دواین هەواڵ

داهاتووى کوردستان لە عێراق بەرەو کوێ

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

 
بەو پێیەى گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، رۆژ بەرۆژ ئاراستەکەى بەرەو چەسپاندنى نەخشەیەکى نوێیى سیاسییە ، لەئێستادا ودواى 23 ساڵ عێراق لەبەردەم دەرفەتێکى مێژوویی و نوێدایە بۆ رزگاربوون لە بن دەستەیی و هەژموونى وڵاتانى دراوسێ ، بۆیە ئێستا لە سەروبەندى پێکهێنانى حکوومەتى نوێیی عێراق ، گرنگە لەلایەک عێراق خۆى لەو دەوڵەتە سێبەرەى چەنگى میلیشیاکان رزگار بکات و لەلایەکى دیکەش بە خێرایی گەڕانەوە بۆ بنەماکانى فیدڕاڵى ، هاوسەنگى،سازان ، هاوبەشى و پابەندبوون بەدەستووە بەتایبەت چارەسەى کێشە هەڵواستراوەکانى نێوان هەولێر وبەغدا ببێتە رۆژەڤى سەرەکى ، چونکە ئەزموونى چەند ساڵى رابردوو سەلمێنەرى ئەو راستییەیە بە بێ چارەسەرى ماف و شایستەدەستوورییەکانى کوردستان ئەستەمە متمانە و سەقامگیرى سیاسى و ئەمنیش بێتەدى 

بۆیە ، زۆر گرنگە دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەستبەردارى سیاسەتى پەراوێز خستنى گەلى کورد و کوردستان بن ، ڕێگە خۆش بکەن بۆ گەڕانەوەى بۆ دەستوورى و هاوبەشى و ئینجا بەشداریکردنى ستراتیژى و کارا لە پرۆسەى حکوومرانى لە بەغدا ، هەروەها لەوەش گرنگتر بەشداریکردنى گەلى کورد و هێزولایەنە سیاسیەکانى کوردستانە ، ئەوەش بە تەبایی و یەکهەڵوێستى هاوشێوەى ساڵى 2003  و چوونە ناو پرۆسە و جومگەکانى حکوومڕانى لە بەغدا، بە پێچەوانەوە ، هەر کاتێک نێو ماڵى کورد یەکرێز نەبووبێت ، ئەوا دەسەڵاتدارانى بەغدا وەک ساڵانى رابردوو  کوردستانیان پاشگوێ خستووە و مافەرەوا دەستوورییەکانیان پێشڵکردووە، بەڵام بەتەبایی  دەبێتە هێزێکى بڕیاردەر ، ئەوەش وادەکات کە بەغدا ناچار بکات بۆ چارەسەرى هەموو کێشە هەڵواستراوەکان

زەروورەتى بەشدارکردنى کوردستان لە سەر بنەماى جێبەجێکردن و چارەسەرى ڕیشەیی مافە دەستوورییە هەڵپەسێردراوەکان بێت بەتایبەت جێبەجێکدنى مادەى 140ى دەستوورى وەک ئەوڵەویەت و کۆتایی هێنان بە سیاسەتى کات بەفیرۆدان کە دیارە ئامانجەکەى چییە و هەروهها دەستەبەرکردنى ماف و بودجە و مووچە و هەموو شایستەداراییەکانى خەڵکى کوردستان وەک مافێکى رەوا و یاسایی و چیتر وەک کارتێکى فشارى سیاسى دژى هەرێمى کوردستان بەکار نەهێنرێت ، هەروەها وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە مانگى 10ى 2025 پارتى دیموکراتى کوردستان و بەتایبەت سەرۆک بارزانى ، بە دروشمى ( هاوبەشى ،سازان ، هاوسەنگى ) ، کە ئامانج لەم چەمکانە ، بۆ دڵنییاییەوە بەو راستییەى کە جارێکى تر عێراق بەرەو دیکتاتۆرییەت و تاکڕەویی لە بڕیاردان نەگەڕێتەوە و ئینجا مافەرەوا نەتەوەییەکانى گەلى کوردیش پارێزراو بن  
ئەوەى گرنگە بزانرێت ، لەسەروبەندى حکوومەتى نوێی عێراقدا ، کاتێک ئەو حکوومەتە سەرکەوتوو بێت ، متمانەى گەلى کورد و پێکهاتەى سووننەکان بەدەست بێنێت ؛چیتر تەنها  بە بەڵێن و نووسینى سەر کاغەز نەبێت ، بەڵکو دڵنییایی بدرێت بۆ جێبەجێکردنى دەستوور و ڕێککەوتننامەکان ، چونکە گەلى کورد و پێکهاتەکانى دیکەش ئەزموونێکى زۆر خراپیان لەگەڵ حکوومەتەکانى پێشتر لە ماوەى 23 ساڵى رابردوو هەیە ، دەتوانین بڵێن تا ئەم ساتە هیچ متمانەیەک نەماوە ، کۆسپى هەرەسەرەکى لە بەردەم سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو ، دروستکردنى هاوسەنگى لە نێو شیعەکان و ئینجا بەرامبەر ویست و فشارە نێودەوڵەتیەیکانیش ، بۆیە ئەگەر عەلى زەیدى پابەندى بنەمانى سازان بێت و خۆى لە بڕیاردانى تاک لایەنە دوور بکاتەوە ، ئەوا دەتوانێت ببێتە فریادڕەسى عێراق و پێچەوانەکەشى عێراق تووشى بنبەست و قەیرانى قووڵتر دەکاتەوە 
لێرەدا گرنگترین ئەو پرس و مافە دەستوورییەکانى کوردستان کە پێوەستە حکوومەتى نوێى عێراقى فیدڕاڵى جێبەجێیان بکات بریتین لە : 
یەکەم ،، جێبەجێکرندنى مادەدى 140ى دەستوورى و ناوچەکە کوردستانییە داگیرکراوەکان و چارەسەرى و ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکووک بەتایبەتى کە گڕێکوێرەى چەندین ساڵەیە ، کۆتایی هێنان بەسیاسەتى بەعەرەبکردن و راگواستنى کورد و داگیرکردنى موڵ و ماڵى کوردان 
دووەم ،، دەرکردنى یاسای نەوت و غاز بەهاوبەشى لەگەڵ هەرێمى کوردستان ، تا کۆتایی بە هەموو ململانێیەکانى نێوان کوردستان و عێراق بهێنێت ، بەتایبەتى دڵنییاییە لە هەناردەکردنى وزە و چیتر ئەو پرسە وەک کارێتکى گوشار دژى هەرێمى کوردستان بەکار نەهێنرێت .
سێیەم ،، گرنگە گەلى کورد ، بەشدارییەکى کاراوبەهێز بکات ، پێداگرى لە سەر جێبەجێکردنى دەستوور بکات و  واتە شەڕێکى قورس بکات و ڕووبەڕووى هەموو ئەو هەوڵانە ببێتەوە کە دژى بەرژوەندییە باڵاکانى گەلى کورد دەدرێت لەلایەن نەیارانى کوردستانەوە 
چوارەم ،، دەبێ گەلى کورد و بەتایبەتى هێزولایەنەکوردستانییەکان ، ڕێگرى لەهەموو هەوڵەکان بگرن کە ساڵانێکى زۆرە ، هەندێک لایەن کار بۆ گەڕاندنەوەى سیستەمى ناوەندگەڕایی و لاوازکردنى قەوارەى کوردستان دەدەن ، بۆیە بەشداری کاریگەرى کورد وادەکات وەک کارتێکى سیاسى گرنگ بەتایبەتى لە دۆخى ئێستاى ناوچەکە  و جیهان ، پشتیوانى زیاتر بۆ دۆزى کورد بەدەست بنێت و هەرێمى کوردستان تاکە هێزە کە بتوانێت هاوسەنگى دروست بکات و دیموکراسى و فیدڕاڵى عێراق بپارێزێت و لەهەمانکاتیشدا دەسکەوتەکانى بپارێزێت 
لە ئێستادا کوردستان  لەبەردەم هەلومەرجێکى مێژووییە لە عێراقدا ، گرنگە و زەروورەتە ئەم دەرفەتە مێژووییە بە تەبایی و سیاسەت و دیپلۆماسى وردبینانە و گفتوگۆ لە سەر بنەماکانى دەستوور بقۆزینەوە ، چونکە کاتى ئەوە هاتووە گەلى کورد لە نێو عێراقێکى فیدراڵیدا هاوبەشێکى کاریگەر بێت تا وەکو بتوانێت گشت مافەرەوا دەستوورییەکانى خەڵکى کوردستان بەدەست بێنێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP