بەشی حەوتەم
لە بەشەکانی پێشووتردا باسمان لە پەیماننامەی سیڤەر کرد، هاوکات باسمان لە ڕۆڵی کورد، ڕۆڵی یەکێتیی سۆڤیەت، ڕۆڵی مستەفا کەمال و کەمالیستەکان، ڕۆڵی فەڕەنسا و ئیتاڵیا و یۆنان کرد. لەم بەشەدا باس لە ڕۆڵی بەریتانیا دەکەین کە لەو ئانوساتدا گەورەترین و کاریگەرترین بکەر بوو لە ناوچەکە و جیهاندا، بۆیە بە گرنگی و بە دوورودرێژی تاوتوێی ڕۆڵی بەریتانیا دەکەین.
لە ناوەڕاستی ١٩١٨ دا هێزەکانی بەریتانیا گەیشتنە سنوورەکانی ویلایەتی موسڵ و شاری کەرکوکیان لە مایسی هەمان ساڵدا داگیرکرد. عوسمانییەکان پێش کشاندنەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکە مەلیک مەحمود وەک حاکمی سلێمانی دەستنیشان دەکەن. مەلیک مەحمود نامەیەک بۆ نوێنەری باڵای بەریتانیا لە عێراق، ئارنۆڵد ویڵسن، دەنێرێت کە تێیدا داوا لە بەریتانییەکان دەکات کە "حکومەتێکی کوردی لە ناوچەی سلێمانی" بە سەرۆکایەتی ئەو لەژێر چاودێری بەریتانییەکان، واتە ئینتیداب، دامەزرێنن. مەلیک مەحمود لەگەڵ بەریتانییەکان ڕێکدەکەوێت و وەک حوکمداری کوردستان دەستنیشانی دەکەن بەڵام ئەو داوا لە بەریتانییەکان دەکات کە دەوڵەتێکی کوردی لەژێر ئینتیدابی ڕاستەوخۆی خۆیان دامەزرێنن کە هەموو ناوچەکانی باشوری کوردستان و هەندێک دەڤەری باکوری کوردستانیش لەخۆبگرێت. بەڵام، بەریتانییەکان هێشتان لەنێو خۆیاندا لەسەر چارەنووسی باشور و باکوری کوردستان ڕێکنەکەوتبوون، بۆیە داواکارییەکە ڕەتدەکەنەوە. ئیدی لە نیسانی ١٩١٩ مەلیک مەحمود کۆنترۆڵی سلێمانی دەکات و ئاڵای بەریتانییەکان دادەبەزێنێت و لە جێگەیدا ئاڵای کوردستان (ئاڵای مەلیک مەحمود) بەرزدەکاتەوە. بەریتانییەکان لە هێرشێکدا بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی ئاسمانی لە ٩ ی تەموزی ١٩١٩ شێخ دەستگیر دەکەن و دادگایی دەکەن و دەینێرن بۆ مەنفا لە دورگەیەک لە هیندستان.
لەو سەروبەندا، بەریتانییەکان لە لەندەن سیاسەتێکی دیاریکراویان سهبارهت به باشوری کوردستان نەبوو. لەبەرئەوە پرسەکەیان خستبووە ئەستۆی فەرمانبەر و ئەفسەرە بەریتانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە بەسەر دوو گروپدا دابەش ببوون. پێرسی کۆکس، کە جێگەی 'ئارنۆڵد ویڵسن'ی وەک نوێنەری باڵای بەریتانی گرتبۆوە، لەگەڵ خانم گێرترود بێڵ، سکرتێری کاروباری ڕۆژهەڵات، کە داوای لکاندنی باشوری کوردستانیان بە عێراق دەکرد. گروپی دووەم کە لە مەیجەر نۆئیل و مەیجەر یۆنگ و کۆڵۆنێل لۆرانس پێکهاتبوو پێشنیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیان دەکرد. لە کۆنگرەی قاهیرە کە لە ئاداری ١٩٢١ بەسترا، چێرچڵ، وەک وەزیری کۆڵۆنییەکان، کە بە پلە لە هەموویان بەرزتربوو، ئەویش لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بوو لە باشور. لە کۆنگرەکەدا چارەنووسی عێراق دیاریکرا بەڵام لایەنە بەشداربووەکان لەسەر چارەنووسی باشوری کوردستان نەگەیشتنە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە.
بەریتانییەکان دەترسان ئەگەر ئەوان دەوڵەتێکی کوردی لە باشور دروستبکەن و بیخەنە ژێر ئینتیدابی خۆیانەوە ئەوا دەبێت ڕێگە بدەن ئەو دەوڵەتەی کە لە باکور دروست دەبێت بکەوێتە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسییەکان یان نفوزی ئەوان، ئەوەشیان پێ باش نەبوو، بۆیە هەر زوو لە سەپاندنی بڕگە و ماددەکانی پەیماننامەی سیڤەر ساردبوونەوە و دەستبەرداری دروستکردنی ناوچە ئۆتۆنۆمەکەی باکوری کوردستان بوون. بێجگە لە نیگەرانییان لە فەڕەنسییەکان، بەریتانییەکان ئاگاداری گەشە و تەشەنەی خێرای کەمالیستەکانیش بوون لە تورکیا، بەتایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکانی باکور. ئەمەش وایکرد کە ئامانجی سەرەکی بەریتانییەکان ڕێگریکردن بێت لە کەمالیستەکان بۆ نەگەیشتنی دەسەڵاتیان بە ویلایەتی موسڵ و کوردەکانی باشوری کوردستان، بۆیە لە هەر پلانێک لە پەیوەند بە کوردانی باکور وەک ئەوەی لە سیڤەر ئاماژەی پێکرابوو، دەستیانهەڵگرت.
بەپێی ماددەی ٦٤ لە پەیماننامەی سیڤەر دەبوایە باشوری کوردستان لە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لەگەڵ کوردستانی باکور یەکبگرێتەوە بەڵام لەبەرئەوەی بەریتانییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ گرنگیی باشوری کوردستانیان بۆ مانەوە و بەهێزکردنی مێزۆپۆتۆمیا (عێراق) لا زیاتر دەبوو بۆیە هەر لە بنەڕەتدا حەزیان نەدەکرد دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ، سەربگرێت. بۆ ئەم مەبەستەش لە دانوستان و سازان بەردەوام بوون بۆ ڕازیکردنی فەڕەنسییەکان بۆ وازهێنان لەو بەشەی کوردستان کە بەپێی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ لە کوردستانی باشور بەر ئەوان دەکەوت. واشپێدەچێت بەریتانییەکان ئەگەری یەکگرتنەوەی هەردوو پارچەی کوردستانیان لە سیڤەر بۆ ئەوە داڕشتبێ تاوەکو فەڕەنسییەکان چیدیکە هەڵنەکشێن بەناو خاکی کوردان لە تورکیای عوسمانیدا. بە واتایەکی دیکە، واپێدەچێت بۆ بەریتانیا باشتر بووبێت ئەگەر دەوڵەتە کوردییەکەش سەرنەگرێت ئەوا ئەو بەشانە لە خاکی کوردان کە ئێستا کەوتونەتە باکوری سوریا لە بن دەستی تورکە عوسمانییەکان بمێننەوە نەوەک بکەونە دەست فەڕەنسییەکان.
بەریتانییەکان کاتێک بۆیان دەرکەوت کە کەمالیستەکان جێگرەوەی عوسمانییەکانن ئیدی نەیاندەویست زویریان بکەن چونکە دەیانویست بە زووترین کات گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵیاندا بکەن و کۆتایی بەو بارودۆخە نەشەڕ و نەئاشتییە بێنن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. بۆیە کاتێک پێرسی کۆکس پێشنیاری پشتیوانیکردن لە کوردەکانی باکور دەکات تاوەکو فشاری کەمالیستەکان لەسەر یۆنانییەکان لە ئەزمیر و دەوروبەری کەمبێتەوە، بەریتانییەکان لە لەندەن ڕازینەبوون بەو پێشنیارە لەبەرئەوەی پێیانوابوو کە کوردەکان یەکگرتوو نین و ئەمەش ئەرکی بەریتانییەکان سەخت دەکات و ئەگەری شکست زۆرە. لە کۆتایی ١٩٢١، چێرچڵ بە کۆکس دەڵێت ئێمە هێشتان نەمانتوانیوە عەرەبەکان ڕازی بکەین نامانەوێت کوردەکانیش بکەینە بارگرانیەکی دیکە. لەلایەکی دیکە بەریتانییەکان نەیاندەویست ئەزموونی ئەرمەنییەکان دووبارە بکەنەوە، کاتێک کە لەلایەن ڕوسەکان هاندران لە دژی تورکەکان شەڕ بکەن دواتریش پشتیان تێکردن، لەئاکامدا وردوخاش کران. ئەوان دەیانگوت لەوانەیە کوردەکانیش بەهەمان چارەنووس بگەن بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بەبیربهێنینەوە کە دوای شەڕ بەریتانییەکان ئامادەنەبوون جارێکی دیکە پارە و سەرباز بۆ ناوچەکە تەرخانبکەن. هاوکات، پێیانوابوو ئەوکات گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکە کەمالیستەکان سەخت دەبێت چونکە ئەوان دەکات بە نەیارێکی سەرسەخت، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە ماوەیەک بوو بەریتانییەکان دەیانویست مامەڵە لەگەڵ "تورکیایەکی دۆست" دا بکەن.
لە ئاداری ١٩٢٢ بەریتانییەکان بەو قەناعەتە گەیشتبوون کە کەمالیستەکان کوردەکانیان خستۆتە گیرفانی خۆیان، بۆیە هیچ ئومێدێکیان بە کورد لە باکور نەمابوو بۆ بەگژاچوونەوەی کەمالیستەکان. بەریتانیا سەرەڕای ئەوەی کە بە فەرمی، وەک فەڕەنسا، دانی نەنابوو بە حکومەتی کەمالیستەکان و پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە حکومەتەکەی ئەستەمبوڵ نوێنەرایەتی عوسمانییەکان دەکات، کەچی لە لەندەن ڕاستەوخۆ پێشوازی لە نوێنەری حکومەتەکەی ئەنقەرە، یوسف کەمال بەگ، کرد کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی لەندەن لە ئاداری ١٩٢١ دا ئامادەببوو، کە ئەوکات هێشتا ساڵێک تێپەڕنەببوو بەسەر مۆرکردنی پەیماننامەی سیڤەر. هەمان هەڵوێست لە کۆنگرەی قاهیرە بەڕوونی دیارە کە بەریتانیا پشتی لە سیڤەر کردووە و نیازی ئیمزاکردنی پەیماننامەیەکی دیکەی ئاشتی هەیە لەگەڵ تورکیا.
لە کۆنگرەی قاهیرە ئەو کەسایەتییە سیاسی و سەربازیانەی پشتیوانیان لە کەیسی کورد و بە دەوڵەتکردنی باشوری کوردستان دەکرد بە ژمارە زیاتر بوون بەڵام ئەو دوو کەسەی کە لە عێراق باڵادەستبوون، پێرسی کۆکس و گێرترود بێڵ، نەیارانی سەرسەختی بەدەوڵەتبوونی باشوری کوردستان بوون و هەموو هەوڵێکیان لەو پێناوەدا خستەگەڕ، هەر لە چەواشەکردن و دووبەرەکی نانەوە تا دەگاتە فشار و کوشتن و بڕین بۆ لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراق و کەمکردنەوە و بچووککردنەوەی پێگەی کورد. بوونی بارەگای پێرسی کۆکس لە بەغدا و کاریگەریی مەلیک فەیسەڵ و ناسیونالیستە عەرەب و عێراقییەکان و یەکڕایی و یەکهەڵوێستیان لەگەڵ گێرترود بێڵ دەکرێت وەک هۆکار ببینرێن بۆ دیدی لایەنگرانەی کۆکس بۆ عەرەبە عێراقییەکان لە دژی ئاواتەکانی کورد. مەلیک فەیسەڵ بە ڕوونی ترسی خۆی لە نەلکاندنی کوردستان بە عێراقەوە بۆ پێرسی کۆکس دەرخستبوو بەوەی کە دەبێتە مایەی زاڵبوونی شیعەکان لە ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق کە لە ١٩٢١ لە چاوەڕوانی دامەزراندندا بوو. ترسی کۆکس و فەیسەڵ بە لەبەرچاوگرتنی شۆڕشی شیعەکان لە ١٩٢٠، ساڵێک پێشوتر، واقعیانە دێتەبەرچاو.
هەر لە کۆنگرەی قاهیرە، چێرچڵ مکوڕبوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت کوردستان بکرێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ پاراستنی ئەو دەوڵەتەی کە ئەوان لە مێزۆپۆتامیا دا دەیانەوێت دروستی بکەن، ئەو پێیوابوو ئەو دەوڵەتە زۆر پێویستە بۆ پاراستنی مێزۆپۆتۆمیا لە هەر هەڕەشەیەکی تورکەکان و یەکێتیی سۆڤیەت. بەریتانیا نەیدەویست تورکیا بگەڕێتەوە ویلایەتی موسڵ و بەهێز بێت، یان بەهێز دەرکەوێت و بەرژەوەندییەکانیان لە کەنداو و هیندستان بخاتە مەترسییەوە. بۆیە وەک سازانێک لەگەڵ تورکیا پشتی لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کوردان کرد، وەک ئەوەی لە پەیماننامەی سیڤەر هاتبوو بەرامبەر بەوەی کە تورکیا دەستبەرداری ویلایەتی موسڵ بێت.
بەگشتی، لە پەیماننامەی سیڤەرەوە تا پەیماننامەی لۆزان، سیاسەتی بەریتانییەکان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دەهات تا گەیشتە ئەوەی کە هەوڵەکانیان تەنیا لە دیاریکردنی ئەوەدا بێت کە چەندەی کوردستان لەناو تورکیا بمێنێتەوە و چەندەی بە عێراق بلکێندرێ، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە گرنگیی نەوتی ویلایەتی موسڵیان بۆ مانەوە و سەقامگیریی عێراق بۆ دەرکەوت. ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان بەریتانییەکانو تورکەکان، کە دانوستانەکانی لۆزانی لێکەوتەوە.
گفتوگۆکانی لۆزان لە تشرینی دووەمی ١٩٢٢ دەستیپێکرد، ڕێک دوو مانگ دوای ئەوەی کە کەمالیستەکان ئەزمیریان کۆنترۆڵ کرد و یۆنانییەکانیان بەتەواوی دەرپەڕاند. عیسمەت ئینینۆ، ئەفسەرێکی عوسمانی بەڕەچەڵەک کورد، سەرۆکایەتی وەفدی تورکە کەمالیستەکانی دەکرد، ئەمەش بۆ تورکەکان وەک پەیامێک بوو بۆ هاوپەیمانەکان کە کوردەکان لەگەڵ ئێمەن. لە سەرەتادا، کەمالیستەکان پێداگرییان لەسەر گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵ دەکرد و دەیانگوت کورد و تورک هاونەژادن. بەریتانییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ دەستبەرداربوون لە دامەزراندنی دەوڵەتە کوردییەکەی پەیماننامەی سیڤەر دەربڕی بەمەرجێک تورکیا دەستبەرداری ویلایەتی موسڵ بێت. هاوکات، بەریتانییەکان دەستپێشخەری بە ئەندامبوونی تورکیا لە کۆمەڵەی گەلان دەکەن بەمەبەستی دوورخستنەوەی کەمالیستەکان لە یەکێتیی سۆڤیەت کە ئەندام نەبوو تیایدا، بەڵام تورکەکان ڕازی نەبوون.
مەلیک مەحمود ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە نەبوونی نوێنەری کورد لە لۆزان بەڵام بەریتانییەکان دیسان بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی ئاسمانی سەرکوتیان کرد. لە ٢٤ ی تەموزی ١٩٢٣هاوپەیمانەکان لەگەڵ تورکیا پەیماننامەی لۆزانیان مۆرکرد و پرسی ویلایەتی موسڵ خرایە بەردەم کۆمەڵەی گەلان بۆ یەکلاییکردنەوە. بەمەش هاوپەیمانان بە فەرمی دانیان نا بە دەوڵەتی تورکیا. لەبەرامبەردا تورکیا دانی نا بە ئینتیدابی بەریتانیا و فەڕەنسا بەسەر دەوڵەتە تازە-دامەزراوەکانی عێراق و سوریا، ڕەزامەندیشی لەسەر دەسەڵاتی بەریتانیا بەسەر قوبرس و ئیتاڵیاش بەسەر دۆدکەنیس دەربڕی.
پەیماننامەی لۆزان بە یەک وشەش ئاماژەی بە کورد و کوردستان نەکرد، تەنیا داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کردبوو کە "ڕێز لە مافی کەمینەکان بگرن." هەندێکیش ئاماژەی بە مافی زمان کرد بەڵام تورکیا ئەوکات و ئێستاشی لەگەڵدا بێت پشتگوێی خست. بەهەرحاڵ، مەبەست لە کەمینەکانیش کەمینە ئایینییەکانی وەک ئەرمەن و کرستیانەکان بوو نەک کەمینە نەتەوەییەکان، وەک کورد. پرسی ویلایەتی موسڵیش بە قازانجی بەریتانیا و عێراق لە کۆمەڵەی گەلان یەکلاییکرایەوە و باشوری کوردستان بە فەرمی لکێنرا بە عێراق و خەونی کورد لە بەدەوڵەتبوون لەگۆڕنرا.
لە بەشی داهاتوو کە کۆتابەشە، باس لە وانەکانی سیڤەر دەکەم بۆ کورد ئەمڕۆ، بەڵام لەوانەیە تۆزێک دوا کەوێت لەبەرئەوەی کارێکی دیکەم لە پێشە.
ماویەتی