دواین هەواڵ

ئەنتیگراسیۆنی ئۆجەلان یان ئەسمیلاسیۆنی دەوڵەت باخچەلیە؟

‌رێكان سه‌باح

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئۆجەلان لەژێر ناوی ئەنتیگراسیۆن دەستی بە پرۆسەیەك كردووە بە ناوی توركیای بێ تیرۆر" تا ئێستاش گرفتی لەسەر ناوی توركیای بێ تیرۆر نەبووە! واتا گفتوگۆیەكی فەرمی نیە ئۆجەلان رەتی بكاتەوە.

ئەوە كەلێرەدا گرینگترە لەوە كە تۆ بیری لێدەكەیتەوە وەكو هاوڵاتی ئەوەیە سێ مادەی دەستووری لەتوركیا دا هەیە، هەرگیز نابێت بگۆڕێت و نابێت پێشنیاری گۆڕانیشی بۆ بكرێت.

ئەوانیش مادەی 1ی دەستوور و مادەی 2ی دەستوور و مادەی 3ی دەستوورە بۆ پاراستنی ئەو سێ مادەیەش مادەی چواری دەستوور وەك پاسەوان دانراوە، بۆیە ناوی لێنراوە چوارینەكەی توركیا كە بریتیە لە: 
 Tek Millet, Tek Bayrak, Tek Vatan, Tek Devlet
یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک نیشتمان، یەک دەوڵەت

ماددەی ١: دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا کۆماریە. ماددەی ٢: جەخت لەسەر نەتەوەییبوونی ئاتاتورک (Atatürk milliyetçiliği) دەکاتەوە وەک بنەمای دەوڵەت.

لە ماددەی 3ی دا دەلێت" دەوڵەت و نەتەوە( تورك و تورکیایە) لەگەڵ خاک و نەتەوەکەیدا پارچە ناكرێت" (ئاماژە بۆ یەک نەتەوە و یەکپارچەیی). زمانی دەوڵەت تورکییە، ماددەکە تەنیا تورکی وەک پێکهاتەی فەرمی دەناسێنێت.ئاڵاکەی شێوازی مانگ و ئەستێرەی سپی لەسەر زەمینەی سووردایە! ئەوە تەواو وردەكاریەكانی مادەی سێهەمی دەستووری ساڵی 1982ی توركیایە.

ئەوە لێرەدا كۆتایی بە " تروسكایەكیش لەهیوا هەبێت بۆ ئەنتیگراسیۆنی ئۆجەلان دێنێت ماددەی چواری (4) دەستوورە" كە دەلێت"بڕگەکان و بنەماکانی ماددەی ١ی دەستوور سەبارەت بە جۆری کۆمار، هەروەها تایبەتمەندییەکانی کۆمار لە ماددەی ٢، و بڕگەکانی ماددەی ٣ ناتوانرێت بگۆڕدرێن و پێشنیاری گۆڕینیشیان نەکراوە و نابێت بشكرێت.

ئالێرەدا پرۆژەی ئۆجەلان بەپێی ئەم دەستوورە" مادەی یەك و دوو و سێ" مادەی چواری (قفڵ)" ئەنتیگراسیۆنی ئۆجەلان لەژێر ناوی پرۆژەی توركیایەكی بێ تیرۆر" دەكەوێتە گومان! بۆ؟ چونكە ناكرێت ئۆجەلان بێ ئاگا بێت لەوەی دەستوور" ماددەی نەگۆڕی تێدایە! یاساكەش لەژێر ناوی توركیایی بێ تیرۆرە! ئایە لەكوێدا پرۆسەی ئاشتی هەیە؟

با لێرەدا جیاوازیەك بكەین لەنێوان ئەسملاسیۆن و ئەنتیگراسیۆن" تێکەڵبوونی هاوچەرخ ئەنتیگراسیۆن-Integration): بریتییە لە بەشداریپێکردنی پێکهاتە و کەمینە جیاوازەکان لە ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتدا، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری کەلتوور، زمان و ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان ببن. ئەی توواندنەوە(ئەسمیلاسیۆن...Assimilation) چیە؟ بریتییە لە سەپاندنی ناسنامە، زمان و کەلتووری نەتەوەی باڵادەست بەسەر کەمینەکاندا، بە جۆرێک کە ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان لەدەست بدەن و ببنە بەشێک لە نەتەوەی باڵادەست.

 ماددەی ٣  سەرنجت رادەكێشێت بۆ دەوڵەت بە خاک و نەتەوەکەیەوە پارچەنەکراوە و زمانی تورکی تەنیا زمانی دەوڵەتە، ڕێگە بە دروستبوونی سیستەمێکی پەروەردەیی بە زمانی دایک یان دانپێدانانی فەرمی بە زمانەکانی تر وەک کەرستەیەک بۆ ئینتیگراسیۆن نادات.

سەپاندنی بەسەر هاوڵاتی نەتەوەییبوونی ئاتاتورکیە"، وەكو لە ماددەی ٢ئەم دەستوورە دەلێت " نەتەوەبوون لە تورکیادا بە "تورکبوون" بەستووەتەوە (تەنانەت ماددەی ٦٦ی دەستوور دەڵێت: هەموو کەسێک بەستراوەتەوە بە هاوڵاتی تورك لەناو دەوڵەتی توركیا.

 کاتێک ئۆجەلان داوا لەنەتەوەی (کورد) دەکات تێکەڵ ببێت، بەپێی ئەم دەستوورە، تێکەڵبوونەکە مانای دەستبەرداربوونی ناسنامەی ڕەسەن و قبووڵکردنی ناسنامەی سەپێنراوی تورکبوونە. ئەمەش پێناسەی ڕاستەوخۆی ئەسمیلاسیۆن واتا توانەوەی نەتەوەی كورد لەناو دەوڵەتی توركیا و نەتەوەی تورك.

بەپێی دەستووری ١٩٨٢ی تورکیا، سەرجەم هەوڵەکان بۆ تێکەڵبوون لە ناوەڕۆکدا دەبنەوە بە ئەسمیلاسیۆن و توواندنەوەی فەرهەنگی، چونکە چوارچێوە یاساییەکە دان بە هیچ هاوبەشێکی نەتەوەیی یان زمانەوانیدا نانێت لە تەنیشت نەتەوە و زمانی تورکیدا.

پرسیارە جەوهەریەكە لێرەدایە، ئایا ئۆجەلان ئاگاداری ئەوەنیە؟ ئێستا لێرەدا دوو رێگا لەبەردەم ئۆجەلان دا هەیە، ئایا ئۆجەلان تەسلیم بووە، یان ئۆجەلان لەبنەرەتدا  لەبەرامبەر ئازادكردنی خۆی دا هەموو شتێك بۆ ئەسمیلاسیۆنی دەوڵەت باخچەلی دەكات؟ 
@followers

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP