دواین هەواڵ

شۆڕشی ئەیلوول؛ لە چەند سەردێڕێکی جەوهەریدا

‌هیوا ئەحمەد مستەفا

10/09/2022

- شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتی جەنەراڵ (مستەفا بارزانی) شۆڕشی سەرتاسەری کوردستان بوو، هیچ سنوورێک نەبوو بۆ بەشداریکردنی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان، لەهەر چوار پارچەی کوردستان خەباتگێڕانی ڕاستەقینە بەشداریان تێدا دەکرد.

- هیچ سنوور و بەر بەستێک نەبوو بۆ بەشداری ئاین و ئاینزاکان و نەتەوەکان، لە عەرەب، تورک، فارس و تورکمانەوە بیگرە، تادەگاتە کلد و ئاشور و ئەرمەن، بەهەموو مەزهەبەکانیانەوە. جگە لەوانەش هەریەک لە فەیلی، ئیزدی، کاکەیی، شەبەک، سوننە و شیعە، هەموو ئەوانە ئەگەر بە کەمترین ژمارەش بوبێ بەشداربوون لە شۆڕش و لە پێناوی ئازادیدا دەجەنگین و هەریەکەی لە بوارێکدا ئەسپی خۆی لێتاو دەدا.

- لەناو کوردستاندا پێشمەرگەی هەموو شوێن و هۆز و قەبیلە و عەشیرەتەکان بونیان هەبوو، کە هەریەکەیان هەڵگری کلتور و دابونەریت و زاراوە و دیالێکتی خۆیابوون، تەنانەت شیوازی جامانە بەستن و پشتین بەستن و جلوبەرگ و ڕیش و سمێڵ و خوو ڕەفتاری جیاجیا لە ناو شۆڕشدا هەبوون. واتا شۆڕشی ئەیلوول هەموو ناوچە جیا جیاکانی پێک ئاشنا کرد، بۆیەش ڕۆڵەی پشدەر لە زاخۆ و هی خانەقین لە ڕانیە و شارباژێڕ و هی بارزان و هەلێر و سلێمانی لە کەرکووک و هی کەرکوک لە کفری و کەلار و هی باڵەکایەتی و سۆران لە ئامێد و شنگال و زومار و شیخان شەهید دەبوون.

- شۆڕش کلتورێکی داهێنا کە نابێ شەڕی کورد و ڕژێم ببێتە شەڕی نەتەوەیی کورد و عەرەب، ئەوەش لەکاتی شەڕەکاندا بەکردەوە دەسەلمێنرا و هەرگیز ڕێگا نەدەدرا (دیل) بکوژرێ، هەر ئەو کلتورە جوانەبوو لەڕاپەڕین هەزاران سەربازی عیراقی کە بەدیل گیرابوون، نەک هەر نەکوژران بەڵکو خزمەتیانکرا و بەسەلامەتی ناردرانەوە ناو خێزانەکانیان.

- شۆڕشی ئەیلوول لەسەردەمێکدا سەری هەڵدا کە ژێرخان و سەرخانی کوردستان زۆر لە دواوە بوو، بۆیەش شۆڕش بنکەی تەندروستی بۆ زۆر گوندە دوورەکان دەبرد، وە زۆر لە دەرچوانی ناوەندی فێری چارەسەری خێرای برینپێچی و دەرزی لێدان دەکردن. جگە لەوانەش، قوتابخانەی بۆ زۆر لەگوندەکانی ژێر دەستەڵاتی شۆڕش کردەوە بۆ ئەوەی منداڵی کوردستان لە خوێندن بێبەش نەبن.

- شۆڕش لە زۆر شوێن ڕێگا و بان وپرد و مزگەوتی بنیاد دەنا و لە هەندێ شوێنی کریستیان نشین کەنیسای دروستکردن، یان نۆژەنی کردنەوە.

- شۆڕشی ئەیلول گرنگی زۆری بە پاراستنی ژینگە و پەلەور و مەڕ و ماڵات و کشتوکاڵدا و کلتوری (بارزان) کە دەمێک بوو بۆ ژینگە پاراستن ناوبانگی دەرکردبوو، ئەو کلتورەی گواستەوە ناوشۆڕش و بڕیاری گرنگ و ناوەندی لەسەر دەدران.

- شۆڕشی ئەیلوول وایکرد خەڵک لە نادیسپلینیەوە بگوازرێتەوە بۆ خۆ بەدیسپلینکردن! ئەوەش لە چونەناو ڕێکخستنەکانەوە دەستیپێکرد تا چوون بۆ ناو یەکەکانی سوپای لەشکری شۆڕشگیری کوردستان، لەوێش لە ناو ئۆرگانەکانی سەربازیدا ڕێکدەخران کە بەدیسپلین و زەوابتی سەربازی کرابوون، وەک (دەستە، پەل، لق، بەتالیۆن و هێز).

- شۆڕشی ئەیلول کاری لەسەر نەهێشتنی هەندی کلتوری خراپی کۆمەڵایەتی کرد، وەک ژنبەژن و گەورە بەگچکە و بنەتۆ و بەزۆر بەشودان و بەکەم سەیرکردنی ئافرەت.

- شۆڕشی ئەیلوول گرنگی زۆریدا بە بواری ڕۆشنبیری و هونەری و زانستی و ئاینی. بۆ نمونە؛ دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد، یەکیتی زانایانی ئاینی، کۆمەڵەی هونەرمەندان، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.

- شۆڕشی ئەیلوول ڕادیۆی دامەزراند و دەنگی کوردستانی عیراق بوو بەدەنگێک بۆ هەمیشە لە گوێچکەی ئەوانەدا دەمێنیتەوە کە ئەوکات هۆگری بوون، مۆسیقای چەمی ڕێزان بەزیندووترین نموونەی ئەو شاکارانە دەزانرێ کە هەرگیز لەبیر ناکرێ.

- شۆڕش گرنگی بە بواری هونەر، شانۆ، مۆسیقا، گۆرانی وتن و سرودی نیشتیمانی زۆر دا، کەبوون بە هەوێن و ئامیانی بەهێزبوونی گیانی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەری.

- شۆڕش، دادگا و دادوەری هەبوون کە لە بەئەزمونترین پیاوەکانی ئاینی و یاسایی و کۆمەڵایەتی پێکدەهاتن و لیژنەی فتوا دەستەڵاتی زۆری لەسەر بڕیار بۆ یەکلا کردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان هەبوو.

- شۆڕش ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبوو، هاریکاری و هەماهەنگی ڕێکخستنە نهێنیەکان لەناو شار بۆ هێزی پێشمەرگە و سۆز و حەماسەتی جەماوەر بۆ شۆڕش وایکردبوو پێشمەرگە ببو بەئاگر! ڕووی لەهەر شوێنێک بکردایە دوژمن زەندەقی لێچوبوو، سەرکەوتنە مەزن و داستانە مێژوییەکان وایان کردبوو کە دوژمن ورەی سفربێتەوە، هەربۆیە شۆڕشی ئەیلوول ڕێککەوتن نامەی ۱۱ی ئازاری ۱۹۷٠ ی لێکەوتەوە کە تا نوسینەوەی دەستووری عیراق لە ساڵی ۲٠٠٥ باشترین دیکۆمێنتی پاراستنی مافەکانی کورد بوو، بەهەموو پێشیلکردنەکان و کەم و کورتیکانیشەوە.

ئەوانەی باسمکردن کەمێک لەو خەسڵەتانەبوون کە ستراتیجی شۆڕشیان بۆ ناوخۆی کورستان و عیراق و خویندنەوەی ڕۆژنامەنوسانی بیانی و دەوروبەر نیشاندەدا.
لە کۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دادەنەوێنین. سڵاو و دروود بۆ سەرکردە و ڕابەری شۆڕش بارزانی نەمر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP