رۆژی 27-7-2022 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە
یەکگرتووەکان لەبارەی بۆردومانکردنی سەیرانگای پەرەخ لە ئیدارەی سەربەخۆیی زاخۆ
کۆبوەوە، کە تیایدا 9 کەس کوژرا و زیاتر لە 25 کەسی تر برینداربوون، کۆبونەوەکە
لەسەر داوای عێراق بوو، بۆ دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لەعێراق کەلەساڵی 1991 ەوە بەبیانوی لێدان و ڕاوەدونانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هاتونەتە
هەرێمی کوردستان و بەبیانوی شەڕی تیرۆرەوە لەگەڵ پەکەکە بەردەوام زیاتر سنوری
عێراق و سەروەرییەکەی پێشێل دەکەن و بنکە و بارەگای زیاتر دادەنێن و زیاتر دێنە
قوڵایی خاکی عێراقەوە.
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئەنجومەنی ئاسایش چی بۆ عێراق دەکات؟ چ
بڕیارێک لەبەرژەوەندی عێراق دەدات؟
ئەنجومەنی ئاسایش چییە و ئەرکەکانی چین؟
ئەنجومەنی ئاسایش بەیەکێک لە گرنگترین دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان
دادەنرێت، کەبەپشت بەستن بەماددەی 23ی پەیمانی نەتەوە
یەکگرتووەکان دامەزراوە، بەمەبەستی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، تاکە دامەزراوەیە
کەدەوڵەتانی بەشداربووی ناچار دەکات بڕیارەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام دامەزراوەکانی
تری نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا ئیشیان ئامۆژگاری حکومەت و دەوڵەتانی ئەندامە.
ئەنجومەنی ئاسایش لە 15 ئەندام پێک دێت، لەنێویاندا 5 ئەندام ئامادەبونی بەردەوامیان هەیە لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنەکەدا و مافی
ڤیتۆشیان هەیە کەپێکهاتوون لە(ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، ڕوسیا، بەریتانیا،
فەرەنسا و چین).
هەرچی 10 دەوڵەتەکەی تریشە لەلایەن کۆمەڵەی گشتییەوە
هەڵدەبژێرێن بەپێی دابەشبونی جوگرافی هەریەکەیان مانگانە سەرۆکایەتی کۆبونەوەکان
دەکات و دەوڵەتەکانیش بەم شێوەیە دەبێت:-
دەوڵەتە ئاسیایی و ئەفریقییەکان 5 کورسیان هەیە.
دەوڵەتەکانی ئەمریکای لاتین 2 کورسییان هەیە.
دەوڵەتانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا 2 کورسییان هەیە.
یەک کورسیش بۆ دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا.
ئەم 10 دەوڵەتە هەریەکەیان بۆ ماوەی دووساڵ
بەشداردەبن و دواتر دەوڵەتانی تر جێگایان دەگرنەوە.
بڕیاردانیش لەئەنجومەنی ئاسایشدا لەکۆی 15 دەوڵەت پێویستە 9 ئەندامی لەگەڵ بێت، بەبێ ئەوەی دەوڵەتی سکاڵاکار و
سکاڵا لێکراو مافی بەشداری دەنگدانیان هەبێت، بەو مەرجەی دەوڵەتە هەمیشەییەکانی
مافی ڤیتۆ بەکارنەهێنن، خۆ ئەگەر لەو 5 دەوڵەتەی هەمیشەییە کە
مافی ڤێتۆیان هەیە، یەکێکیان مافی ڤیتۆ بەکاربهێنێت، ئەوە دەتوانێت شکست بەبڕیارەکە
بهێنێت.
ئامانجەکانی ئەنجومەنی ئاسایش زۆرن، بەڵام گرنگترینیان پاراستنی ئاشتی و
ئاسایشی نێودەوڵەتی و چارەسەرکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و دەستێوەردانی
سەربازیی دژی وڵاتانی دەستدرێژیکار.
لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا چی وترا؟
لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، سەرەتا جینین پلاسخارت، نێردەی
نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان
پێشنیازیکرد هێزەکانی پەکەکە لە عێراق دەربکرێن، تەواوی هێزەکانی تورکیا بکشێنەوە،
هێزی فیدراڵیی عێراقی لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیا بڵاوبکرێتەوە، رێککەوتنی ئەمنی
لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێندرێنەوە ئەگەر هەبێت، هەروەها چاو بە بودجەی بەرگری
بخشێندرێتەوە بۆ ئەوەی توانا سەربازییەکانی عێراق بەهێزبکرێت."
لەلایەن خۆشیەوە د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە ئامادەی
کۆبونەوەکە بوو، گوتی شەڕی تورکیا و پەکەکە زیانی گیانی و ماددی گەورەی بە هاووڵاتییانی
هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە، داوای لە هەردوولا کرد لە نێو خاکی عێراق
بکشێنەوە.
هاوکات
وتیشی "لە 2008 بە دواوە بەردەوام وەزارەتی دەرەوەی عێراق 216 جار داوای لە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کردووە ئەم پێشێلکارییانە بووەستێنێت. لە 2008ـەوە زیاتر
22 هەزار پێشێلکاری بەرامبەر عێراق کراوە و هەریەک لەو پێشێلکارییانەش تۆمارکراون
لە نامەی جیاوازدا و هەریەک لەو نامانەش نێردراون بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە
یەکگرووەکان و هەروەها وەکو نوسراوی فەرمیش بڵاوکراونەتەوە. تەنیا لە 2022شدا
ژمارەکە گەیشتووەتە 500 هێرش."
لەلایەن خۆشیەوە ئۆنجو کەچەلی، جێگری نێردەی تورکیا لە نەتەوە
یەکگرتووەکان گوتی، "ئێمە پێشبینی دەکەین پەکەکە کۆنتڕۆڵی بەسەر لانیکەم 10
هەزار مەتر چوارگۆشەی خاکی عێراق هەبێت. نزیکەی 800 گوند بەزەبری هێز لەسەر دەستی
پەکەکە چۆڵکراون، هەموو ئەو خاڵانە بوونەتە پەناگەیەک بۆ تیرۆرستان. بۆنموونە لە
شنگال، حکومەتی ناوەندی کۆنتڕۆڵی بەسەر تەواوی شارەکەوە نییە. رێککەوتننامەی شنگال
بە ئامادەبوونی یۆنامی واژۆکرا، بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراوە و ئێزدییەکان رێگەی
گەڕانەوەیان پێنادرێت. هەبوونی پەکەکەش لە شنگال هێشتا چاوپۆشی لێدەکرێت."
نوێنەری تورکیا ئەوەشی گوت، عێراق خۆی کۆنترۆڵی
بەسەر بەشێک لە خاکی وڵاتەکەیدا نییە و ئەگەر ئەو وڵاتە نەتوانێت رووبەڕووی پەکەکە
ببێتەوە و نەهێڵێت خاکەکەی بەکاربهێنێت، ئەوا ناتوانن لۆمەی تووندی وڵاتانی دراوسێ
بکەن ئەگەر "بەرگری لە خۆیان بکەن." گوتیشی، ئامادەن بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆپبارانەکەی
زاخۆ.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، نوێنەری
بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی قسەیان کرد، هێرشەکەیان سەرکۆنەکرد و داوای لێکۆڵینەوەی
گشتگیری نێدەوڵەتییان کرد.
ئەنجومەنی
ئاسایش چ بڕیارێک دەدات؟ هەرێم دەبێت چی بکات؟
دوای گوێگرتن
لەسکاڵار و داواکارییەکانی عێراق و دواتریش وەڵامدانەوەی تورکیا و بەهانەکانی بۆ
مانەوە و پێشێلکردنی سەروەری عێراق، زەحمەتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە
یەکگرتووەکان جگەلە ئامۆژگاری و ئیدانەکردن شتێکی زیاتر بۆ عێراق بکات.
بەڵام گرنگە
هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو پیلان و پلانانە بێت، کە لەلایەن وڵاتێکی ئیقلیمی و
بەهاوکاری بەشێک لە شیعەکانی عێراق و بە یاریپێکردنی داشی پەکەکە لەم نێوەندەدا
بەڕێوە دەچێت، کە بەشێکی ئامانجەکەی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستانە لەڕێگای
داخستنی تەواوی سنورەکان لەگەڵ تورکیا و ڕاگرتنی نەوتی هەرێمە لەڕێگای تورکیاوە،
بۆیە نابێت هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک بچێتە ژێرباری وەها بڕیارێک، چونکە
ئەوەی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لەم گەمەدا تەنیا هەرێمی کوردستانە.
عێراقیش ئەگەر
دەیەوێت بیانوی تورکیا ببڕێت، پێش هەموو شتێ دەبێت واز لەیاریکردن، بەداشی پەکەکە و
هاوکارییەکانی بۆ ئەو ڕێکخراوە بهێنێت، بەڵام بەبێ ئەوە نەدەتوانێ دەستی تورکیا
کورت بکاتەوە لە عێراق و نەسەروەری عێراقیش بەپارێزراوی دەمێنێتەوە.