دواین هەواڵ

بەدەم داواکەی "سەرۆکی یەکێتییەوە"ەوە چووم !

‌رێکار مەلا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا

پێرێ سەرۆکی یەکێتی، لە میانی بەشداریکردنی لە دیدارێکدا، بە متمانەیەکی زۆرەوە وتی:"کەس لە حکومەت ڕازی نییە، بچن لە خەڵک بپرسن!"

منیش وەک هاووڵاتییەکی گوێڕایەڵ، بڕیارم دا بەدەم ئەو بانگەوازەوە بچم. لە گەشتێکی خەیاڵیدا، خۆم کۆکردەوە؛ کارتە بانکییەکەی (هەژماری من)م خستە گیرفانم، گڵۆپ و ئامێرە کارەباییەکانم کوژاندەوە تا ماڵێکی تر لێی سوودمەند بن، و بێمنەت لە "ئەمنییەتی گەڕەک" و بەبێ ترس لە دز و جەردە، دەرگای ماڵم داخست و وەڕێکەوتم. کەمێکیش شەیدای بینینی دیمەنی بەنداوە نوێیەکەی گۆمەسپان ببووم. 

هەر کە کەوتمە سەر شەقامی ١٥٠ مەتری، کە بەهۆی جوانییەکەوە خەیاڵ بردمییەوە و، بیرم کەوتەوە: "باشە ئەوە من چی دەکەم؟" نە تیمێکی ڕاپرسییم پێیەو نە فۆرمی ئاماری، بەڵام دەبێت هەرچییەک بێت پەیامەکە بگەیەنم و چەند وەڵامێک لە لە زاری خەڵک هەڵکڕێنم.

ڕێگایەکی شاهانەم بڕی تا گەیشتمە دێگەڵە. لەوێ، وەک ئەوەی لە سەدەی بیست و یەکەوە باز بدەیت بۆ ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، قیری ڕزیو و چاڵ و چۆڵی بەخێرهاتنیان کردم.
گەیشتمە ئەو دووسایدەیەی دەرەوەی کۆیە کە ناوی مەرحوم (مام جەلال)ی لێ نراوە؛ بریا ئەو ناوە گەورەیەی لێ نەندرایە، چونکە ڕێگاکە هێندە بێ‌سەروبەر و پەلەپڕوزێی پێوە دیار بوو، تەنها بۆ "مارکێتینگی حزبی" و کاتی بانگەشە دەهات، نەک بۆ سەلامەتیی گیانی خەڵک.

گەیشتمە سلێمانی، شارە شیرینەکە؛ ئەو شارەی تا لێی نزیک دەبیتەوە شەیدات دەکات و تامەزرۆیی دروست دەکات، ویستم لە "سەد مەترییەکەی سلێمانی"یەوە دەست بە ڕاپرسییەکەم بکەم، بەڵام وەک بڵێی تەمومژ بێت، دیار نەبوو و تەواو نەببوو! ناچار چوومە سەرچنار.

لەوێ بە سادەیی لێم پرسین: "ئەرێ خەڵکینە، ئێوە لە حکومەت ڕازین؟" هەندێکیان بە جۆرێک سەیریان کردم وەک ئەوەی لە ئەستێرەیەکی ترەوە هاتبێتم، وتیان: "کاکە بڕۆ
با هوتێل لالەزار و قەتڵوعامی ئامۆزاکان وەڵامت بدەنەوە! بڕۆ با هێنانی هێزی سەربازی و مودەرەعە بۆ ناو کۆڵانەکان، مێژووی ڕازیبوونی ئێمەت بۆ بگێڕنەوە."

چوومە شەقامی سەهۆڵەکە، ناوەندی گەنجە خوێن گەرمەکان. پرسیم: "دەڵێن لێرە کەس لە حکومەتی هەرێم ڕازی نییە، وایە؟" گەنجێک بە تەنزەوە وتی: "ئەفەندی، مەگەر تۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانت نەدیوە؟ یان لای ئێوە ڕازیبوون بە واتایەکی تر دێت؟"

لەو کاتەدا پیرەپیاوێکی سپی ‌پێستی سلێمانی، کە دیار بوو زۆر و کەم لەم دنیایە گەیشتووە، بانگی کردم و وتی: "ڕۆڵە، وێڵی چ پرسیارێکی؟" وتم: "خاڵە گیان، هاتووم بزانم بۆچی دەڵێن خەڵک لێرە لە حکومەتی هەرێم ناڕازین؟"

پیرەپیاوەکە مژێکی قووڵی لە جگەرەکەی دا و داینیشاندم، بە زەردەخەنەیەکی تاڵەوە وتی: "ڕۆڵە گیان، دیارە خوێندەواری بەڵام وا دیارە غەریبی! 

بۆچی ناڕازی بین؟ لەبەر کارەبای ٢٤ سەعاتی؟ یان ئەو سیستەمە بانکییە پێشکەوتووەی کە مانگانە بێ دڵەڕاوکێ مووچەکەمان دەخاتە سەر مۆبایلەکانمان؟ یان بۆ هەنگاوەکانی ئاسایشی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند و ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە؟یان بۆ ڕێگاوبانەکان؟ 

ئەی بپرسە بۆ لێرە ناڕازیت؟ مەگەر نابینیت سلێمانی بووەتە وەرشەی کار و پڕۆژە؟" یان قاچاخچێتی و تاڵانکردنی قاسەی نەخۆشخانەکان و متكردنی پرۆژەکانی حکومەت و سەرنووگم کردنی داهاتی ئەم دەڤەرە؟ 

پیرەو پیاوی قسەخۆش درێژەی دایێ و وتی؛ بەڵێ ناڕازین، لە کورسی بردراو، لە سەرکردەی دەستگیرکراو، لە هاوپەیمانی زۆرەملێ، لە دەنگی ناڕەزایی کەتمکراوە، لە ئازادی فەیک و حزبی خەسێنراو، لە گۆڕانی لە قاڵبدراو، لە نەوەیەکی نوێی پیرکراو.

سەری هێنایە پێشەوە و بە دەنگێکی نزمتر وتی: "کوڕی خۆم، بڕۆ... بڕۆ لای ئەو بەرپرسانەی کە دەڵێن خەڵک ناڕازییە، پێیان بڵێ ئێمە لێرە لەناو 'بەهەشتێکی بێدەنگ'دا دەژین، ئەوەندە ڕازین کە تەنانەت ناوێرین لە ئازارانیشماندا بتەقینەوە!"

لەوێ تێگەیشتم؛ ڕاپرسییەکەی من و قسەکەی کاکە پاڤڵ، یەکناگرنەوە و، من لە خەیاڵێک و خەڵکی شارەکەشم نەک لە خەیاڵێک بەڵکو لە گێژاوێک، کە سەپێندراوە بەسەریاندا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP