گرفتی عێراق بەدرێژایی مێژوو، بوونی قەیرانی قووڵە لە بونیادی سیاسی و حکومڕانی سەرتاپا کۆمەڵگەدا.
هەندێ تێگەیشتنی سیاسی هەیە، ببوورن، هەڵەن و دەبێت راستبکرێنەوە، بۆ نموونە، باوەرێکی باو هەیە کە پێی وایە شیعە لە ماڵی خۆیدا شەر ناکات و شەڕی ئەهلی روونادات، لەبەر ئەوەی مەرجەعی ئاینییان هەیە، بەداخەوە ئەمە راست نییە. هیوادارم من هەڵەبم
سەرنجێکی خێرا بە مێژووی شیعە بدە، بۆت دەردەکەوێت کە شيعە قاچێکیان لە ناو خوێن و ئەویتریان لە ململانێی سیاسیدا بووە.
لە ئێستادا، ململانێی سیاسی لە ماڵی شیعەدا لە ترۆپکدایە، تەماشای جووڵەی ململانێکە بکەن، یەکەم جار لە ناو پەرلەماندا بوو، دواتر هاتە شەقام، و ئێستا تا دێت کەڵێنی نێوان هەردوو گروپەکە فراوانتر دەبێت، گروپەکان پڕ چەکن، واتە ئەم ململانێیە تەنیا ململابێی سیاسیی رووت نییە و مەترسی بەکارنەهێنانی چەکی نەبێت.
گروپە چەکدارەکان بڕیاری تایبەتی خۆیان هەیە، هەمیشە شەری ناوخۆ بە بڕیاری ئاشکرای سەرەوە ناخوڵقێت، بەڵکو سیناریۆیەکی سەرشەقامی بەسە، یاخود چەرخێک، یان دەنکە شقارتەیەک بۆ ئەوەی کڵپەی ئاگر هەموو ماڵەکە بووستێنێت.
هەردوو گروپەکەی شیعە، زمانێکی پڕ توندوتیژی لە تویتەرەکاندا دژ بەیەک بەکار دەهێین. گروپی چوارچێوەی هەماهەنگی پەنادەبەنە بەر رێکاری دەستوور و وەک ئامرازی سیاسی بەکاری دەهێنن، لە کاتێکدا، گروپی سەدر شەقام و وێرانکردنی پرۆسەی سیاسی وەک ئامرازی سیاسی بەکار دەهێنن.
دادگایی فیدرالی، شکور بۆ خوا، شکستی هێناوە، دادگای دادوەری باڵا ئیفلیجە، پەیوەندی هەردوولا ئیفلیجە، ماددەکانی دەستوور 76 و 64و 54 گرفتی کوشندەن، دەستوور زامنی سەروەری عێراق نییە ، بەڵکو بەرژەوەندی گروپە سیاسییەکان دامەزراوە دەستووریەکانی عێراقی سووک کردووە.
سوننە لاوازن، تەنانەت ئەو سوونانەی بە “سوونەی مالیکی” ناسراون و لە دەستەڵاتدان هیچیان بە دەست نییە.
کورد لەبەغدا لاوازە و ناکۆکە، وبێ باکە، گرفتی ئەوان، ململانێی کورد نییە و لێی تێناگات و بەئاستی سنورداری خۆی بەکاری دەهێنێت .
بوونی ئەم بۆشاییە سیاسیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەران دەکات و ناچار دەکات بەدوای ئەکتەری سیاسی هەمیشەیی نوێدا بگەرێت تا سەقامگیری سیاسی و ئابووری بۆ وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە.
هەمان حیکایەتی مێژووە و دووبارە دەبێتەوە، هەرکاتێک، پرۆسەی دیموکراسی دەکەوێتە مەرگەسات، رۆژئاوا ئەو بونیادە هەڵدەبژێرێت کە بە کۆمەڵکە نامۆ نییە، وەک عەسکەر لە میسر، و تاڵیبان لە ئەفگانستان
خوا بە خێری بگێرێت، هیوادارین هەڵەبین.