دواین هەواڵ

کاکی پەڕلەمانتار ئەگەر فرەژنی دەکەیت سوننەت ئاوها جێبەجێ ناکرێت

‌د.سالار تاوگۆزی

21/08/2022

ئایین بووە بەبیانوویەک بۆ کاری دزێوی کۆمەڵێک کەس کە بەهۆیەوە هەڵەو پەڵەکانی خۆیانی پێ پینە دەکەن.

پەڕلەمانتار دەناسم کە کۆنە کۆمۆنیست بووە و مەیخۆرێکی بەدخۆر بووە و هەرچی خودا پێی ناخۆشبێت کردوویەتی، لەگەڵ منیشدا وەک عەلمانیی و تەنانەت بێباوەڕێکیش قسەی کردووە -کە سوپاس بۆ خودا من وەک ئەو بێباوەڕنیم- کەچی لەسەر شاشە بەردەوام ئایەت و فەرموودەی پێغەمبەری ئازیزمان موحەممەد (د.خ)ی بەکاردەهێنا و جار جاریش داوای لەمن دەکرد سەبارەت بەو پرسانەی لەسەر شاشە قسەی لێدەکات، ئایەت و حەدیسی بۆ بنێرم.

لەکۆتاییدا ئامانجی خۆی پێکاو دوو خول بوو بەپەڕلەمانتار و ژنیشی هێنا.

تۆ ئەگەر وەک پەڕلەمانتارێکی مسوڵمان، یان پیاوێکی ئایینی، یان بەرپرسی حزبێکی ئیسلامیی سیاسیی، سوونەت و شەریعەتەکەت ڕێگەی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمی پێداویت، دەبێت بزانیت هەر ئەو شەریعەتە بەمەرج ئەو دەرگات بۆ دەکاتەوە.

ئەمە جگە لەوەی حیکمەتی فرەژنی لەئیسلامدا -کە زۆرجار ئیسلامییەکانیش دەیکەن بەبیانوو- ئەوەیە کچێکی قەیرە لە سینگڵی ڕزگار بکەیت، یان بێوەژنێک بهێنیت، خۆ ‌ئەگەر ببییت بەسایەو سێبەر بۆ منداڵی بێوەژنەکە باشترە.

با لێرەدا بپرسین: ئایا زۆربەی ئەو پیاوە ئاینییانەی کە مینبەرەکانیان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەکار هێنا. یان ئەو ئەندامپەڕلەمانانەی کە لەئەسڵدا هێندە بەدین نین و بەبیانووی جێبەجێکردنی سوننەت و شەریعەتەوە، ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەمیان هێنا، چەندیان کچی قەیرە یان بێوەژن یان ژنە شەهیدێکیان هێناوە ؟ ئایا چەندیان دڵنیابوون لەوەی کە ژنەکەی خۆیان نەقسێکی شەرعی هەیە تاژنی بەسەردا بهێنن؟ ئایا ئەم پرسیارانەیان لەخۆیان کردووە، یاخود ناکەس بەچەو بێوەفا بوون بەرانبەر ژنی یەکەمیان کە هەرچی ناخۆشی و دەردیسەری ژیان هەیە چەشتوویانە تا ئەو ساتەی مێردەکەیان بووە بەپەڕلەمانتار ؟

لەوەڵامدا دەڵێین: ئەوەی ڕوونە، زۆربەی پەڕلەمانتاران یان کچی کوردی زۆر لەخۆیان بچوکتریان هێناوە، یان کچە عەرەبی ناسکونازداریان کردووە بە هاوژینی دووەم و سێیەمیان بەسەرۆکی پەڕلەمانی عێراقیشەوە کە (حەلبوسی)یە.

با ئەمەش لەو لاوە بوەستێ پیاوی ئایینی هەیە، لەسایەی بازرگانی بەدینەوە حەواوەتەوەو ژنی جوانی خەڵکی لە مێردە گەنجە قۆزەکەی لەپەنای ڕیش و دیندا دزیوه و بۆخۆی شەرعاندووە. من نازانم کۆمەڵگەی ئێمە تاکەی وانەیەک لە ئەو کەسانە وەرناگرێت کە بەناوی مەلاو بانگخواز و حاجی و شێخ و سەیید و حەج و عومرە و سوننەت و شەریعەتەوە دەیخەڵەتێنن !

لێرەدا من تەواوی ڕووی قسەکانم ناکەمە کاک (یاسین) بەڵکو ئەو بیانوویەک بوو تا ئەم باسە بوروژێنم سەبارەت بەدیاردەی فرەژنی لەناو پەڕلەمانتارانی کوردستان و عێراقدا.

هیوادارم کە ئەوپەڕلەمانتار بەڕێزەی گۆڕان، لەهێنانی ژنی دووەم- یان سێیەم وەک هەندێک کەس باسی دەکەن- نەقسێکی شەرعی یان یاسایی لەژنی پێشووی دۆزیبێتەوە و ئەم ژنەیشی لەقەیرەیی ڕزگار کردبێت و ژنی پێشووی واژۆی بۆ کردبێت تا ژنهێنانەکەی بەپێی یاسا بەرکارەکانی پەڕلەمان و حکومەت یاسایی بێت.

ئەگەر نا کارەکەی کاک یاسین، هەم دوورە لەجێبەجێکردنی سوننەت و ناشەرعییە، هەمیش بێوەفاییە بەرانبەر ژنی یەکەمی کە ژیانێکی کولەمەرگی لەگەڵدا بردە سەر تا گەیاندییە پەڕلەمان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP