دواین هەواڵ

کتێبەکانی "پەروەردەی ئیسلامی" چۆن داعش بەرهەمدێنن؟

‌شێركۆ كرمانج

17/12/2021

وەک ئاگادارن کۆمەڵێک کەس، بەتایبەتی ئیسلامییەکان، لەسەر ئەو گرتە ‏ڤیدیۆییەی ڕۆمانوس‌و نوسەرو مامۆستا شێرزاد حەسەن هاتونەتە دەنگ. ‏لەملاو ئەولا هەندێکیش هەڕەشە دەکەن گوایە کاک شێرزاد سوکایەتی ‏کردوەو گوتویەتی‎ ‎کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی ‏هەرێمی کوردستان داعش دروست دەکەن. سەرەتا دەبێ ئەوە ڕاستبکەمەوە ‏کە کاک شێرزاد گوتی بەپێی توێژینەوەیەکی شێرکۆ کرمانج (بەندە) ‏وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش ‏بەرهەم دێنن نەک خۆی بەم دەرئەنجامە گەیشتبێت. ‏

لەبەرئەوەی گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە چەند توێژینەوەو بابەت‌و ‏چاوپێکەوتنی منەوە هەیە، بە باشمزانی کە سەرەتا بۆ وەڵامی ئەوانەی کە ‏هاتونەتە دەنگ‌و دەڵێن شتی وا لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی نیە کە ‏داعشدروستکەر بێت بە نمونە ئاماژە بە چەند دەق‌و پەیامێک لە کتێبەکان ‏دەکەم، بەڵام هەر ڕۆژەی نمونەیەک دەخەمەڕوو. دواتر، لە دەرفەتێک ‏کورتەی توێژینەوەکانم دووبارە بڵاودەکەمەوە. ‏

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کاتێک کاک شێرزاد دەڵێت کتێبەکانی پەروەردەی ‏ئیسلامی داعش بەرهەمدێنێت مەبەستی داعشیزمە، واتە عەقڵیەتی داعش، ‏ڕێک ئەوەی کە من لە توێژینەوەکان پێداگریم لەسەر کردون، ئەگینا ‏ئەوکاتەی من توێژینەوەکەم ئەنجامدابوو داعش وەک ڕێکخراو بوونی نەبوو. ‏

بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا واچاکە پێناسەی عەقڵیەتی داعش، داعشیزم، ‏بکەین. داعشیزم فۆڕمە هەرە توندڕەوەکەی ئیسلامیزمە، ئەو ئیسلامیزمەی ‏کە میانڕەوانی وەک یەکگرتو و توندڕەوانی وەک داعش کۆدەکاتەوە. لێرە ‏مەبەست لە میانڕەویی‌و توندڕەویی زیاتر لە بیرکردنەوە نیە بەڵکو لە ‏ڕێبازو ئامرازو دەرکەوتە. هەرچۆنێک بێت، مەبەست لە عەقڵیەتی داعش ‏تێگەیشتنێکی تاکڕەوانەو ڕەهاییگەرییانەیە بۆ حەقیقەت، بە مانایەکی ‏دیکە، مرۆڤێک کە هەڵگری بیروباوەڕێک‌و جیهانبینییەک بێت کە پێیوابێت ‏هەقیقەتەکان هەمووی لای ئەوەو ئەوانی دیکە دەبێت بێنە سەر ڕێچکەی ئەو ‏یان لەناوببرێن، لە باشترین حاڵەتیشدا ببن بە پاشکۆ. هاوکات، ‏لەبەرئەوەی هەقیقەتەکانی ئەو، مەبەست عەقڵ داعشئاسایە، هەقیقەتی ‏دینین ئیدی پیرۆزن‌و لەدەرەوەی ڕەخنەن، هەر کەس‌و لایەنێک لێیان ‏نزیکبێتەوە دەبێت سەریان پەلبدرێت.

بەکورتی، ئیسلامیزم/داعشیزم ئەو ‏تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆجیە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی کەسێک ‏‏(وەک سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی)،‏‎‎‏ ڕێکخراوێک (وەک ‏ئیخوان ‏موسلیمون) یان بزوتنەوەیەک (وەک داعش) بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش ‏بەخوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام.‏ بەدەربڕینێکی دیکە، ‏ئەو دیدەیە کە دین‌و سیاسەت لێکجیاناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ‏ئیسلام ‏تەنیا وەک دینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ ‏بوونی ڕسکێنەرێک (خالقێک) لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏پەرستن وەک نوێژو ‏ڕۆژو بەڵكو وەک ئایدیۆلۆجیاو سەرچاوە‌و ڕێنیشاندەر‌و ڕێنماییکەرێک بۆ ‏تەواوی پرسە سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی‌و ‏ئابورییەکان دەیبینێت‌و مامەڵەی ‏لەگەڵدا دەکات. بەواتایەکی دیکە، وەک بیرمەندو تیۆریستە ئیسلامییەکان ‏دەڵێن "ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە"و ‏‏"تاکە چارەسەرە" بۆ پرسە ‏سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابورییەکان.‏

هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم کە من، باوەڕناکەم کاک شێرزادیش، پێمانوابێت ‏کە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی تاکە بەرهەمهێنەری داعش‌و داعشیزم بن ‏لە هەرێمی کوردستان. هیچ دیاردەیەک، فیکرێک، ڕووداوێک نیە کە یەک ‏هۆکاری هەبێت. کاک شێرزاد قسەکانی لەسەر ڕۆڵی قوتابخانەو پەروەردە ‏بوو، توێژینەوەکانی منیش تەنیا لەسەر کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە ‏قوتابخانەکانی هەرێم بوو، بۆیە هەردووکمان ئاماژەمان بەو هۆکارە کردوە ‏لە پشت داعش، دەنا دەیان هۆکاری دیکە هەن لە پشت دروستبوونی ‏ئیسلامیزم/داعشیزم لە کوردستان‌و لە شوێنەکانی دیکە.‏

دەبێت ئەوەش بڵێم کە لە نوسینی ئەم بابەتە ڕێساو ڕێکارە ئەکادیمییەکان ‏بەکارنەهاتوە چونکە ئەمەی ئێرە توێژینەوە نیە بەڵکو خستنەڕووی هەندێک ‏لە دەرئەنجامی توێژینەوەکانە، بۆ وردەکاری زیاتر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ‏سەر توێژینەوەکان. ‏

با بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە. لەم کورتەبابەتەو لە ڕۆژانی داهاتو بە ‏چەند نمونەیەک پشتڕاستی ئارگیومێنتی توێژینەوەکانم دەکەم، کە دەکرێت ‏وەک بەرگرییەک لە کاک شێرزاد ببینرێت.‏

نمونەی یەکەم
لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی چاپی ٢٠١١ لە ‏لاپەڕە ٤٠، دانەرانی کتێبەکە دەڵێن: "شاندێکی کریستیانەکانی نەجران ‏هاتنە لای پێغەمبەر (د.خ) ئەویش دوای خستنە ڕووی باسێکی چڕ و پڕی ‏ئیسلام، پێی فەرموون، ئەوە ئیسلامە، یان وەریبگرن یان سەرانە بدەن، ‏ئەگەر نا خۆتان ئامادە بکەن جەنگتان لەگەڵ دەکەین" (تەماشای وێنەی ‏هاوپێچ بکەن). ئێستا دەزانم هەندێک کەس دەڵێن جا کێ دەڵێت ئەم ‏چیرۆکە ڕاستە، یان ئەم فەرموودەیە سەحیحە.

نەک بۆ ئەم نمونەیە بەڵکو ‏بۆ هەموو نمونەکانی دیکەش ئەوە پرسی من نیە. پرسی من ئەوەیە داخۆ ‏ئەم دەقە چ پەیامێک یان تێگەیشتنێک لای خوێندکار/منداڵ دروست دەکات. ‏بەکورتی‌و بەڕاشکاوی، ئەم دەقە داعش دروست نەکات، من نازانم چی ‏داعش دروست دەکات ئەگەر دەقی وا دروستی نەکات. ئاخر ئەم دەربڕینە ‏بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێت ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا دەژین لەم ‏وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە، یان سەرانەی/باجی کرستیانبوونیان بدەن یان ‏دەبێت شمشێر بە ڕوویاندا هەڵبکێشین‌و بیانکوژین. ‏
لە ٢٠١٤ کاتێک داعش هات‌و دەشتی نەینەوای گرت، ڕێک بەو شێوەیە ‏مامەڵەی لەگەڵ کریستیانەکان کرد، وەک ئەوەی بڵێیت هەموویان خوێندکار ‏بوون لە قوتابخانەکانی کوردستان. ‏
ئەوەی ڕاستی بێت ئەم دەقە لە چاپی ٢٠١٥ ی هەمان کتێب ڕەشکراوەتەوە، ‏تەنیا ئەو چەند دێڕە نەک تەواوی بابەتەکە. ئەمەش دوو شت دەسەلمێنێت:‏

یەکەم، ئەو ڕەخنانەی کە من گرتبووم لەو کتێبانە لە ساڵی ٢٠١٢ ـەوە، چ ‏بە نوسین چ بە چاوپێکەوتن، لەگەڵ ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ وەزیری ‏پەروەردەو بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرام‌و چاپەمەنییەکان‌، هاوکات ‏هەوڵەکانم لەگەڵ ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، کاریگەرییان هەبووە، کە بۆ ‏هەموومان جێگەی خۆشحاڵی‌و دەستخۆشییە.

بەڵام زۆر بەڕاشکاویی دەیڵێم ‏کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامیی دەیان‌و سەدان نا بەڵکو هەزاران پەیام‌و ‏چیرۆک‌و دەربڕینی وای تێدایە کە مەرج نیە داعش دروستکەر بن بەڵام ‏هێندە کرچ‌و کاڵن کە بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیام‌و نرخێكی پەروەردەیی لە ‏خۆناگرن، بگرە بە پێچەوانەوە پەیامی ناتەبایی‌و دژەپێکەوەژیان‌و ‏پەراوێزخستن‌و بەکەمزانینی ئەوانی دیکە لەخۆدەگرن.‏

دووەم: لادانی ئەو دەربڕینە لە چاپە نوێکە خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە ‏تەنانەت دانەرانی کتێبەکانیش درکی مەترسیی بوونی دەقێکی لەم ‏جۆرەیان لە کتێبەکان کردوە. ‏

وەک لە سەرەتا گوتم، تا چەند ڕۆژێکی دیکە هەر ڕۆژەی لە کورتە بابەتێک ‏بەخستنەڕووی نمونەیەک دەمەوێت ڕاستیی داعشدروستکەری کتێبەکانی ‏پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بخەمەڕوو. بەڵام دەبێت ‏ئەوە بڵێم کە ئەو نوسخانەی کە من لە ٢٠١٢ تا ٢٠١٥ ئیشم لەسەر کردون ‏ئێستا لە کتێبخانەکەمدان لە ئوسترالیاو لێرە لەبەردەستم نین بۆیە ‏کارکردنم زۆر ئاسان نابێت. بەهەرحاڵ هەر چۆنێک بێت هەوڵ دەدەم ‏لانیکەم پێنج شەش نمونە بخەمەڕوو. چاوەڕوان بن.‏

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP