دواین هەواڵ

هاوسەرگیری میسیار چی یە؟

‌ لانە ئامانج

10/09/2022

هاوسەرگیری مسیار گرێبەستێكە لەنێوان دووكەسی پێگەیشتوو بەئامادەبونی دوو شاهێد ئەنجام دەدرێت و شاهێدەكان ئەو بابەتە لای خۆیان بە نهێنی دەهێڵنەوە، نابێت ئەم هاوسەرگیریە لای كەس باس بكەن.

لە هاوسەرگیری مسیار ئافرەت دەستبەرداری كۆمەلێك مافی شەرعی خۆی دەبێت وەك بژێوی و مافی نیشتەجێبوون و بەردەوام مانەوەی پیاوەكە لەلای ژنەكە .

ماوە ماوە لە نێو كۆمەڵگای كوردیدا باس لە مسیار دەكرێت و دەورژێندرێت، لەملا و لەولا باسی شەرعی بوون و شەرعی نەبوونی دەكرێت، بێ ئەوەی باسی لایەنە یاساییەكە بكرێت. لێرەدا روونی دەكەمەوە هاوسەرگیری مسیار بە پێی یاسا چۆنە؟

بە پێ یاسای باری كەسی عێراقی لە ماددەی سێیەم یەكجۆرە هاوسەرگیری ئاماژەی پێكراوە كە بەو شێوەیە پێناسە دەكرێت و دەڵێَت: هاوسەرگری گرێبەستێكی ئارەزومەندانەیە لە نێوان ژن و پیاودا كە بەو هۆیەوە هەر یەك بۆ ئەوەی دیكە بە پێی شەرع حەلال دەبێت، مەبەست لێی پێكهێنانی خێزانە لەسەر بنچینەی سۆز و بەزەیی و بەرپرسیارەتی هاوبەش بەپێ حوكمەكانی ئەو یاسایە. 

هەروەها لە مادەكانی یەكەم و حەفتەم و دەیەم و بیست دا لە یاسای باری كەسی مەرجەكانی هاوسەرگیری و ئەركی هاوسەران بەرامبەر یەكتر روون كراوەتەوە .

كەواتە لە یاسای باری كەسی عێراقی بۆمان روون بۆتەوە لە رووی یاساییەوە هاوسەرگری مسیار رێگەپێدراو نیە.

مەبەست لە حەرام بوون و حەلال بونی هاوسەرگیری میسیار لەرووی شەرعەوە بۆچوونی جیاواز لە رای هەندێك لە زانایانی ئاینیدا هەیە ، هەیانە بە كۆمەڵێك مەرجی شەرعی پەسندی دەكات و رایەكەی دیكە بەتەواوی رەتی دەكاتەوە.

لەدوا فەتوای ئەنجومەنی بالای فەتوای یەكیتی زانایانی هەرێمی كوردستان دەلێت، زەواجی مسیار پێچەوانەی عورفی كۆمەڵی كوردیە و بۆ كۆمەلەی ئێمە گونجاو نیە و بە پەسندی نازانینن بە هۆی نەگونجانی لەگەل مەقاصیدەكانی هاوسەرگیری لە ئیسلامدا یەكناگرنەوە بۆیە رەتكراوەتەوە .

هەرچەندە لە كوردستان هیچ حالەتێكی مسیار بەشێوەیەكی ئاشكرا نەكراوە و لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیشدا ئەوەندە باسی هاوسەرگیری مسیار و پشتگیری لەو جۆرە هاوسەرگیریە تا ئێستا كەسێكمان نەبینیوە بێتە سەر شاشەكانی تیڤی یان تۆڕە كۆمەلایەتیەكان و بلێن هاوسەرگیری مسیاریان ئەنجام داوە. بۆیە هاوسەرگیری مسیار خۆی جێگەی گومانە یان هیچ كەسێك ئەنجامی نەداوە و یان بە هەر هۆكارێك باس نەكراوە. باس نەكردنی هاوسەرگیری مسیار دەگەرێتەوە بۆ دوو هۆكار: 

 یەكەم : عەیبە و شەرمە لە ئەنجامدانی هاوسەرگیریەك كە لە كۆمەڵگای كوردی جێگەی رەزامەندی نیە، ئەوەش خۆی جێگەی گومان دروست دەكات لەسەر چۆنیەتی هاوسەرگیریەكە.

 دووەم: زۆربەی ئەوانەی ئەو هاوسەرگیرانە ئەنجام دەدەن بە شێوەیەكی نهێنی هاوسەرگیری دەكەن، ئەمەش بۆخۆی لە رووی یاسایەوە تاوانە.

 بەم جۆر و شێوەیەی باسی هاوسەرگیری مسیار دەكرێت، بە هیچ شێوەیەك هاوسەرگیری مسیار مامەلەكان و جۆرەكانی لە گەل ئەحكامەكانی یاسای باری كەسی عێراقی بەركار ناگرێتەوە، كە تەواوی ئەرك و مافی ژن و مێرد لە پێش و دووای هاوسەرگیری روون كراوەتەوە لە یاسای باری كەسی. هەر هاوسەرگیرییەك لەگەل دەقی یاسا و شەرع یەك نەگرێتەوە بە هاوسەرگیریەكی نا پەسەند و رێگە پێنەدراو دادەنرێت. 

هاوسەرگیری میسیار سزاكەی لەرووی یاسایەوە چیە؟

هەر هاوسەرگیریەك بە پوچەڵ حساب كرا لە رووی یاساییەوە سزایە و بە تاوان هەژمار دەكرێت.

 بە پێی ماددەی 376 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر كەسێك گرێبەستی مارەبڕینی بۆ خۆی ئەنجام دابێت لەگەڵ ئەوەی زانیبێت كە بە هۆی هەر هۆكارێك ئەو گرێبەستە لە رووی شەرع یان یاسا پوچەڵە بە بەندكردن سزا دەدرێت، كە لە ماوەی حەوت ساڵ زیادتر نەبێت .

كەواتە بە پوختی: هاوسەرگیری میسیار، سوكایەتی كردنە بە خودی ژن، بویە ئافرەتان نابێ ئەم سوكایەتیە قبوڵ بكەن كە پیاوان تەنها بۆ حەزی خۆیان بەكاریان بێنن. لەبەرئەوەی هە‌ر هاوسەرگیرییەك لەگەل دەقی یاسا و شەرع یەك نەگرێتەوە بە هاوسەرگیریەكی نا پەسەند و رێگە پێنەدراو دادەنرێت 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP