ئێستا دونیا بە پیاوێکەوە سەرقاڵە کە ناوی شی یان تسی ژینپینگە. شارەزایان و چینناسان فۆکەسێکی زۆریان خستوەتە سەر کەسی شی. بە پێی کێڤن ڕەد، سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا و شارەزای ناسراوی چین، ناسینی کەسی شی ئێجگار گرنگە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای چین. هەندێک هۆکار بونیان هەیە کە ناسینی شی زیاتر پێویست دەکات. یەکەم، دوای ماو، شی ئەو سەرکردەیەیە کە درێژترین ماوە حوکمی چینی کردوەو و دەکات. هەتا پێش هاتنی ئەو عورفێک هەبوو کە هەموو سەرکردەیەک دوو دەورە دەمایەوە، بەڵام ئەو لە کۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمیونیست، کۆتایی بەو عورفە هێنا. دووەم، هیچ سەرکردەیەک پاش ماو هێندەی شی بەهێز نەبوە، ئەم بەهێزییە هۆکاری زۆری لە پشتەوەیە. سێیەم، شی مۆدێلی بەڕێوەبردنی تیمی گۆڕی بۆ بەڕێوەبردنی تاکە کەسیی. ئەمەش لە دەرئەنجامدا شی کرد بە کەسێکی سێنتراڵ.
شی لە باوانێکی ناسراو و خاوەن دەسەڵات هاتوەتە دونیاوە. باوکی یەکێک بوە لە هاوەڵە نزیکەکانی ماو لە ڕۆژگاری شۆرشدا. پاشان لە حکومەتدا خاوەن پلە و پایەیەکی باڵابوو. باوانی شی لە ناو Zhongnanhai دەژیان، ژۆنگانهای ئەو جێگا یان ناوچە تایبەتەیە کە حکومەتی چینی لێیە و حوکمدارەکان لەوێ دەژین. ئەم شوێنە نزیکە لە شاری قەدەغەوە، کە شوێنی مێژویی ئیمپراتۆریەتەکانی چین بوە. بەڵام لە دەستپێکی شۆرشی کەلتوریدا زۆر شت گۆڕا. شۆرشی کەلتوریی لە ناو ئەدەبیاتی چەپی کوردیدا وەها ناسراوە، کە شۆڕشێکی کەلتوریی بوە، وەک ناوەکەی دەڵێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی پێی دەڵێن شۆرشی کولتوریی، پرۆسەی لەناوبردنی کەلتورە. ماو تسی تۆنگ، کاتێک لە ڕای ڕۆشنبیرانی چینی دەپرسێت بەرامبەر کارەکانی، وەڵامەکان ڕەخنەی توندی زۆری تیادا دەبێت. لە بەرامبەر ئەمەدا ماو بڕیار دەدات کە هەموو ئەو توێژەی کە دیدی ڕەخنەییان لە ئەو هەیە لە شارەکان دوور بخاتەوە و بیانێرێت بۆ جێگا لادێ نشینەکان و گوندەکان. ئەم کوڕە شارییانە ڕوبەڕوی ژیانێکی پڕ لە برسێتی و هەژاریی و سەختی بونەوە.
شۆرشی کەلتوری لە ئەنجامدا شەست ملیون مرۆڤی کردە قوربانی. باوانی شی لە نێو ئەوانەدا بوون کە دوور خرانەوە بۆ گوندە دوورە دەستەکان. دایکی شی ماوە و تەمەنی نزیکەی سەد ساڵە.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە ڕەفتاری شی-دا، ئەو بە هیچ شێوەیەک ناڕەزایی بەرامبەر ئەم ڕۆژانە دەرنابڕێت. شی لەبری ئەوەی لە پارتی کۆمیونیست دوور بکەوێتەوە، زیاتر لێی نزیک بوەوە.
بەڵام ئەم قۆناغە هەرە گرنگترین و هەستیارترین قۆناغە لە ژیانی شی-دا. لە ژیانی هەموو کەسێکی چالاک لە دونیادا کۆمەڵێک ڕوداو و قۆناغ هەیە کە دونیابینی لە قاڵب دەدەن، بۆ شی شۆرشی کەلتوریی ئەو ڕوداوەیە. (هەندێک چینناس جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە بەبێ ناسینی شۆرشی کەلتوریی ناتوانیت لە ئەمڕۆی چین بگەیت).
شی ئەوە فێردەبێت کە ئەگەر دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێز نەبێت ئەوا لە بەرامبەردا پشێویی هەیە. دوانەی دەسەڵاتی ناوەندیی و پشێویی، بەشێکی زۆری دونیابینی سیاسەتی چینی دادەڕێژێت. چین کە لاوازبوە، بە دەستی ناوەندە شەڕخوازەکانەوە گیری خواردوە، پاشان دەبێتە نێچیریی کۆلۆنیالیزم (جەنگی ئەفیون)، دوای ئەوە شەڕی لۆردەکانی شەڕ. ئەوەشە وەها دەکات کە کوین، ئیمپراتۆری یەکەم، وەها ببینرێت کە دروستکەری چینە. بەڵام لە هەمانکادا سوتێنەری کتێب و بکوژی ڕۆشنبیرانە. ئەدیلین ین ماه، ماو وەها دەبینێت کە لاساییکەرەوەی ئیمپراتۆری یەکەمە و ئەگەر ئیمپراتۆریی یەکەم نەبوایە ئەوا چین ڕەنگە وەک کیشوەری ئەوروپا بوایە، بڕێکی زۆر لە ووردە وڵات بوایە.
پاش مردنی ماو، ئەوانەی لە شۆرشی کەلتوریدا پەراوێزدەخرێن جارێکی تر ئیعتباریان بۆ دەگێردرێتەوە. توێژی نوێی حوکمڕانی چینی دان بە هەڵەی پرۆژەکەدا دەنێن بەڵام بە ناڕاستەوخۆیی. گوتە ناسراوەکەی دینگ ژیاو پینگ، کە دەڵێت: گرنگ نیە پشیلە ڕەشە یان سپی، گرنگ ئەوەیە کە مشک ڕاو بکات، جاڕدانی کۆتایی ئایدەلۆژیا و بیری تاکەکەسییە. بەڵام لە سەردەمی شی-دا جارێکی تر چین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمی تاکەکەسیی. لێرەدا دوو بوار هەیە کە زۆر گرنگە لە بەرچاوی بگرین. هەندێک لێکۆڵەر وەها بیردەکەنەوە کە شی زیاتر بەرەو لینینی دەڕوات، بەو مانایە دەیەوێت حیزب بەهێز بکات. حیزب وەها دەبینرێت کە پێکەوەگرێدەریی وڵاتە، بە تایبەتی هەتا بێت جیاوازی لە نێوان چین و توێژەکاندا زیاتر دەبێت. کۆمیونیزم بۆ چین پێویستە بۆ ئەوەی مژدەی دونیایەکی یەکسان بدات بۆ خەڵکێک کە لە دونیایەکی نایەکساندا دەژین. چین لە دوو توێژ پێکهاتوە. پنج سەد ملیون باش دەژین، پێنج سەدەکەی تر دڵخۆشن کە برسی نین و به هیوان سودمەندبن لە چینی سەرمایەداریی. بەڵام دەوڵەمەندبون لە چین هەتابێت زیاتر سەخت دەبێت و وەک لای خۆمان ئەگەر کەسێکت لە پشت نەبێت ناتوانی ببیتە خاوەن هیچ شتێکی بایەخدار. ئەندامبون لە حیزبدا مەرجی پێویستی سەرکەوتنە. سەرباری ئەمە حیزبی شیوعی تەنها ٩٨ ملیون ئەندامی هەیە.
دیدێکی تر کە لە نێو چینناساندا بونی هەیە؛ دیدی ڕۆڵی سوپایە. سوپای چینی، سوپای دەوڵەتی چینی نیە، بەڵکو سوپای ئازادیکەریی میللییە. سوپا ڕۆڵێکی گرنگی پاسەوانی دەوڵەتی هەیە، وەک سوپای تورکی سەردەمی ئەتاتورک، سوپای میسری سەردەمی موبارەک و سیسی. هەندێک وەهای لێکدەدەنەوە کە هەڵکشانی شی سوپای لە پشتەوەیە، چونکە شی پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ سوپادا هەیە بە تایبەتی لە ڕێگای خێزانەکەیەوە. Peng Liyuan لە ڕاستیدا ژنی دووەمی شی-یە. شی کاتێک ئەم ژنەی هێنا زۆر هەژار بوو. بەڵام ئەم ژنەی دووەمی لە چین کەسایەتیەکی ئێجگار ناسراوە، چونکە گۆرانیبێژی ئۆپیرایە و گۆرانی بۆ سوپای چینی دەڵێت. لە بەشی ئاهەنگسازی سوپایە.
دیارە سوپا هەرگیز ناتوانێت ڕاستەوخۆ حوکم بکات، هەمیشە پێویستی بە ڕوپۆشێکە، حیزب ڕوپۆشێکی باشە، بۆیە تێگەیشتن لە چین بەبێ تێگەیشتن لە سوپا و حیزب نابێت. بەڵام زاڵبونی کەسایەتی شی، خەسڵەتێکی تری کردوەتە پێداویستی ئەویش ناسیونالیزمە. ناسیونالیزم وەها لە چینییەکان دەکات شانازی بە بون و مێژویان بکەن، هەروەها زەمینە بۆ بونی کەسێکی بەهێز دەڕەخسێنێت کە دەخوازێت بەهێزی وڵات لە خۆیدا بەرجەستە بکات. بەڵام ناسیونالیزمی چینی بۆ دوو ئامانجە، وروژانی ناوەوە، بە تایبەتی هەژاران، نمایش توانای دەوڵەتی چینییە لە دەرەوە. ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوو تیمێکی دیپلۆماتی چینی هەبون بە گورگی شەڕخواز دەناسران، بەڵام لەم دواییانەدا لایان برد. لە کاتێکدا لە ناوەوە شی زیاتر لینینی دەبێت، بە تایبەتی لە ئاستی حیزبدا، بەڵام دەرئەنجامی لینیزمێکی ناسیونالیزمە، بەوەی کە کۆمیونیزمی چینی تایبەتە بە چین، ئەمەش وەها دەکات لینین و ماو و مارکس و کۆنفۆشیوس پێکەوە لە یەک کایەدا بن.
پرسی هەناردە نەکردنی مۆدێلی چینی کە چینییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەمەیە. چین خەمی خۆی دەخوات، نەک ئینتەرناسیونال. لەم ڕوانگەیەوە چین هەرچەندە دەنگی گڕ و زاڵتر دەبێت، بەڵام هەرگیز سەرکێشی ناکات.