دواین هەواڵ

“کتێب سوتاندن لە ئیمپراتۆری چیینەوە بۆ سەلوان مۆمیکا”

‌ڕێبین مستەفا

03/07/2023

“ئازادی بێسنور وەک بکوژی ئازادی”

چۆن ئازادی بێسنور سەری خودی ئازادی دەخوات
لیبراڵیزمی ڕۆژئاوایی چی لە ئیسلام و قورئان دەوێت
ئایا ئازادی بێسنور کۆتای بە لیبرالیزمی ئەوروپی دەهێنێت
ئایا دەستبردن بۆ پیرۆزیەکانی 2 ملیار مرۆڤ سەری سوید دەخوات!

*مێژوونووسی گەورەی یۆنانی هیرۆدۆت دەڵێت
” ڕۆژهەڵات ڕۆژهەڵاتە و ڕۆژئاواش ڕۆژئاوایە”

وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا و شارستانیەتی ڕۆژهەڵات جیاوازن و نابن بەیەک، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی شارستانییەکان هەرگیز ناتوانن تێکەڵ بن و ئاوێزانی یەکتری بن،هەرگیز ناتوانن ئەو ڕق و دوژمنایەتییە بەرزەفت بکەن و بیشارنەوە!

ئەوەی کە زیاتر پەنای بۆ سوتاندنی کتێب بردووە شارستانیەتی ڕۆژئاوایە لە هەر کوێ دەرەقەتی ئایدیا و مەزهەبێک نەهاتبێ هەوڵی داوە کتێبەکانی بسوتێنێت!

لەئێستادا لیبراڵیزمی رۆژئاوایی کاتێک لەڕوی ڕۆحی و مەعنەویەوە دەرەقەتی شارستانییەتی ئیسلام نایەت،

دەربایسی ڕۆحانیەتی باڵای ئیسلام و ڕۆژهەڵات نایەت کتێبەکانی دەسوتێنێت،،پەنا بۆ ناشرین کردن و لێدان لە پیرۆزییەکانی دەبات،پەنا بۆ کردەیەکی قێزەون و نا ئەخلاقی وەک سوتاندنی کتێب دەبات!

* ڕەنگە مێژووی کتێب سوتاندن هاوشانی مێژووی نووسینی کتێب بێت، کتێب سوتاندن ڕەگێکی تولانی لەناو مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە،لەمێژە مرۆڤ بۆ سڕینەوە و مەحوکردنی ئاینێک،فکرێک،ئایدلۆجیایەک…هتد پەنا بۆ سوتاندنی کتێبەکانی دەبات،کتێب سوتاندن یەکێکە لەو چەکانەی شارستانییەکان لەدژی یەکتری پەنای بۆ دەبەن،نموونەی کتێب سوتاندن لەناو مێژوودا زۆر زۆرە،

لە ساڵی “212” پێش زایین ئیمپراتۆری چیینی فەرمانی کرد هەموو کتێبەکان بسوتێندرێن،
جەنگیز خان کاتێک هێرشی کردە سەر بەغداد فەرمانیدا هەموو کتێبەکان لەناو ببرێن و بسوتێندرێن!

ڕیوایەت هەیە دەڵێت:بەهۆی دەوڵەمەندی کتێبخانەی بەغداد کاتێک جەنگیز خان فەرمانی کردووە کتێبخانەکە لەناوببرێت،مەرەکەبی سەر کاغەزەکان و پەڕەی کتێبەکان رەنگی ئاوی دەریای گۆڕیوە!

لە سەدەکانی ناوەڕاستیش شەپۆلێکی دیکەی کتێب سوتاندن رۆژئاوای گرتەوە کاتێک ئەوروپییەکان کیشوەری ئەمەریکایان دۆزیەوە قەشە فەرمانیدا هەموو کتێبەکانی شارستانییەتی “مایا” بسوتێندرێن!

هەروەها ئەوروپییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست بەفەرمانی قەشە هەموو کتێبەکانی ئایینە موسایی و یەهودییەکانیان سوتاند!

کتێب سوتاندن تایبەتمەندیەکی زاڵی شارستانییەتی رۆژئاواییە، بەجۆرێک لەزەمەنی حکومی نازییەکان مەراسیمی تایبەتیان بۆ سوتاندنی کتێبی یەهودیەکان و نەیارە سیاسییەکانی سازکردووە،لەو چوارچێوەیەشدا کتێب و توحفەی دەگمەنی شارستانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیان سوتاندووە و لەناوبردوو!

*کتێب سوتاندن کاری مرۆڤی بێ ئارگۆمێنت و ترسنۆکە

کاری خەڵکانێکە قودرەتی وەڵامدانەوەی عەقڵانیەتی کتێبیان نییە،کاری کەسانێکە ناتوانن و دەرەقەتی لۆژیکی پشت کتێبەکە نایەن ،ئیدی بە سوتاندن قەرەبووی ئەم شکست و دۆڕانەی ناو ناخیان دەکەن!

بە سوتاندنی کتێبەکە خۆیان لەو نەخۆشی و کێماسیە دەروونیە قوتار دەکەن کەتێی کەوتوون!
بێ ئاگا لەوەی هەموو کردەیەکی سوتاندنی کتێب رەواج و هەوادار بۆ ئایدلۆژیا و ئایین و کتێبەکە زیاد دەکات

دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئایین و ئایدلۆژیاکە
ڕۆح دەکاتەوە بەبەری ئایدلۆژیا و ئایینەکە

جۆرێک لە یەکگرتن و هاو هەلوێستی و کۆویژدان درووست دەکات کە پێشتر بوونی نەبووە!

بێ ئاگا لەوەی لەو چرکەساتەی کتێبەکە دەسوتێنی ڕەوایەتی بە خوێندنەوە و دووبارە لێکدانەوەی کتێبەکە دەدەیت!

سەلمان مۆمیکا وەک مەسیحییەکی کلدان کاتێک قورئان دەسوتێنێت،کاتێک ڕق و بوغزی دەروونی شێواوی بە قورئانی پیرۆز دەرێژێت بێ ئاگایە لەوەی قورئان دەمێکە خۆی چەسپاندووە!
دەمێکە پیت بە پیتی قورئان لەناو دڵی ملیارەها موسوڵمان جێی خۆی کردۆتەوە!

بێ ئاگایە لەوەی قورئان سوتاندنەکەی دەبێتە هۆی دووبارە بوژانەوە و رۆح کردنەوە بەبەری شارستانیەتی ئیسلامی!

ئەم کارەی سەلمان مۆمیکا دەکرێت خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت،ناکرێت بەتەنها وەک کردەیەکی سوتاندنی قورئان یان کتێبێک ببینرێت
*دەکرێت ئەم کەسە بەکرێگیراو بێت له‌چوارچێوه‌ی ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگیری ئەم کارەی کردبێت

* ده‌كرێت بیه‌وێت ببێته‌ پاڵه‌وان و شۆو درووست بكات ده‌كرێت له‌پشتی ئه‌م رووداوه‌ ده‌روونێكی شێواو كه‌سایه‌تیه‌كی نه‌رگسی بوونی هەبێت

*دەکرێت یاریەکی سیاسی بێت لەنێوان تورکیا و سوید لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی سوید دەیدات بۆ ئەندام بوون لە ناتۆ و ئەو هەوڵانەی تورکیا دەیدات بۆ رێگەگرتن لەو ئەندام بوونە،

*دەکرێت بچێتە خانەی ئەو شەڕە تولانیەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا دژی شارستانیەتی ڕۆژهەڵات دەیکات

نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت دەیان حیزب و دەوڵەت و خەڵکێکی زۆری سیاسی و دەستەبژێر  سەرمایەگوزاری بەم کارە قێزەونەی سەلمان مۆمیکاوە دەکەن و دەیخەنە خزمەتی ئەجێندا و ئایدلۆژیاکانیان،

هەرچی بێت کارە قێزەونەکەی  سەلمان مۆمیکا دەچێتە زبڵدانی مێژوو،دەچێتە ڕیزی ئەو گوناهە گەورانەی مرۆڤایەتی چاوپۆشی لێناکات!

دەچێتە ڕیزی ئەو هەوڵە نەزۆک و ناشیرنانەی خەڵکانێکی تاریکبیر و نەزان دەیدەن بۆ لێدان لە موقەدەساتی ملیارەها مرۆڤ!

لەکۆتایدا دەکرێت بڵێین ئیسلام به‌ته‌نها ئاین نییه‌ به‌ڵكو په‌ناگه‌یه‌كی ڕۆحی و مه‌عنه‌ویه‌ بۆ مرۆڤه‌ ئیمانداره‌كان,

پەناو پەسێوێکی ڕۆحییە بۆ مرۆڤە موسوڵمانەکان
قورئانی پیرۆز دیوە مەعنەوی و ڕۆحیەکەی 2 ملیار مرۆڤە،

بۆیە دەستبردن بۆی جگە لە کارێکی ناعەقڵانی و پۆپۆلیستی، جگە لە هەولێکی نەزۆک و قێزەون هیچی دیکە نییە!

نا بۆ سوتاندنی کتێب 
نا بۆ ناشرینکردنی ئازادی رادەبڕین 
نا بۆ قورئان سوتاندن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP