دواین هەواڵ

مەسروور بارزانی مووچەی هەزاران میدیاكاری یەكێتی و نەوەی نوێ دەدات

‌کارزان گلی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

دەزانم ئەو مانشێتەت بەلاوە سەیرە، بەڵام هیچ ناڕوونی و ناڕاستییەك لەو مانشێتەدا نییە، بەڵێ مەسروور بارزانی، مووچەی هەزاران میدیاكاری سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەدات و تا كۆتایی ئەم وتارە بخوێنیتەوە راستییەكانت دەست دەكەوێت.

لە زۆنی سەوز، دەیان ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆن و پەیج بوونیان هەیە، كە لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە ئاڕاستە دەكرێت و بودجەی بۆ دابین دەكرێت، ئەگەر ئەو كارمەندانەی لەوێ كار دەكەن بژمێریت، رەنگە ژمارەیان لە هەزار زیاتر بێت، هەموو ئەمانەش مووچەی مانگانەیان هەیە و هەر كەسە و بەشێوەی جیا.

ئەو ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆن و پەیجانە، هیچ كارێكی پڕۆفیشناڵی میدیایی ناكەن، راپۆرتێكی نیشتیمانی یان راپۆرتێكی ژینگەیی بڵاوناكەنەوە، تەنیا یەك ئەركیان پێ سپێردراوە، ئەویش جنێودانە بە خودی مەسروور بارزانی و كابینەكەی.

دەیان پەیج هەیە، هەموو رۆژێك هەواڵ و زانیاریی نا دروست لەبارەی كابینەكەی كاك مەسروور بڵاودەكەنەوە، سووكایەتی دەكەن و لە ئەتەكێتی رۆژنامەوانی لا دەدەن، هەمووی لەبەر ئەو مووچەیەیە كە مانگانە وەریدەگرن و بۆ ماڵ و منداڵیان خەرجی دەكەن.

با گریمانەی ئەوە بكەین، كاك مەسروور بڕیار بدات، بۆ كابینەیەكی تر نابێتەوە بە سەرۆك وەزیران، چی روو دەدات؟ بەر لە هەر شتێك مووچەی ئەو هەزاران بەناو میدیاكار و رۆژنامەنووسانە لەلایەن یەكێتییەوە دەبڕدرێت و دەنێردرێنەوە ماڵەوە، ئاخر ئەگەر كاك مەسروور وەكوو سەرۆك وەزیران نەمێنێت، ئەی جنێو و سووكایەتی بە كێ بدەن؟

بۆیە هەموو ئەو بەناو رۆژنامەنووسانەی لەو پەیج و ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆنانەوە سووكایەتی بە كاك مەسوور دەكەن، بەدڵ و بەگیان حەز دەكەن ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی كابینەی داهاتوو، تا مووچەكەیان پارێزراو بێت.

یاڵچن كووچووك، كە چەند مانگێگ بەر لە ئێستا لە توركیا كۆچی دوایی كرد، لە دیمانەیەكی درێژدا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، كە پاشان بوو بە كتێب و بڵاوكرایەوە، لێی دەپرسێت چیت هەیە بۆ ئەو هەموو نووسەر و رۆژنامەنووسە توركانەی رۆژانە سووكایەتیت پێ دەكەن؟ لە وەرامدا ئۆجەلان دەڵێت:“ لێیان گەڕێ با جنێوم پێ بدەن، ئەوان مووچەیەكی زۆر وەردەگرن تەنیا بۆ ئەوەی جنێو بەمن بدەن، بوومەتە نیعمەت بۆ ئەوان و لەسایەی سووكایەتی بەمن، مووچە وەردەگرن، ئەگەر من نەبم، ئەوان نانبڕاو دەبن.“

كەواتە ئەو مانشێتەی لەسەرەوە نووسیومە زۆر لەشوێنی خۆیەتی، مەسروور بارزانی، بووەتە نیعمەت بۆ ئەو بەناو رۆژنامەنووسانەی رۆژانە جنێوی پێدەدەن و بووەتە سەرچاوەی داهاتی مانگانەیان.

لی كوان یو، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری سەنگاپۆرا، كە ئەو وڵاتەی لەسفرەوە گەیاندە لوتكە، لە كتێبەكەیدا بەناوی (لەجیهانی سێیەمەوە بۆ جیهانی یەكەم)، كە لەداهاتوودا هەموو بابەتە گرنگەكانی ئەو كتێبەتان بۆ بڵاودەكەمەوە، چونكە خەریكی خوێندنەوەییم، لەشوێنێكدا دەڵێت: “كاتێك دەسەڵاتم گرتە دەست زۆر زەحمەت بوو، وڵات لەهەموو روویەكەوە لەپاشەكشەدابوو، لەناوەخۆشدا ئۆپۆزسیۆن هەوڵی دەدا بەر بەپێشكەوتنەكانم بگرێت و تەنانەت گیانیشم پارێزراو نەبوو، بەڵام خۆڕاگر بووم، چونكە ئامانجە گەورەكەم ئەوەبوو، سەنگاپۆرا بگەیەنمە لوتكە لەڕووی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنەوە”

پێموایە مەسرور بارزانی، ئیلهامی لە لی كوان یو وەرگرتوە و ئاوڕ لەدواوە ناداتەوە، سەرەڕای تێبینی و بوونی كەموكورتی، بەڵام ئامانجە گەورەكەی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە ئاستێكی بەرز لەڕووی كوالێتی ژیانەوە و رێگە راستەكەی هەڵبژاردووە، خەیاڵی گەورە دەكاتە راستی و دەیەوێت مێژوویەك بۆ خۆی بنووسێتەوە.
بۆ ئەوەی هەموومان هاوكاری مەسروور بارزانی بین لەورێگەیەی هەڵیبژاردووە، وەكوو ئەركی خۆم و بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی، ئیدی كەموكوڕییەكان دەستنیشان دەكەم و بڵاوی دەكەمەوە، ئیدی گولەكانم دەهاوێمە ئەو بەرپرسانەی پارتی، كە وەكوو دایبی منداڵ بۆنیان كردووە و پێویستە بگۆڕدرێن.

ئێمە نابێت لەئاست كەموكوڕی و ناعەدالەتی بێدەنگ بین، دەبێت وەكوو كادرێكی دڵسۆز حیزب دەنگمان بەرزبێت، دڵنیام كاك مەسرووریش هەر ئەو كەسانەی دەوێت و هەر رێز لەو كەسانە دەگرێت، چونكە یارمەتیدەری دەبن بۆ خەونە گەورەكەی، كە گەیاندنی هەرێمە بەژیانێكی بەكوالێتی و بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەكان.
دەبێت تۆی خوێنەر بزانێت نووسەرێكی نەتەوەییم، لەو سۆنگەیەوەیە پشتگیریی سەرۆك وەزیرانێك دەكەم، دەیەوێت ژێرخان بۆ ئەم هەرێمە دابنێت و دەیەوێت بیسەلمێنێت هیچ وڵاتێك هەژار نییە لەجیهاندا، ئەگەر بێت و سەرۆك وەزیرانەكەی دڵسۆز بێت و لەبری سوود گەیاندن بەكەسە نزیكەكانی ، سوود بەمیللەتەكەی دەگەیەنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP