ساڵێک تێپەڕبوو
بەسەر رووداوی 8ی تەموزدا، دوای ئەو ساڵە جێگای خۆیەتی قسەگەلی جدی لەسەر ئەم
رووداوە و لێکەوتەکانی بکەین، بەتایبەتی دوای ئەوەی کەلاهور شێخ جەنگی لەهاوسەرۆک
و ئەندامێتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوورخرایەوە.
رووداوی 8ی تەموز
قسە زۆر هەڵدەگرێت و دەکرێت لەزیاتر لەرەهەندێکەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، چونکە ئەم
رووداوە فرە رەهەند بوو، دواتریش لێکەوتەکانی هەر فرە رەهەند بوو.
چیرۆکی چەککردن
و دوورخستنەوە لاهور شێخ جەنگی بەبیانوی ژەهرخواردنەوە بوو، بەڵام ئەم چیرۆکە تاهەنوکە
قەناعەتی بەرای گشتی نەکردووە و زیاتر وادەخوێنرایەوە کە بیانویەک بێت بۆ دوورخستنەوەی
لاهور شێخ جەنگی نەک ئەوەی بابەتێکی جدی و واقیعی بێت.
هەڵە ستراتیژییەکان
لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی
ئەوکات خاوەنی دەسەڵاتێکی گەورە و بێ سنور بوو، بەرادەیەک شتێکی وەهای نەهێشتبووە
بۆ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی.
لاهور سەرەتا بەکۆنگرەی
چوار و بەوەدەرنانی عەقڵە گەورەکانی یەکێتی زەنگی گەورەی مەترسی لەسەر ئەو حزبە لێدا،
چونکە ناکرێت خەڵکانێک لەشۆڕش و لەخەبات و لەتەمەن و قوربانیدانیان هەتا لەبیرکردنەوەدا
زۆر لەپێش تۆوەبن، بەڵام تۆ زۆر بێباکانە نیگەران و بێزارییان بکەیت، هەتا وەدەرنانیان،
بێ ئاگا لەوەی پڕکردنەوەی جێگای ئەمانە هەروا سانا نییە و ئەم سەرکردایەتییە بەرهەمی
دوورۆژ نییە، بەڵکو بەنزیکەی تەمەنی تۆ گەرما و سەرمای رۆژگارییان چەشتووە و ئەزمون
فێری زۆر شتی کردوون لەناو ئەوشتانەشدا سیاسەتکردن.
بەڵام لەکۆنگرەی
چواردا و بەپڕکردنەوەی شوێنی ئەم سەرکردایەتیە خەباتگێڕ و بەئەزمونە بەخەڵکانێک
لاواز و کەم ئەزموون پێی وتین کۆنگرە کارێکی خۆکوژیکرد.
لەلایەکی ترەوە
تێکەڵکردنی بازرگانی بەسیاسەت، یان گۆڕینی ئەجندای حزب لەباشی گشتییەوە بۆ کوتلەیەکی
بەرژەوەندیخواز و بازرگان و هەموو بەرنامەکە ببێتە ئەوەی کەچۆن داهاتی زیاتر کۆبکەیتەوە
بۆخۆت و کەسوکارەکەت و دواتریش سەرانەسەندن و قاچاخچیەتی و مەسموحکردنی هەزاران کەس
تەنها لەبەرئەوەی لایەنگری سەرۆکن، نانەوەی ئاژاوە و گێرەشێوێنی و دەیان و دەیان
کاری تری نابەجێ، بەبێ ئەوەی پۆلیس و ئاسایش بتوانن ئیجرائاتیان لەگەڵ بکەن لەکارە
خراپەکان لاهور شێخ جەنگی و براکانی بوون.
لەلایەکی تریشەوە
بەهەموو تواناتەوە دژی حکومەت بوەستی و وەک ئۆپۆزسیۆن کاربکەیت لەدژی ئەو حکومەتەی
کەحزبەکەی خۆت کوتلەی سەرەکی بووە لەپێکهێنانیدا، ئەمەش ئاماژەی کارەساتێکی گەورەیە
لەبیرکردنەوەی سەرۆکدا. ئەمانە و دەیان کێشەی تر وایکرد ئاسانتر لاهور شێخ جەنگی لەپۆستەکەی
دووربخرێتەوە.
بافڵ تاڵەبانی لەفەراغی لاهور شێخ جەنگیدا
دوای ساڵێک لەدوورخستنەوەی
لاهور شێخ جەنگی و دەست و دایرەکەی، حوکمڕانی رەهای یەکێتی و بگرە سلێمانیش بافڵ
تاڵەبانییە، کەدواتر لەدیداری یەکێتیشدا لەهاوسەرۆکەوە ناونیشانەکەی گۆڕا بۆ سەرۆک،
لەماوەی پێشوودا ئەوەی بافڵ تاڵەبانی و میدیاکانی نزیک لەو لاهور شێخ جەنگییان پێ
تۆمەتبار دەکرد، وەک قاچاخچیەتی و زۆرشتی تر لەنەبونی لاهور شێخ جەنگیشدا هەربەردەوام
بوو بگرە زیادیشی کردووە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی نەیتوانی گۆڕانکارییەکی وەها لەیەکێتیدا
بکات، بگرە بەشێک لەو گۆڕانکارییەشی کەکردویەتی بەئاراستەیەکی خراپتر بووە نەک ئەوەی
بەئاراستەی باشتر.
لەلایەکی ترەوە
خەڵک وایدەزانی بافڵ تاڵەبانی وەک لاهور شێخ جەنگی ناکات و پشتیوانی و هاوکاری
حکومەتی هەرێم دەبێت، بەوەش دۆخێکی ئارام دروست دەبێت، هەم پرۆژەکان دەکەونەکار و
هەمیش بازاڕی کار دەبوژێتەوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانیش بەهۆی کەوتنەژێر کاریگەری ئەو
شەپۆلە پۆپۆلیستییەی کەهەیە نەیتوانی ئەو بەستەڵەکە بشکێنێت و هاوکار و هەماهەنگی
حکومەت بێت لەبنەبڕکردنی قاچاخچیەتی و کۆکردنەوەی داهات بەباشی تاببێتە هاوکار و یارمەتیدەرێک
لەگەڵ داهاتەکانی تردا بۆئەوەی حکومەت نەک
هەر موچە لەکاتی خۆیدا بدات و بەڵکو دەست بەپرۆژەکانیش بکاتەوە و بازاڕببوژێنێتەوە،
ئەوەش لەمکارە زەرەری گەورەی بەرکەوت سلێمانی و دانیشتوانەکەی بوو، بۆیە بافڵ تاڵەبانیش
نەیتوانی ئیدارەیەکی باشتری یەکێتی بدات و جەماوەری نەک ئاشت نەکردەوە، بگرە ئەوەندەیتر
بێ ئومێدی کردن، هەر ئەوەش هۆکاری ئەوەبوو کەبیانوو لەهەڵبژاردن بگرن و هەتا بونەهۆی
ئەوەی هەڵبژاردن پەکبخەن و لەوادەی یاسایی و ئاسایی خۆیدا نەکرێت، واتە بەگشتی
یەکێتی نوێ نەک نەیتوانی خەڵکی سلێمانی ئاشت بکاتەوە، بەڵکو نەیتوانی کادر و
ئەندامانی خۆشی ئاشت بکاتەوە و ئەو تۆزە ئومێدەشی کەهەیبوو ئەوەشی نەهێشتووە،
بەدەلیلی ئەوەی برۆ قسە لەگەڵ خەڵکی بازاڕدا بکە، ئەوکات تێدەگەی یەکێتی نوێ نەک
نەبووە هیوا بۆ هەمووان بەڵکو خەڵکی بەتەواوەتی بێ هیواکرد.