لە بەغدا کاتێک گەلى کوردو هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى هەڕەشە و ستەمکارى بووەتەوە ، ئەوا بەهەموو توانایەکەوە بەرگرى لە مافى رەوا دەستوورییەکانى گەلى کورد کردووە 
ئێستاش پارتى زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات و تا ئەو کاتەى گشت هێزولایەنە عێراقییەکان و بەتایبەتى ئەوانەى باوەریان بە دەستوور و فیدڕاڵى و دیموکراتى و مافەکانى گەلى کورد نەبێ ، لە ژێر هەژموونى دەرەکى بە سیاسەت و درۆن و مووشەک پەلامارى کوردوکوردستان بدەن ،ئەوا ناگەڕێنەوە بۆ عێراقێک لە سەر بنەماى فیدڕاڵى و دیموکراسى و دەستوورى بونیاتنراوە و ئێستا ئاراستەکەى بەرەو تاکڕەوى و میلیشیایی و تایفەگەرى و فاشیزمى گۆڕاوە ، ئەوەش وادەکات کە عێراق بەرەو نەهامەتى و دیکتاتۆرى و هەڵدێر و هەرەسهێنان ببات 

مێژوو گەواهیدەرە ، پارتى  هەرگیز لە پێناو دەستکەوتى کەسى و حزبى کارى نەکردووە و هیچ هەنگاوێکى نەهاویشتووە ،بەڵکو وەک هێزێکى گەورە و کاریگەر نوێنەرایەتى گەلى کوردستانى کردووە و لەهەمان کاتیشدا بەرپرسیاریەتى نیشتیمانى و نەتەوەیی هەڵگرتووە ، پارتى هەرگیز دیکتاتۆرییەت و هەڕەشەکردن و تاکڕەوی قبووڵ ناکات ، باوەرى تەواوى بە گفتوگۆ و چارەسەرى پرسە هەڵواستراوەکان هەیە لە پێناو پارێزگاریکردن لە عێراقى فیدڕاڵى و دەستوورى ودیموکراسى بۆ ئەوەى سەقامگیرى و متمانە بەرقەرار بێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP