دواین هەواڵ

ستراتیژی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

‌بارام مەجید خان

21/01/2021


بارام مەجید خان
جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، چوار ساڵی سەختیان تێپەڕاند. کێشە ئەمنی و سیاسی و ئابوری و تەندروستیەکان جیهانی بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار برد، هەڵبژاردنی جۆ بایدن و دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا تا ڕادەیەکی زۆر هەناسەیەکی گەرمی کردە نێو هەناوی مرۆڤایەتی.
ئەوروپا، چین، ڕوسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو چوار میحوەرە سەرەکیەن، کە دەکرێت ئۆردەری تازەی ئەمریکای پێ هەڵبسەنگێنین، ئەوەی کە لەم ووتارەدا خوازیارم تیشکی بخەمە سەر سیاسەتی ئەمریکایە لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەراست؛
• کێشەی عەرەب – ئیسرائیل:
جەمسەری سەرەکی سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، حکومەتی کۆماریەکان توانیان چەند ڕێککەوتن لە نێوان وڵاتانی عەرەبی ئیمزا بکەن. ئەمریکا لە دەرەوەی کێشەی فەڵستیندا کە جەوهەری مەسەڵەی عەرەب-ئیسرائیلە ناکۆکی نێوان عەرەب-ئیسرائیل چارەسەر دەکات. هەروەها بڕیاری گواستنەوەی پایتەخت بۆ" قودس" کاردانەوەی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی و بە تایبەت ئێرانی لێکەوتوەتەوە، بەڵام ئەم کاردانەوانە نەیانتوانیوە ڕێگا بە نەخشەی دیواری ستراتیژی کە چەقەکەی کەنداوی عەرەبییە بگرێت. پێ دەچێت وڵاتانی دیکەی عەرەبیش لە ڕیزی ئیمزاکردنی رێککەوتن بن لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئەم ستراتیژە نوێیە لە دەردەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا گۆڕانی بە سەردا نایەت، بەڵکو پێدەچێت خێراییەکەی تا ڕادەیەک خاو ببێتەوە. ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە هێزێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی. بەڵام ستراتیژی ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە ڕەخنەی زۆری لێگیراوە کە ژمارەی هێزەکانی بە بێ بەرنامە کەم و زیاد دەکات. ئەمەش ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسی. ژمارەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەنزیکەیی ٨٠٠٠٠ـە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا لە هەریەک لە وڵاتانی عێراق، سوریا، ئەفغانستان، ئەردەن، سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، عومان، قەتەر.
• ئێران و کێشەی بەردەوام:
کێشەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا سێ ڕەهەندی سەرەکی هەیە؛
- بابەتی دۆسیەی ئەتۆمی کە لە سەرەتای شۆرشی ئێرانەوە وەک قورسترین و درێژ مەوداترین، مەلەفی دەزگای دیپلۆماسی ئێران هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆیەوە بینیوە. کشانەوەی ترەمپ لە رێكکەوتن نامەی (Joint Comprehensive Plan of Action) ئەوەی کە ئێرانییەکان بە "برجام" ناوزەدی ئەکەن، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە نەتوانرا لە کار بخرێت، بەڵکو کاردانەوەی گروپی 5 بە دوای خۆیدا هینا، ئەمە ئاستەنگی یەکەمی بەردەم ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەبێت.
- دۆسیەی دووەم بابەتی هێزی موشەکی ئێرانە کە هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی نەوتی هاوپەیمانی ئەمریکا. هەڕەشەکە مەترسیدار تر ئەبێت کە بەشێک لەم موشەکە کورت مەودایانە گەیشتووەتە دەستی هێزە هاوپەیمانەکانی ئێرانی لە ناوچەکەدا.
- دۆسیەی سێیەم بە گشتی سیاسەتی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئاڵنگاری سیاسەتی ئەمریکا دەکات لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ـدا بەڕێوەدەچێت، هەموو ئاماژەکان ئەوەمان بۆ دووپات دەکەنەوە کە باڵی توندڕەوی ئێران کە نزیکن لە بۆچونەکانی "عەلی خامنەیی" ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵات دەگرنە دەست. بەم شێوەیە ئاسۆی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و ئێرانی دوای "برجام" دەخاتە بەر مەترسی، کاری ئیدارەی جۆ بایدن قورس دەکات.
• عێراق وەک دۆزەخێک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا:
سیاسەتەکانی ترەمپ هەرچەند شکستی بە داعش هێنا بەڵام بەیانتوانی ڕێ لە هەژمونی باڵا دەستی ئێران بگرن لە ناوچەکەدا. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا دەیتوانی پلانی جێگیرکردنی حکومەتێکی بەهێز لە عێراقدا پیادە بکات کە لە ژێر هەژمونی ئێراندا نەبێت. پێدەچیت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق، حەشدی شەعبی بە باڵە سیاسی و سەربازییەکانیەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆڵی گرنگ بگێرن. ئەمریکا سەبارەت بە عێراق سیاسەتێکی نەرمتر بۆ دڵنیاکردنەوەی ئێران دەگرێتەبەر، هەر وەک لە سەردەمی حوکمڕانی باڵی دیموکراتەکان و ئۆبامادا، دۆسیەی عێراق بوو بە دۆسییەیەک کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئیدارەی دەدا.
• کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛
پریشکی سیاسەتە هەڵەکانی ترەمپ بەر کوردیش کەوت، نەشارەزایی خودی ترەمپ بەرامبەر بە کێشەی کورد بەڕادەیەک بوو کە سەرکردە کوردەکانی لێک جیانەدەکردەوە. هێزی پێشمەرگە وەک تاکە هێز لە ناوچەکە کە بە قورسی بەرپەچی داعشی دایەوە و رێزێکی نێودەوڵەتی بۆ خۆی بە دەست هێنا. لە پاش ڕیفراندۆم دەستی حەشدی شەعبی لە سەر ئازاد کردن بۆ پەلاماردانی کورد، جۆ بایدن بەلایەنی کەم سیانزدە جار هەرێمی کوردستانی بینیوە، شارەزایی باشی لە کێشەی کوردی هەیە لە کوردستانی باکوریش بە هەمان شێوە.
بەڵام لە سەر ئاستی ناوخۆیی کێشەی ئابوری و ئیدارەدانی ستراتیژی دەوڵەت و چەق بەستنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان و هەژمونی دەوڵەتی تورکیا بە سەر سیاسەتی نەوتی و دۆسیەی پەکەکە وە نەبوونی دیدگایەکی رۆشن بەرامبەر رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند، کێشەکانی بەردەم کورد لە داهاتووی عیرق بەرەو ئاسۆیەکی نادیار دەبات. کورد کە بەسەر دوو بەرەی سیاسی دژ بەیەک دابەش بووە؛ بەرەیەک لەگەڵ ڕێککەوتنن لەگەڵ بەغداد و بەرەیەکیش رێککەوتن بە لە دەست دانی هەژموونی چوارچێوەی دەستوری کورد دەزانن لە عێراقدا.
• تورکیا و دەریای سپی ناوەڕاست:
لە پاش کودەتاکەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ئاک پارتی پێی نایە قۆناغێکی تازەوە، داود ئۆغلو کە سەنتەری بیری ستراتیژی دەوڵەتی تورکیا بوو لە شانۆی سیاسی دورخرایەوە. "ئیبراهیم کالن" خاڵی وەرچەرخانی سیاسەتی تورکیا بوو بەرەو ئاڵۆز بوونی سیاسەتی نوێ. پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد شکستی ‌هێنا. ئابوری تورکیا گەیشتە ئاستێکی خراپ، قەیرانەکان ڕوویان لە هەڵکشان کرد، پەیوەندی تورکیا و ئەمریکا لە سەر ئاستی "ناتۆ" کەوتە بەر پرسیاری جدی، پەیوەندی خراپی تورکیا لە گەڵ یەکێتی ئەورپا گەیشتە خراپترین ئاست. روسیا ئەم هەلەی لە دەست نەدا کە ناتۆ تۆشی شۆک بکات بە فرۆشتنی چەک بە تورکیا. پەلکێشیەکانی تورکیا لە کەناراوەکانی قوبرس و لەشکرکێشی بۆ لیبیا و ململانێی قورس لەگەڵ ئیسرائیل و یۆنان و بابەتی وزەی غازی سروشتی، دەریای سپی ناوەڕاستی خستە بەر سەرنجی دەوڵەتانی زلهێزی جیهان. پێدەچێت جۆ بایدن سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی تورکیا بگرێتە بەر، لە هەمانکاتدا سیاسەتی دابڕانی تورکیا لە ئێران کاری لەپێشینەی سیاسی هەردوولا بێت.
سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی ترەمپ پاشەکشەی زۆری بە خۆیەوە بینی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە توشی نیگەرانی کرد. چاوەڕوان دەکرێت سیاسەتی نوێ بەردەوام بێت لە پرۆسەی عەرب-ئیسرائیل، کۆنتڕۆلی تورکیا و سەر لە نوێ هەوڵدان بۆ بەردەوامیدان بە وتووێژەکانی لەگەڵ ئێران و گەڕاندنەوەی هەژموونی سیاسی ئەمریکا بۆ ناوچەکە دەستەبەر بکات، کێشەی کوردیش لە چوارچێوەی دەستوری عێراق بە جێگیری بمێنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP