بەشی یەکەم
ماوەیەکە کۆمەڵێک میدیا بە دڵخۆشییەوە باس لە کاندیدکردنی دکتۆر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەن. ئایا ئەم هەواڵە ڕاستە؟ ئایا گرنگە کوردێک بگاتە ئەو پۆستە؟ لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین یەک یەک وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە و دیوە جیاجیاکانی ڕوون بکەینەوە.
سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین: ئایا گرنگە کوردێک بگاتە پۆستێکی وا باڵا و گرنگ؟ هەڵبەتە بەبێ دوودڵیی و بە یەک وشە: بەڵێ.
لە هەر جێیەکی جیهان هەر کوردێک لە هەر بوارێک دەر بکەوێت و پێگەی هەبێت گرنگە. زۆر گرنگە کە وەرزشکارێک بتوانێت پاڵەوانێتییەکی جیهانیی وەدەست بێنێت، چ جای ئەوەی بگاتە باڵاترین پۆستی نێودەوڵەتیی، بەڵام پرسیاری لەمە گرنگتر ئەوەیە: ئایا تەنها هێندە بەسە کەسەکە بەڕەگەز کورد بێت تا دڵخۆش بین، یان پرسیارەکە جۆری کەسەکە و تەنانەت جۆری کوردبوونەکەی پێوەرە؟ ئەگەر مەسەلەکە تەنها ڕەگەز بێت، ئەوا هاکان فیدانیش کوردە!
ئەسڵی مەسەلەکە ئەمەیانە، بۆیە مافی هەر کوردێکە لە هەر جێیەکی جیهان بێت، نەک هەر بە سەرکەوتن و دەرکەوتنی قارەمانی وەکو نامۆ فازیل و دەنیز ئوونداڤ دڵخۆش ببێت، بەڵکو شانازیشیان پێوە بکات. چونکە وێڕای ئەوەی سەرکەوتنەکانیان هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی کورد و لایەنەکانی تێدا نەبوە، ئەوان دەرکەوتنەکەیان بۆ خۆیان نیە، بەڵکو بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەیانە. ئەوان بەم کارەیان نەک نەیانپرسی: کورد چی بۆ کردووین، بەڵکو لەوانەشە هەڵوێست و کاری لەوجۆرە زیانیش بەخۆیان و دەستکەوتەکانیان بگەیەنێت، باشترین نموونەش وریا غەفوورییە، کە ئازایانە بەگژ داگیرکەراندا دەچێتەوە و قوربانییش بۆ کوردستان و گەلە سەربەرزەکەی دەدات. ئەگەر هەڵوێست و هەستی ئینتمای بێبەرامبەریان بۆ کوردستان و کورد و ئاڵا شەکاوەکەی نەبێت، بە کورد چی ئەگەر ئەمانە ئەسڵەن هەبن یان نەبن؟
ئەم پێوەرە بۆ ئەدیب و شاعیر و هونەرمەندەکانیش ڕاستە. بە کورد چی ئەدیبێک، یان هونەرمەندێک خەڵات و ناوبانگی جیهانیی هەبێت و خزمەت بە داگیرکەران بکات؟ ئەگەر ئەمە بۆ ئەوانە ڕاست بێت، ئەوا بۆ سیاسییەکان مەرجە، چونکە سیاسییەکان ڕاستەوخۆ ئەرکیان نەک هەر خزمەتکردنی نیشتمان و نەتەوەیە، بەڵکو لەوەش زیاتر قوربانیدانیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەراندا. بە کورد چی کە هاکان فیدان کوردە؟ ئەسڵەن ((کوردبوون))ەکەی زیان بەکورد دەگەیەنێت.
بەهەمان شێوەش کەسانێک تا ئەو ئاستە بە ((کوردبوون))ەکەی قالیباف خەڵەتابوون کە باوەڕیان بەو ڤیدیۆ دەستکردە کردبوو کە تێیدا قالیباف باس لە دەوڵەتی کوردستان و مافەکانی کورد دەکات. لەبەرامبەردا مافی خۆمانە دڵخۆش ببین بە گەیشتنی سیاسییەکی کورد بە پۆست و پێگە نێودەوڵەتییە باڵاکان، بەڵام دەبێت هەمان پێوەر لەسەریان پیادە بکەین. بۆ ئەم کەیسەش و بەهەمان پێوەرەکان، ئایا دکتۆر بەرهەم لەنموونەی وریا غەفووری و ئوونداڤ و نامۆ فازیلە، یان نموونەکەی تر؟
لەڕاستیدا دکتۆر بەرهەم لە هیچ کام لەو دوو جۆرە نیە. سەرەتا بەئاشکرا دیارە کە لە گرووپی قارەمانەکان نیە. ناهەقییشە ئەگەر بڵێین لە گرووپەکەی فیدان و قالیبافە.
ئەمەش لەبەر دوو هۆ:
یەکەم: ئەو دوانە نەک هەر بەشداریی خەباتی نەتەوەکەیان نەکردوە، بگرە لەناو دامەزراوەکانی داگیرکەرانەوە پێگەیشتوون و بوونەتە بەڵا بۆ کورد.
دووەم: ئەگەر فیدان و قالیباف بە توانا و هەوڵەکانی خۆیان پێگەیشتبن و پۆستێکی بەدەست هێنابێت بەبێ ئەوەی ((کوردبوون))ەکەیان یارمەتی دابن، ئەوا دکتۆر بەرهەم بەشی هەرە زۆری ئەو پۆستانەی وەریگرتوون پشکی کورد بوون، لەئەسڵدا بۆ نوێنەرایەتیی و خزمەتکردن و داکۆکیی لە کورد و مافەکانی پێی دراون.
لێرەدا باس لەو پۆستە حیزبیی و حکوومییانە ناکەم کە لە کوردستان وەری گرتوون. و باس لەهەموو هەڵوێست و کارەکانی ناکەم چونکە زۆرن، بۆیە تەنها چەند نموونەیەکیان لێ دەهێنمەوە.
مالیکی لە دیدارێکی تەلەفزیۆنییدا باس لەوە دەکات کە لە دکتۆر بەرهەمی پرسیوە ئەو کاتەی لەسەر پشکی کورد جێگری سەرۆکوەزیرانی عیراق بووە: چی بکەین بۆ ڕاگرتنی بەقاچاخبردنی نەوتی ناوچەی خانەقین؟ لە وەڵامدا دکتۆر بەرهەم، لە جیاتی هەر چارەسەرێکی دیکە بێ پێچووپەنا وتوویەتی با هێز بنێرین بیرە نەوتەکان کۆنترۆڵ بکەین. لەمەشدا کەس ئەم باسە لەگەڵ کەیسی گەندەڵییدا تێکەڵ نەکات لەبەر دوو هۆ:
یەکەم: مالیکی خۆی دەڵێت کە باسی ئەوەی کردوە پارتی نەوتی ئەوێ بەقاچاخ دەبەن، بەڵام دکتۆر بەرهەم پێی گوتوە، یەکێتیشیان لەگەڵە. واتا باسی حیزبەکەی خۆیشی کردوە.
دووەم: ئایا هیچ ڕێگەیەکی دیکە نەبوو جگە لە پێشنیاری ناردنی سوپا و هێزی ناوەند بۆ سەر ناوچەیەکی ڕزگارکراوی کوردستان؟ هیچ بیانوویەک ناتوانێت پاساو بۆ شەرعییەتدان بە ناردنی هێز و داگیرکردنەوەی بەشێکی کوردستان بکات، کە لە ئەسڵدا بەقوربانیی و خەبات و خوێن ڕزگار کراوە.
دکتۆر بەرهەم لەسەر حیسابی کورد و دەسەڵاتەکەی ئەو پۆستە باڵایەی لە دەوڵەت وەرگرتبوو، کەچی داوای ناردنی هێزی بۆ سەر کوردستان کرد. لە کاتێکدا کە من سەرۆکی فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان بووم لە پەرلەمانی عیراق، ومالیکی بەنیاز بوو هێزی سەربازیی بەرەو شنگال بجووڵێنێت، بەئامادەبوون و شاهیدیی هەر یەک لە (نەجیب باڵەتەیی و موحسین سەعدوون و خالید شوانی)، زۆر بەڕاشکاویی ڕێگرییم لە ناردنی هێز بۆ سەر کوردستان کرد و بەتوندیی و لەماڵەکەی خۆیدا بە مالیکییم گوت: بۆت نیە بە هیچ جۆرێک یەک تاکە سەرباز بەرەو شەنگال و ناوچە دابڕاوەکان بجووڵێنیت بەبێ ڕێککەوتن و هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە من بەشێکی نیم، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنیشیم. بۆ مێژووش دەبێت ئەوەش بڵێم لەو کۆبونەوەیەدا هەڵوێستی سێ هاوڕێکەی ترم بە تایبەتیش کاک نەجیب و دکتۆر خالید مەردانە بوو.
دکتۆر بەرهەم ٢٠١٤ بڕیاری یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆماری لە دەست حیزبەکەی خۆی سەندەوە و دایە دەست پارتی و لایەنەکانی تر، و ڕکابەریی کاندیدی حیزبەکەی خۆی کرد. هەر بەمەشەوە نەوەستا، بەڵکو لە کاتێکدا جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بوو، لە حیزبەکەی جیا بوویەوە و چی خوا پێی ناخۆشە بەهاوڕێکانی کرد و چوو حیزبێکی دیکەی دامەزراند. هەڵمەتی سەرەکیی هەڵبژاردنەکەی دژایەتیکردنی یەکێتی بوو، بەڵام کە تەنها دوو کورسی وەدەست هێنا و شکستی هێنا، ئامادە بوو حیزبە تازەکەی بەجێ بێڵێت و بگەڕێتەوە ناو یەکێتی تەنها بۆ ئەوەی کاندیدی بکەن.
ڕەنگە ئەزموونی دکتۆر بەرهەم و (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی) لەمێژووی سیاسەت و حیزبایەتیدا تاک و بێوێنە بێت: کەسێک کە جێگری سەرۆکی حیزبی حاکمە و چەندین پۆستی باڵای هەبوە، لە پێناوی پۆستی سەرۆک کۆماردا بەو شێوە توندە لە حیزب جیا دەبێتەوە، حیزبێکی دیکە دادەمەزرێنێت، بەڵام دواتر لەپێناوی پۆستێکدا حیزبەکەی کە خۆی دایمەزراندوە بەجێ دێڵێت و پشت لە هاوڕێکانی دەکات. دواتریش ئەو دوو کورسییەی بەدەستی هێناون تێکەڵ بە یەکێتی ناکات و حیزبە تازەکەشی هیچ کەڵکی لێ وەرناگرێت، بەمەش هەم یەکێتی و هەمیش هاوپەیمانیی بۆ بەرژەوەندییە شەخسییەکانی بەکار هێنا.
ئەم ئەزموونە زیانەکانی یەکجار زۆرن، لەوانەش یەک کۆمەڵ کادیر و سەرکردەی دیاری حیزبەکانی تر، یەک کۆمەڵ ئەکادیمیی و خوێندەواری باش کە دەکرا ڕۆڵی گەورە و باشی سیاسیی بگێڕن، لەو ئەزموونەدا زەبری گەورەیان بەر کەوت. لەمەش خراپتر وێرانکردنی بڕیاری کورد لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا و تەسلیمکردنی بەوانی تر. بۆ یەکەم جار کورد بڕیاری لەسەرۆک کۆمار نەدا، بەڵکو درایە دەست ئەوانی ترەوە. ئەم باسەش وردەکاریی تری تێدایە، کە ئەم وتارە جێگەی نیە. باسی ئەو ماوەیەی نێوان ٢٠١٤ – ٢٠١٨ ناکەم کە دکتۆر بەرهەم لە کوێ بوو.
کە بوو بە سەرۆکیش، پرۆژەیەکی هەبوو ناوی نابوو (عقد سیاسی جدید). بەپێی ئەم پرۆژەیە دەیویست باس لە هەموارکردنی دەستووری عیراق بکات، کە لەسایەی دۆخی لەو جۆرەدا کارێکی زۆر ترسناک بوو، بەڵام هەر بەوەشەوە نەوەستا بەڵکو باسەکە گەیشتە سەر گۆڕینی سیستەمی حکومڕانیی عیراق لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی، کە ئەمە زۆر زۆر مەترسیدارە بۆ کورد و ماف و دەستکەوتەکانمان.
دواتریش کە ئەنجامەکانی کۆنگرەی یەکێتی بەخواست و بەرژەوەندییەکانی خۆی نەبوون هەڵوێستی دیکەی وەرگرت. تا ئەو کاتەی دووەمین پۆستی نێودەوڵەتیی لە نەتەوە یەکگرتوەکان وەرگرت و بوو بە کۆمیسیاری باڵای پەنابەران. لەو پۆستەشیدا چی بۆ کورد کردوە؟ لە کاتی پەلاماردان و پیلانی لەناوبردنی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستاندا، کە کۆبانیی سەربەرز گەمارۆ درابوو، هەر هەموو کوردێک لە مەیدان بوو و ئەوەی پێی کرا درێغیی نەکرد، کەچی تاکە کەسێک کە ڕاستەوخۆ ئەرکی پۆست و وەزیفەکەی دەبوو ناچاری بکات بجووڵێت و کارەساتەکە ڕابگرێت دکتۆر بەرهەم بوو... نەمانزانی لەکوێ بوو.
ئایا ئێستا ئەگەر ببێتە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان چی بۆ کورد دەکات؟
لەو کاتەی بەشێوازی دڕندانە ڕێگریی لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی دەکرێت، بەڵێ لەو کاتەی کە باران دەچێتە ناو خێوەتی سەدان ئاوارەی سەربەرزی ڕۆژئاواوە، جەنابی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران لەکوێیە؟ لە کاتێکدا کە کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤ کە کورد نیە، باس لەوە دەکات بەمزووانە دەگاتە سوریا و باس لە مافی پێکهاتەکان دەکات، لەو کاتەی مایک واڵتزی نوێنەری ئەمریکا لەو نەتەوە یەکگرتوانەی دکتۆر بەرهەم کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانەکەیەتی هەڵوێستی توند دەردەبڕێت، خەریکی چیە؟ لە کاتێکدا کە ئەگەر هەر کەسێکی غەیرە کوردیش کۆمیسیاری باڵای پەنابەران بایە هەڵوێستی باشتری دەبوو، جەنابی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران کە کوردە و جگە لە کوردبوونیش ئەوە بەشێکە لە ئەرکی وەزیفە و پۆستەکەی، لەکوێ بوو؟
لە بەشی داهاتووی ئەم وتارەدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە کە لە کوێ بوو، ئەو وەڵامەی لەجیاتیی دڵخۆشیی دەبوو ئەو میدیایانە شەرمەزار بکات کە بانگەشەی بۆ دەکەن. هاوکاتیش وەڵامی پرسیارێکی لەمانەش کاریگەرتر دەدەینەوە:
ئایا خودی هەواڵی کاندیدکردنەکەی دکتۆر بەرهەم بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕاستە، یان نا؟ و ئایا ئەگەرەکان چین؟ مەبەستەکانی پشت ئەم هەڵمەتە دڵخۆشەی ئەم میدیایانەش دەبێ چی بن؟