هەرێمی کوردستان ناسکترین ئەڵقەیە لە ناو زنجیرە ململانێکانی ناوچەکە، لاوازترین لایەنی ناو هاوکێشە سیاسییەکانە، بێگومان لە جەنگێکی وا سەختدا کە تازەترین تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی سەربازی تێدا تاقی دەکرێتەوە پڕیشکیشمان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەو زیانە گیانی و ماڵییانەی بەرمان دەکەوێت، پێویستە دان بەخۆماندا بگرین و هەڵوێست و پەرچەکردارەکانمان هاوسەنگ و بەرپرسانە بن، گرنگە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی بێلایەنی و خۆ پاراستن لە تێوەگلان لەم جەنگە و زیان و لێکەوتەکانی.
بیرمەند و سیاسەتمەداری کوەیتی (د.عبدالله النفيسي) لەسەر جەنگی (ئەمریکا، ئیسرائیل _ ئێران) دەڵێت :
" ئاگاداری هەموو وڵاتانی کەنداو دەکەمەوە لە (کوەیت) هەتا (سەڵتەنەی عومان) و هۆشدارییان پێ دەدەم کە هەوڵێکی جدی هەیە لەم جەنگەدا تێوەبگلێین وەک هاوپەیمان یان هاوبەشێکی بچووک (الشریک الصغير)، هاوبەشی بچووک مەترسیدارترین ڕۆڵە لە مێژوودا، هەمیشە هاوبەشی بچووک دەرئەنجامەکان لە ئەستۆ دەگرێت و باجەکەی دەدات ".
بۆ بیرهێنانەوە دەڵێت : " لە کاتی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان (عێراق _ ئێران) ئێمە (کوەیت) هاوبەشی بچووکی عێراق بووین، هەربۆیە دەرئەنجامی جەنگەکەمان لە ئەستۆ گرت، باجەکەیماندا و دوچاری داگیرکردن بوین ".
لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت :
" ڕاستە ئێران هەڵەی کرد لە بە ئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو و زیانی گیانی و مادیمان بەرکەوتووە، بەڵام نابێت ئەم کارە بەرچاومان لێڵ بکات کە ڕاستییەکان وەک خۆی نەبینین ".
لە کۆتاییدا داوا لە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو دەکات و دەڵێت:
"داواکارم لە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو درک بەو تەڵە گەورەیە بکەن، هەروەها ئەم جەنگە ئەوەی ڕوونکردەوە کە گروپێکی بچووک لە (سوپای پاسداران) دەتوانێت وڵاتانی کەنداو بۆردومان بکات لە (کوەیت) هەتا (سەڵتەنەی عومان) و شپرزەمان بکات، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بیر لە یەکگرتن و یەک هەڵوێستی بکەینەوە، ئەم جەنگە چانسێکی گەورەیە و هاندەرە بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو بیر لە سیاسەتێکی هاوبەش بکەنەوە لە ڕوی (بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوە و نەوت) و یەکگرتنی وڵاتانی کەنداو لە چوارچێوەی کۆنفیدڕاڵییەکدا ".
گەر بەراوردێک بکەین لەنێوان دۆخی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو لەبەر ڕۆشنایی لێدوانەکانی (د.عبدالله النفيسي)، دەبینین هەرێمی کوردستان بە وریاییەوە مامەڵەی کرد لەگەڵ ئەو هەوڵانەی کە هەبوو بۆ تێوەگلانی لەم جەنگەدا، هەڵبژاردنی بێلایەنی سیاسەتێکی دروست و عەقڵانی بوو، هەرچەندە هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرش و بۆردومان بۆتەوە بەڵام بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی بێلایەنی و تێوەنەگلان وەک هاوبەشێکی بچووک لە جەنگەکەدا باشترین بژاردە دەبێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە گەر وڵاتانی کەنداو توانای بەرپەرچدانەوەی بۆردومانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان نەبێت و بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەکانیان پێویستیان بە یەکگرتویی و یەک هەڵوێستی بێت، ئەوە هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەک و کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی و شەرعییەتی دامەزراوەکانییەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم قۆناغە هەستیارە، کە خۆی دەبینێتەوە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.