دواین هەواڵ

لێکدانەوەیەکی سیبوڵی: نەورۆز لە "بۆنەیەکی وەرزییەوە" بۆ "پڕۆژەیەکی نەتەوەیی" (کات، شوێن، جەستەی ڕەنگ)

‌ بەهمەن تاهیر نەریمان

5 کاتژمێر پێش ئێستا

کورد کە خاکی دابەشدەکرێت، پێویستی بەوەیە لە ناو خەیاڵگە و ڕەمزە هاوبەشەکانیدا خۆی خۆی کۆبکاتەوە و هەستی هاوبەش، ئاڵای هاوبەش، ئاهەنگی هاوبەش یەکیان پێبگرێتەوە، یەکپێگرتنەوەکە دەربڕینی خۆشییەکی هەمانکاتییە، واتە کوردان لەهەمان ڕۆژی نەورۆزدا چێژی "ئاهەنگگێڕان" یەکیان پێدەگرێتەوە، ئەگەر مەزەبی "شیعە" لە عاشوورادا یادی شەهیدکردنی حوسێن، بە لەخۆدان کۆیان بکاتەوە، ئەوا لە نەورۆزدا کوردان شادی و شایی و هەڵپەڕکێ، گۆرانی و سروود کۆیاندەکاتەوە.

کورد یەکگرتنەوە ڕەمزییەکەی ڕێگایە بۆ یەکگرتنەوەی خاک و ئاوە دابەشکراوەکەی، جەژنی نەورۆز، پلەبەپلە، ڕەمزی هاوبەشی کوردان یەکدەخات، ئەوەتا ئێستا کورد لە هەرکوێ بن، بێئەوەی ئەنجومەنێکی سەرتاسەریی کۆیان بکاتەوە و بڕیار لەسەر ئاڵا بدەن، لەناو نەورۆزدا کوردان بڕیاری یەک ئاڵایان دا، ئەو ئاڵایەی کە خۆرەکەی و بیستویەک تیشکەکەی دەرکەوتنەوەی نەورۆزە، ئیتر لێرەوە کورد ئەم یادە نە وەک ئاین وەردەگرێت، نە وەک ئاهەنگێکی ڕووت، بەڵکو، پێش هەمووشتێک جەژنێکی سیاسیی کۆکەرەوەیە. لەمڕۆدا نەورۆز بۆ کورد تەنها جەژن نییە، بەڵکو ساڵانە "گرێبەستی نێوان پارچەکان"  نوێدەکاتەوە. بێ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەکی فەرمیی کوردستانیی سنووربڕی هەبێت، هەموو کوردێک لە ٢١ی ئازار(یەکی نەورۆز)ـدا هەمان ئەو کارە دەکات کە کوردێکی تر لە پارچەیەکی تر دەیکات، لە تاراوگە دەیکات، ئەم "هاوچەشنییە (Uniformity) لە هەڵوێستدا، بەهێزترین بەڵگەیە بۆ درووستکردنی نەتەوە و یەکێتی نەتەوەیی.

گەلانی تریش، وەک "فارس و ئازەری"، ئاگردەکەنەوە، لای ئەمان ئاگر واتە وەرگرتنی وزە و پاکبوونەوەی ڕۆح، ئاگریش لەناو حەوشە و کۆڵانەکاندا دەکەنەوە. هی کورد واتا ڕەمزییەکەی تەواو سیاسییە، لەسەر لوتکەی چیاکان ئاگر دەکەنەوە، کردنەوەی ئاگری بڵێسەدار، واتە مژدەی ئازادی و ڕزگاریی، ڕێک لەگەڵ دۆخی کورددا ئاگری نەورۆزیش ڕەهەندی ئازادیی دراوەتێ، کورد لە نەورۆزدا بە دنیا دەڵێت مادام خاکم داگیرکراوە، ئەوا من لە بڵێسەی ئاگردا ئازادیی خۆم بەرجەستەدەکەم، هەر بۆیە ئاگری نەورۆز کوردێنراوە و بە ئاوەزمەندیی کورداندا تێپەڕیووە. ئێستا ئاگری نەورۆزی کوردان، جگە لە لوتکەی چیاکان، هاتووتەناو شارە گەورەکان و وێنەی یەک کورد، یەک نیشتمان، یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک هەستی هاوەبەش بەرجەستەدەکات.

شکاندنی "کات"ـی سەپێنراو
بیستویەکی مانگی سێ کە یەکەم ڕۆژی نەورۆزە، وەک "کاتێکی پیرۆز" بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی "هەر کوردبووین و کورددەبین" دەردەکەویتەوە، کورد لە نەورۆزدا لە "ماڵ دێتەدەرەوە". ئەم دەرچوونە تەنها گۆڕینی شوێن نییە، بەڵکو جۆرێکە لە "یاخیبوون لە کاتی ئاسایی"، یاخیبوون لەو کاتەی کە لەسەدەی بیستدا کوردی تێدا دابەشکرا، کوردان لە نەورۆزدا لەو کاتە یاخیدەبن و دانیپێدانانێن، هەموویان لە یەک ڕۆژی دیاریکراودا پەیماندەدەن کە کوردبن و  خۆیان کات و شوێنی کوردبوونی خۆیان دیاریدەکەن.
داگیرکەر دەیەوێت "کاتی کورد" بەپێی ڕووداوە مێژووییەکانی ئەو بڕوات (بۆ نموونە: ڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەتەکەی یان ڕۆژی سوپا)، بەڵام کاتێک کورد لە "٢١"ـی ئازاردا، بێ گوێدانە یاسا و قەدەغەکارییەکان، دەڕژێتە سەر شەقام، ئەو دژی کاتی فەڕمیی دەوڵەتی داگیرکەر دەوەستێتەوە و لەو ساتەدا، کاتژمێری هەموو کوردەکان لە هەموو پارچەکان بەپێی "کاتی کوردی" لێدەدات.

نەورۆز لای کورد "کاتی یاخیبوونە"، ئەمە واتە کورد ساڵانە مێژووەکەی "سفر" دەکاتەوە. داگیرکەر دەیەوێت کورد وا هەستبکات کە مێژووەکەی کۆتایی هاتووە و بووە بە بەشێک لە مێژووی ئەو، بەڵام کورد لە نەورۆزدا دەڵێت: نەخێر، مێژووی من لەگەڵ بەهاردا هەموو ساڵێک لە نوێوە دەستپێدەکاتەوە.

سەربەخۆیی تەنها ئەوە نییە پەرلەمانت هەبێت، بەڵکو ئەوەیە کە "خاوەنی کاتی خۆت بیت". کاتێک تۆ بڕیار دەدەیت چ ڕۆژێک جەژن بێت و چۆن یادی بکەیتەوە، تۆ سەروەریی خۆت بەسەر کاتدا دەسەلمێنیت. ئاگری سەر چیاکان وەک "کاتژمێرێکی گەورەی ڕووناکی" کار دەکەن کە پەیامی "ئێمە هێشتا لێرەین" دەگەیەنن.
نەورۆز لای کورد تەنها "یادکردنەوەی ڕابردوو" نییە، بەڵکو "دروستکردنی داهاتووە"، کاتێک کورد لە یەکساتدا لە هەموو شوێنێک دەڕژێتە سەر شەقام، ئەو "کاتە پارچەکراوەی" کە داگیرکەر بەسەریدا سەپاندووە (کاتی تورکی، کاتی عەرەبی، کاتی فارسی) تێکدەشکێنێت و "کاتێکی کوردیی یەکگرتوو" بەرهەمدەهێنێت.

شوێنی داگیرکەر و شوێنی کوردان
ئەگەر لە سەدەی بیستدا کورد لە شوێنی داگیرکراو یاخیبوبێت و چووبێتە چیا ئاگری مژدەی شەفەق بە گوێی نەیارانیدا دابێت، ئەوا لە سەدەی بیستویەکدا، ئاگر لە چیا دێنێتەخوارەوە و لەناوجەرگەی شارە گەورەکانی خۆی دەیکاتەوە، نەک هەر ئەوە، دەیباتە پایتەختی چەقی داگیرکاری کە ئەستەنبوڵە، لەوێشەوە بۆ پایتەختی سەندنەوە و پێنەدانی ناسنامەی وڵات  کە دیمەشقە. گوێزانەوەی ئاگری نەورۆز لە لوتکەی شاخەوە بۆ جەرگەی شارە گەورەکان، گوێزانەوەی شۆڕش و بەرخۆدانە لە شاخەوە بۆ شار، لە هێزی ڕەقەوە(چەک) بۆ هێزی نەرم(خەباتی مەدەنی)، لەوێ هاواردەکەن "یەکە یەکە یەکە... گەلی کورد یەکە". بارستاییەک لە مرۆڤ کۆدەبێتەوە ئەو بارستاییە جستەی مرۆڤی کوردە، ئیتر بارستایی جەستە لەناو شاردا دەبێتە"سەنگەر"، بارستایی جەستە لەسەر خاکی خۆی و لەسەر خاکی ئەویش شەرعییەتی بوون بەخۆی دەدات.

لەم کاتەدا کە بارستاییەک لە مرۆڤ لە نەورۆزدا خۆی نمایشدەکات، ئەوە نمایشی ڕاستەقینەی جەستەی کوردە، نمایشێکە سنووربڕە، تۆرەکۆمەڵایەتی و میدیاکانی دنیا دەیکەن بە ڕووداوێکی جیهانی، لەڕێی ئەو ڕووداوە جیهانییەوە کاتێک ملیۆنان کورد لە یەککاتدا دەچنە سەر شەقام، ئەوان تەنها لەگەڵ داگیرکەر نادوێن، بەڵکو وێنەیەکی "شارستانی و مەدەنی" پێشکەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کە جیاوازە لەو وێنە "توندوتیژ و نەرێنییەی" داگیرکەر دەیەوێت بۆ کوردی دروستبکات. بارستاییەکە لەڕێی میدیاوە لە هەموو شوێنێکە، دەبێتە زمانی دبلۆماسیی گەلێک کە بە ئاهەنگ و ئاشتیی مافی خۆی  بە گوێ و چاوی دنیادا دەدات و مافی خۆی سەردەمییانە دەسەنێت.

ڕەشکردن و سڕینەوەی فرەڕەنگی
کورد لەبەردەم سیاسەت و دۆخی تواندنەوە و سڕینەوە و ئەسمیلەکردنی "ئەوانیدی"ـدا لە نەورۆزدا لە ماڵ دێتەدەرەوە، دژی شاردنەوە و ڕەشکردن و ونکردن و تارکیکردن، ئەوان بە جلوبەرگی ئاڵاوواڵا و زەرد و سەوز و سور و ڕەنگە بەهارییەکانی کوردستان، بە ڕەنگی درەوشاوە و گەرمەوە، دێن و دەردەکەون و خۆیان بەرجەستەدەکەنەوە. دژی پەرتکردنیان، بە شانبەشانی یەکەوە، شاییدەکەن و هەڵدەپەڕن، دژی بێدەنگکردن گۆرانی دەڵێن و سرود دەچڕن و سورشت پڕدەکەن لە دەنگ و مۆسیقا. نەورۆز بە ئاراستەی دەرکەوتن و سەرشانۆخستنی کوردان کاردەکات، دژی سیاسەتی سڕینەوە دەوەستێتەوە. لە کاتێکدا داگیرکەر دەیەوێت جەستەی کورد "بشارێتەوە" یان "بیکاتە سەرباز"، کورد لە نەورۆزدا جەستەی خۆی دەکاتە "سەکۆیەکی نمایش"، هەڵپەڕکێ و گرتنی دەستی یەکتر (دەستەوستان نەبوون)، جۆرێکە لە دروستکردنی "دیوارێکی مرۆیی" کە هیچ سنوورێکی دەستکرد ناتوانێت بیبەزێنێت.

کاتێک دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر دەیەوێت کۆمەڵگەیەک بێدەنگ بکات، یەکەمین شت کە دەیکات "سڕینەوەی جیاوازییەکان" و سەپاندنی "ڕەنگی یەکپۆشییە" (زۆرجار ڕەنگی ڕەش یان خۆڵەمێشی وەک هێمای خەمۆکی و گوێڕایەڵی)ـیە. لێرەدا ڕەنگ و سەما لە ئامرازێکی جوانییەوە دەبنە سەنگەرێکی مەدەنی.

با ئەمە بکەین بە سێ خاڵ:
١) ڕەنگ وەک "بەیاننامەی بوون" 
لە زانستی سیمبوڵناسیدا، ڕەنگە گەشەکانی وەک (سەوز، زەرد، سوور) کە لە پۆشاکی کوردیدا دەبینرێن، تەنها بۆ جوانی نین. ئەمانە دژە-تەمی ئەو "ڕەشییە سیاسییەن" کە دەیەوێت کورد وەک نەتەوەیەکی مردوو یان بێدەنگ پیشانبدات. پۆشینی ئەم ڕەنگانە لە ڕۆژێکی وەک نەورۆزدا، جۆرێکە لە داگیرکردنی فەزای گشتی؛ واتە کورد لەڕێی ڕەنگە بەهارییەکانییەوە دەڵێت: "من لێرەم و ناتوانیت بمشارێتەوە."

٢) هەڵپەڕکێ و شادیی وەک "دیواری مرۆیی" 
هەڵپەڕکێی کوردی (بەیەک ڕیز و شانەبەشانەوە) مانایەکی سیاسیی قووڵی هەیە، جەستە دەبێتە جەستەیەکی سیاسی(یەکگرتوویی جەستەیی): کاتێک لە هەڵپەڕکێدا دەیان کەس دەستییەکدەگرن، یەکێتییەکی نەتەوەیی و هاوشادی و هاوخەمی و هاوچارنووسی و یەکڕیزی بەرجەستەدەکات.

٣) تێکشکاندنی "ترس" لە ڕێی شادییەوە 
گەورەترین چەکی داگیرکەر "ترسە". کاتێک گەلێک لە ناو جەرگەی مەترسیدا گۆرانی دەڵێت و هەڵدەپەڕێت، مانای وایە ترسەکەی شکاندووە، دیواری ترس نەماوە. شادی لەم دۆخەدا دەبێتە کردارێکی شۆڕشگێڕانە، چونکە نیشانی دەدات کە دوژمن نەیتوانیوە ڕۆحی ئەو گەلە بشکێنێت و چاوترسێنی بکات.
بژی نەورۆزی کوردان، نەخشەڕێژی یەکێتیی نەتەوەیی و بەسەرابکردنی خەونی داگیرکەر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP