دواین هەواڵ

سادەترین شت کە نەدەبو روبدا

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

4 کاتژمێر پێش ئێستا


چیرۆکی مەرگی  غەزاڵ مەولان لە نێوان چەند خەستەخانەیەکدا هەر لە برینداری تا شەهید بون هێشتاش کەمترین قسەی لەسەر نە کراوە.
پێم سەیرە هەندێک هەر لە ئێستاوە مێشکیان دێشێ و داوای  بێدەنگ بون دەکەن  لە کاتێکدا  هێشتا هیچ قسەیەکی جدی لەسەر ئەو روداوەی کە نەدەبو روبدا، نەکراوە.
بێدەنگ بونی چی لە کاتێکدا ئەسڵەن هەر هیچ نەوتراوە.
 هیچ نەوتراوە ، لەسەر ئاستی چەندێتی نا، بەڵکو لەسەرئاستی چۆنایەتی و جەوهەریی.
بێگومان ئێمە زۆرکات بۆ زۆربەی بابەتەکان  هەرواین،  لە ئاستی چۆنایەتی  کەمترین قسەو لە ئاستی چەندێتی زۆرترین قسە ئەکەین. 

چیرۆکی مەرگی غەزاڵی بریندار دەبێ ڕاچڵەکێنەربێ..
دەبێ بمانخاتە سەر ئەو باوەڕەی کە بەڵێ خەلەلێکی زۆر گەورە لە ئارادایە .
خەلەلێک  کە وای کردوە  رۆحی ئینسانی کورد  لە پێشینەی ئامانجەکانمان  نەبێ تەنانەت لە خستەخانەشدا!
 بۆیە ئەمەی کە رویدا دەبێ قسەی گەورەی لەبارەوە بکرێ،  واتە ئەمە بکرێتە بیانو تا بەهۆیەوە قسە لە شێوازی بیرکردنەوە و سیاسەت و ئیدارە و ئایدۆلۆژیاو ئەخلاق و زۆر شتی ترمان بکەین.
قسە کردنێکی قوڵ لە ئاستی هزری و فەلسەفی.
بێگومان من دەزانم چەند ساڵێکە  ئەم جۆرە خوێندنەوەیە بۆ روداوەکان  بەهۆی سۆشیالمیدیاوە باری کردوە.
 بە پێچەوانەی دەیەی پێشوتر کە هەمیشە بۆ خوێندنەوەی پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێمە دەستەبژێرێکی هزرەوانی مەعقول خوێندنەوەی قوڵی خۆیان دەخستە ساحەکەوە و خوێنەرێکی بە پەرۆشی پرسیارکەریش ئەو خوێندنەوانەیان وەردەگرت.
 ئێستا ئەو هاوکێشەیە گۆڕاوە بێدەنگیەکی ترسناکی عەقڵیی لە ئاست دۆسیە گەورەکاندا باڵی بەسەر کۆمەڵگاکەماندا کێشاوە . 
 بەڵام هەرچۆن بێت هەر  ناچارین بۆ مەرگێکی لەم شێوەیە  داوای خوێندنەوەی قوڵ بە رەهەندە جیاوازەکانیەوە بکەین.
 رەهەندی ئەخلاقی، سیاسی،  تێکشکانی رۆحی ، زاڵبونی لۆجیکی تەسلیم بون.
تەسلیم بون بە بیرۆکراتیەتی ئیداری،  تەسلیم بون بە نەیارەکان ،هەستکردن بەوەی دوژمن هەمیشە چاوی بەسەرتەوەیە و هەرچی ئەو ویستی دەبێ تۆ وا بکەیت! واتە بە خودا کردنی دوژمن والعیاز بالله. ئەمەش هیچ نیە جگە لە فۆبیایەکی دەرونی کە بە لۆجیکی ترسنۆک و دنیا ویستەکان جوان کراوە 
ئینجا  ئەم فۆبیایەت لێ ببێتە سیاسەتی حەکیمانەو ناوی بنێی واقیعی بون!
ئیتر ئا ئەم دۆخە تێکشکاوەیە  وا دەکات مرۆڤ ، دەزگا، ئیدارە ، لە ئاست سەرەتایی ترین ئەرکی خۆیاندا  شکست بێنن. 

لە ڕاستیا چیرۆکی  مەرگی غەزاڵ مەولان ئەوەندە نائاساییە ئەگەری بونی چیرۆکێکی هاوشێوە لە رابردوا یا دوبارەبونەوەی لە داهاتوا نزیکە لە سفر ..چونکە نەبوە بریندار چارە نەکرێ 
هەمو ئەو قسانەش کە دەڵێن بەعس پێشمەرگەی برینداری تیمار دەکرد یا ئەگەر غەزال ببرایەتە باشماخ چارە دەکرا ئینجا (ئیعدام دەکرا !) هەمو ئەمانە قسەی زیادەن 
زیادەن چونکە تیماری بریندار لە ئەلفو بێی ئەخلاقی جەنگ و ململانێیە لە هەمو دنیا .
زیادەن چونکە لەهەر جێگەیەکی دنیا ئەو بابەتە هەر وایە.
بەڵام کارەساتیشە چونکە ئێمە لە شەوێکدا  وامان لێهات نەمانتوانی سادەترین و سەرەتایی  ترین نۆرمی ئەخلاقی جێ بەجێ بکەین بە بیانوی سەیرو سەمەرە و ئێستاش داوای بێدەنگ بونمان لێدەکەن .  

بەڵام بێگومان لە هەر جێگایەک شتێکی ئاوا روبدات عەقڵەکان ڕادەچڵەکێن   و ڕاشکاوانە دەکەونە  گفتوگۆ .ئەمە بۆ رویدا؟ 
دادگاکانیش دەرگاکانیان دەکەنەوەو. رای گشتی ناسرەوێ تا راستی دەردەکەوێ و کەمتەرخەم و تاوانبار بە دادی هەقی خۆی دەگات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP