دواین هەواڵ

خوێندنەوەی نێودەوڵەتی

‌محەمەد سالار (پاشا)

29/11/2021

 ئاساییە منی هاوڵاتی لێکدانەوە سیاسییەکانم بە گوێرەی حەزەکانم بێت، واتە نەنگی نییە بۆم ئەگەر لە دنیای سیاسیدا دوو کۆ دوو لای من بکاتە پێنج، بەڵام ئەمە بۆ سیاسەتمەدارێک شوورەیی و عەیبەیەکی گەورەیە کە دنیابینی خۆی لەسەر خەیاڵەکانی و هاشوهوشی هەرزەکارانەی سۆشیال میدیا بنیات بنێت.

بۆ وێنە: ئاساییە لایەنگرێکی پارتی کەیفخۆش بێت بە هەڵکشانی ژمارەی کورسییەکانی حیزبەکەی، بەڵام نەنگییە بۆ قیادەی ئەو حیزبە لە پاڵ خۆشحاڵبوون بە زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، خەفەت نەخۆن لە دابەزینی ژمارەی دەنگەکانیان.

سیاسەتمەداری سەرکەوتوو ئەوەیە کە ئەتوانێت:
یەک: خاوەنی ڕوئیا بێت و بزانێت چی دەوێت.

دوو: واقیع و کۆمەڵگە بخوێنێتەوە و بزانێت لە مەزادی هەڵبژاردندا ئەتوانێت تا چەنێک روئیا و بۆچوونەکانی بکات بە دەنگ.

سێ: لە حاڵەتی گلاندا هەستێتەوە، لە کزبوون ڕووداو «حدث» دروست بکات.

چوار: لە هەر هەمووی گرنگتر لە ناو بازنەی سیاسەتی ناوخۆی و هەرێمی و جیهانی ببێت بە ژمارە، بنووسرێتەوە و بخوێنرێتەوە!

من لەم تێکستە تەنها باس لە خاڵی چوارەم ئەکەم.

کاتێک سوپای هیتلەر بە هەمان نەریتی سوپای ناپلیۆن لە سارد و سەرمای روسیا رەقبوونەوە، جان پۆل سارتەر وتە بەناوبانگەکەی وت: «ئەوەی مێژوو نەزانێت دووبارەی ئەکاتەوە» هەر لەبەر ئەوەیە زەرورە کە سیاسەتمەدار مێژووناس بێت، لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو چەندین ئەزموونمان هەیە کە دروستە ئینسان وانەی لێ وەربگرێ، بەم جۆرە:

- شێخ مەحمودی نەمر

شێخ مەحمود مەلیکی کوردستان بوو، دوو جار حکومەتی دروست کرد، کاتێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتی کوژایەوە، لە قاموسی ئینگلیزەکان لە «حکومدار»ەوە بوو بە «چەتە»، هەر لەبەرئەوە بوو پانزە ساڵی کۆتایی تەمەنی لە گوندی داریکەلی لە بازیان بە ئیقامەی جەبری بەسەربرد.

- قازی محەمەد

پێشەوا، ئومێدی هەموو کوردێک بوو بە کاریزمایی خۆی و کۆمارە ساوەکەی کە ساڵێکی بڕ نەکرد، ئەو کاتەی بوو کارت بە دەستی سۆڤێت و ئازەربایجان و ئێرانەوە، قبوڵی سڕینەوەی نەکرد و خۆی خۆی سڕییەوە.

- مەلا مستەفای بارزان

مەلا مستەفا تاکە سەرکردەی کوردە کە توانیوێتی بە زەبری هێز دەوڵەت بە چۆکدا بهێنێت و دان بە مافەکانی کورددا بنێن.

ئەو کاتەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی کوژایەوە، خۆی بە ئەمیر تاهیری، سەرنووسەری رۆژنامەی «کەیهان»ی وت: «کار من تمام است»، ئەو چوار ساڵ لە ژیاندا بوو کە کوڕەکانی میراتی شۆرشەکایان لە نێو خۆیان بەش کرد.

ئەم نموونانە بۆ ئەوە نین، مرۆڤ وەها تەسەوربکات لە حاڵەتی کوژانەوە هەستانەوە نییە، هەمان مێژووی ئێمە پێمان دەڵێت دەیان سیاسەتمەدار هەن لە ژیانی سیاسی خۆیاندا زۆر خراپ کەوتوون بەڵام بە باشتر هەستاونەتەوە، وەک:

- جەلال تاڵەبانی

لە ساڵی ١٩٧٠ تێکشکا کاتێک بە لاوازی گەڕایەوەی دیوەخانی بارزانی باوک، بەڵام هەر ئەم مام جەلالە دواتر و لە ١٩٧٥ بە دواوەوە بوو بە هێز و سیاسەتمەداری ژمارە یەک لە گۆڕەپانەکە. لە پاڵ بەرەی جوود کە لە چوار هێزی سیاسی پێکهاتبوون، سەدام حسێن لە ١٩٨٤ ئەو و حیزبەکەی وەک موخاتەبی کێشەی کورد وەرگرت.

- نەوشیروان مستەفا

رۆژگارێک کەسی یەکەمی شاخ و بڕیار بەدەست بوو، کاتێک لە هەڵبژاردنی مەڵبەندەکان لە ٢٠٠٥ کەوت، بە سایتێک و رۆژنامەیەک توانی پێنج سەد هەزار دەنگ کۆبکاتەوە، ئەو توانی لە سلێمانی هەڵبژاردن لە مام جەلال سەرۆککۆماری عێراق بباتەوە!

- مەسعود بارزانی

لە حەفتاکان ئەم پیاوە و حیزبەکەی ژمارە دوو و هەندێک جار ژمارە سێ بوون لە گۆڕەپانی خەبات دژ بە رژێم، ئەمڕۆ پیاوی بەهێزی ژمارە یەکە لە بڕیاردانی سیاسی، لە عێراق، نەک کوردستان!

ئەوەی مەبەستمە لەم دوو نمونەیە ئەوەیە، ئەو کاتەی لە هاوکێشەی نێودەوڵەتی دەسڕرێیتەوە و شکست دەهێنیت و دەکەویت، ئەتوانیت هەستیتەوە بەڵام بە فۆرم و بەرگێکی نوێ! نەک جوینەوەی هەمان قەوانی سواو کە نە لە ناوخۆ و نە لە دەرەوە گوێیەک نییە گوێبیسی بێت.

ئەمڕۆ لە ناوخۆی یەکێتی و لە هەرێمی کوردستان و لە دەوڵەتانی هەرێمی و دەوڵەتانی خاوەن پایە و بڕیار، دانیان ناوە بە کوڕەکەی مام جەلال بۆ قیادەی یەکێتی، کە بە قەمسەڵەوە ئەمڕۆ پێشوازی لە سەفیری بەریتانیا کردووە لە عێراق!


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP