دواین هەواڵ

کشانەوەی ئەمریکا؛ مەترسیی یاخود دەرفەت؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

9 کاتژمێر پێش ئێستا


هەمووان باس لە مەترسییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن. با ئێمە لە دیوەکەی تری دیمەنەکەوە سەیری بکەین و بڵێین: ئەم کشانەوەیە، هەرچەندە دەتوانێت مەترسی و نیگەرانی دروست بکات، بە هەمان شێوە دەتوانین وەك دەرفەتیش بیبینین ومامەڵەی لەگەڵدا بکەین.

 بەڵام ئەگەر مەترسییەکان بۆ سەلماندنیان پێویستیان بە بەڵگەوکردەوەی زۆری ئێمە نەبێت، بەدەرفەتکردنی ئەو بارودۆخە بە تەواوی پێچەوانەیە؛ چونکە پێویستی بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە، پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی ئامانجەکان هەیە. واتە، ئەوە خۆمانین کە دەبێت ئەم دۆخە بکەین وبگۆڕین بە دەرفەت. ناونیشانی ئەو  هەوڵەش لێپرسراوێتی قۆناغەکە لەئەستۆگرتن، شکاندنی  بەربەستی دەروونی و گەڕاندنەوەی توانای دەستپێشخەریی سیاسییە لەنێوماڵی هەرێمدا.

بوونی ئەمریکا و خۆرئاوا لە نەوەتەکانەوە تاکوو ئێستا، لە هەندێک ڕووەوە بۆ هەرێم پاڵپشتێکی گرنگ بووە و خودی بوون و مانەوەی هەرێم لە کۆمەڵێک ڕووەوە قەرزداری ئەو بوونەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو بوونە هەمووی قازانج نەبووە، هەستێکی پارێزبەندیی دەرەکیی بۆ نوخبەی حیزبیی حوکمڕان دروست کردبوو؛ وا بیر دەکرایەوە کە هەرچی بکەن وململانیکان تاهەرکوێ بەرنە پێشەوەو ئەرکەکان چەند دوابخەن، چەترێکی پارێزگاری هەیە و ڕێگە نادات دۆخەکە بگاتە ئاستێکی وێرانکەر و مەترسییەکی وجودی بۆسەر هەرێم وبەرژەوەندە حیزبییەکانیان دروست بکات. ئەم جۆرە پشتبەستنەش بووە هۆی دواخستنی هەندێک لەو ئەرک و بەرپرسیارییە ناوخۆییانەی کە دەبوو خۆمان ئەنجامیان بدەین.

 دەرفەتی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کەدەرفەتێکی بێ پێشینەبوو لەمێژووی هاوچەرخی کوردا، لەسایەی نوای ئارام وهێڵی سووری ئەواندا، لەلووتکەی ناهووشیاریی مێژوویدا بەکاریان هێنا بۆ یەکێ لە خوێناویترین هەڵقەکانی شەڕی ناوخۆ! دوای رزگارکردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسیش، سەرەڕای کاتێکی زۆرو دەرفەتێکی بەرفراوان،  مەسەلەی کۆتاییهێنان بە دابەشبوونە حیزبییەکان، فرەدەسەڵاتی و فرەهێزی،  دروستکردنی چوارچێوەیەکی دەستووری و دامەزراوەیی بەهێز، هەروا بە چارەسەر نەکراوی مانەوە! تا کۆتادیمەن لەم روەوە گەیشتە قۆناغی دەستە وستانی سیاسی و بیرکردنەوە لەدەوەی زەمەنی سیاسی ناوچەکە کەلە پەڕلەمانێکی پەکخراوو حکومەتێکی کاربەرێکەرو چەندین و ردەواڵەی حیزبیی تردا خۆی دەبینێتەوە. کەئەوەش تەنها ئاستی لێوەشاوەیی سەرکردایەتی نوخبە حوکمڕانەکەی نەخستۆتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو سیمای گەلی کوردستانی باشوورو ناسیۆنالیزمی کوردیشی تاڕاددەیەکی زۆر شێواندووە!

ئێستاش، بە ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکا، هەرێم بەرەو ڕووی حەقیقەتێکی تاڵ بۆتەوە: ئەو نیمچە پارێزبەندییەی بۆ ماوەی نزیکەی سی ساڵ بوونی هەبوو،ئەگەر بەتەواویش کۆتایی پێ نەیەت لەسۆنگەی یەکلانەبوونەوەی جەنگ و ململانێی ناوچەکەو دۆخی عێراق،  هاوشێوەی جاران نامێنێت. پەیوەندیی  کشانەوەکەش بە پڕۆسەیەکی گەورەتر لە نێوان عێراق و ئەمریکاوە هەیە و هەرێم لە ڕووی فەرمییەوە لایەنێکی سەرەکیی ئەو مامەڵەیە نییە؛ بەڵام کاریگەرییەکانی بێگومان هەرێمیش دەگرێتەوە.

 بۆیە تاکە بژاردە لەئێستادا ئەوەیە، دەبێت، بیر لە بنیادنانی هەرێمێکی دەستووری، بەهێز، یەکگرتوو، خۆڕاگر و متمانەپێکراو بکرێتەوە؛ هەرێمێک کە لەسەر پێی خۆی بوەستێت. ئەمەش بەم دۆخەی ئێستا نایەتەدی، لەهەمان کاتدا دواخستنیش هەڵناگرێت. هەربۆیە  پێویستیمان بە، ببەکارهێنانێکی داهێنەرانەو سەرکردانەی عەقڵ، ڕاگەیاندنی دۆخێکی لەناکاوی: سیاسی، ئەخلاقی و نیشتیمانی هەیە بۆ شکاندنی بەربەستە کۆنەکان وکۆکردنەوەی سەرجەم توانا نیشتیمانییەکان بۆ رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەو ئاڵنگارییەکان و سوود وەرگرتن لەدەرفەتەکان و بەدەستەوە گرتنەوەی دەستپێشخەری سیاسی.

 دەبێت، ئەو بازنە دەروونی و سیاسییەی کە لە کینە، چاو بەیەکدی هەڵنەهاتن، لەمێژوودا ژیان، پێشخستنی بەرژەوەندیی گرووپی و تاکەکەسی و حیزبی بەسەر بەرژەوەندیی نیشتیمانی پێک هاتووە، بشکێنرێت. چوونکە هەرێم و باشووری کوردستان وەك بەشێك لەعێراق وخۆرهەڵاتی ناوەراست لەبەردەم قۆناغێکی گواستنەوەدایە. قۆناغێک کە لە پاڵ مەترسییەکان ولەدەستدانی دەستکەوتەکان، دەتوانێت دەرفەتی گەورەش بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی قەوارەی هەرێم و حوکمڕانی وبەرزکردنەوەی سەقفی داواکارییەکان بێنێتە پێشەوە.

 بەڵام دەبێت ئەگەری ئەوەش دابنرێت،  پێناسەی پێشمەرگە ومەرجەعیەتی سیاسی و بریاردەرەکەی،ناسنامەی هێزەکانی سەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییە دەرەوەییەکان، فڕۆکەخانەکان و هەندێک لە دەسەڵاتەکان  لەلایەن بەغداوە ملکەچی پێناسەکردن بکرێنەوە. هەروەها دەبێت بە وردی سەیری گۆڕانکارییەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و بە گشتی ناوچەکە بکرێت، چونکە ئەو گۆڕانکارییە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر داهاتووی هەرێم و فیدراڵیەتیش هەبێت، بەحوکمی ئەوەی ئیرادەیەکی سیاسی هەیە بەبەدوای بەمۆدێلکردنی ئەوەی لەباکورو رۆژئاوای کوردستاندا رووی داو روودەدا و بەنامۆ نیشاندانی بوونی هەرێم و چارەسەری فیدڕاڵیە بۆ مەسەلەی کورد.

 بۆیە ئەگەر دۆخی ئێستای هەرێم درێژە بکێشێت، کێشەکە تەنها لە شکستی پارتی و یەکێتی لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەشی حوکمڕانیدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو دەکرێت بە پرسیار لەسەر خودی ئەزموونی فیدراڵیەت و قەوارەی هەرێم وەك مۆدێلێکی حوکمڕانی و چارەسەریی درووست دەکات. تێکەڵبوونی حیزب و قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی حیزبی و دامەزراوەییش، مەترسییەکان چەند قات دەکاتەوە.

لەبەر هەمووئەوەی وتمان، تاراددەیەکی بەرچاو هەرێم لە نێوان دوو ڕێگادایە: یان خێرا چوون بەدەم ئەرکەکان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی، کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی و دووبارە بیناکردنەوەی ئەزموونی حوکمڕانی لەسەر بنەمای دەستوور و دامەزراوەکان؛ یاخود خۆدان بە دەست قەدەر و داهاتوویەکی نادیار و پێناسەنەکراوەوە.

هێشتاش دەرفەتەکان بەتەواوی کۆتاییان نەهاتووە. دەکرێت کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ببێتە پاڵنەرێک بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە لە سایەی بوونی ئەواندا نەمان توانیوە بە تەواوی ئەنجامیان بدەین. هەروەها دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنین قەوارەی هەرێم رەوایەتی لەکێشەیەکی نەتەوەیی قووڵ و مێژوویی وەردەگرێت نەك دۆخێکی جیۆسیاسی ئاوارتە، هایدگەرگووتەنی بوونی بوونیکی رەسەنە، دەتوانرێت پاساوو بەڵگەی بۆ بهێنرێتەوەو بەرگری لێبکرێت وپەیوەست نییە بە بوون ونەبوونی هیچ لەشکرو دەوڵەت ودۆخێکی سیاسی تێپەڕەوە.

بە واتایەکی دیکە، مەترسییەکان دەتوانرێن بگۆڕدرێن بۆ دەرفەت، ئەگەر کورد بتوانێت دەستپێشخەریی سیاسی بەدەست بگرێتەوە، بەسەر ناکۆکییەکانیدا زاڵ ببێت یاخود لانی کەم  لەئێستادا سڕیان بکات، توانا نیشتیمانییەکان کۆبکاتەوە و  نوخبەی حیزبیی حوکمڕان وەک نوێنەری گەل و نەتەوەیەکی بێدەوڵەت مامەڵە بکات. لەو کاتەدا، دەتوانین متمانەی دۆستانی کۆن و نزیکمان بە میکانیزمێکی نوێ لەجاران باشتربەدەست بهێنینەوە؛ چونکە متمانە بە داواکاری بەدەست نایەت، بە کردار وتوانای خۆ نوێکردنەوە دروست دەکرێت.

 لە کۆتاییدا دەڵێین، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، تەنها پرسیارێک نییە دەربارەی ئەمریکا وپەیوەندی بەناوچەکەوە؛  بەڵکوو پرسیارەکە لە بنەڕەتدا سەبارەت بەئێمە ئەوەیە: داخۆ ئێمە دەتوانین لە قۆناغی پشتبەستن بە پارێزبەندیی دەرەکی بگوازینەوە و بەرەو قۆناغێک بڕۆین کە خۆمان بەرپرسیارێتی چارەنووسی خۆمان  لەئەستۆ بگرین و درێژە بە بوونی واتادارمان بدەین؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP