دواین هەواڵ

· نوخبەی ئاخوندی: ئەندازیارانی تاریکی و وێرانی

‌بابەکر دڕەیى

6 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڵدانی موشەکی چوارهەزار کیلۆمەتری بۆ دورگەی گارسیا، لە جیاتی ئەوەی دۆخی ئیران بەرەو سەقآمگیری ببات و دوژمنەکانی لێ سارد بکاتەوە، نزیکە لەوەی بەرەیەکی گەورەتری شەڕ لە کۆماری ئاخوندی بکاتەوە.

هیچ نوخبەیەک لە میژوودا ، لە قەبارەی وڵاتێکی مەزنی وەک ئێراندا، هێندەی ئەم گروپە دەسەڵاتدارە ئاینیەی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە بەرژەوەندی دانیشتوانی وڵاتەکەی و ، دژ بە کۆی بەرژەوەندی مرۆڤەکان لەسەر گۆی زەوی، رەفتاری چەوت و ناشایست و نەفامانەی ئەنجام نەداوە.

لە بنچینەوە هاتنی کۆماری ئیسلامی بۆ دەسەڵات هاتنێکی خوێناوی و کارەساتبار بو: سەدان و هەزاران تیکۆشەری سیاسی دیموکرات و لیبراڵ و چەپی خستە بەر پەتی قەنارەو دەستریژی گوللەو، سەروی ملیۆنێک مرۆڤی بێتاوانی لە شەڕێکی پوچی بێبناغەدا بەکوشتدا و ، هەزاران تیکۆشەرو نارازی تری لە٤٧ ساڵەی تەمەنیدا بە بەهانەی جۆراوجۆرو بە پیلانی جیاواز فەوتاندو رەوانەی ژێرخاکی کردن.

کۆماری ئیسلامی واتە کۆماری کوشتن و خوێن، واتە کۆماری سەرکوتی نارازیان و گەلانی ستەملیکراوی ئیران و دژایەتی بچوکترین مافی سەرەتاییی ئینسان کە لە پۆشینی جل و بەرگ و ئازادی سیاسی دا خۆی دەبینێتەوە.

شەری ئیستای نوخبەی رادیکالی شیعەی ئیسلامی ئێران دژی ئەمریکاو خۆرئاوا لە بنچینەوە بۆ قڵپکردنەوەی ئەو ئازادی و پیشکەوتنە سیاسی و ئابوریانەیە کە گەلانی ناوچەکە بەدەستیان هێناوە و نوخبەی قینلەدڵ و بوغزاوی ئێران، بە بەهانەی ئایدیۆلۆژی و ئاینی، خوازیارن خۆرهەڵاتی ناوەراست بەو جۆرە بەڕێوەبەرن کە لەگەل بەرنامەی دینی و مەزهەبی پیش ١٤٠٠ ساڵەی ئەواندا گونجاوو تەبایە.

شەری ئەمجارە بە شکستی ئیران کۆتایی دێت و حەتمیەتی میژویی ئەوە دەسەلمێنێت کە دەسەلاتدارانی ئێران لە هەلسەنگاندنی دۆخی خۆیان و ناحەزەکانیاندا بەهەڵەدا چون و لۆجیکی ژیان و شارستانیەتی نوێی مرۆڤ ڕێگە بە سەرکەوتنی ئەوان نادات .

بەڵام، بە گریمانەی مەحاڵ ( هەر وەک د سادق زیباکلام وتویە) گەر ئەمریکاو ئیسرائیل تیکبشێکین و سەرپاکی لەشکرو فرۆکەیان بە ناخی زەویدا بچێتە خوارەوە و ناوچەکە چۆڵ بکەن ، حوکمڕانی و سیاسەت و بەرنامەی « بەدیل» ی نوخبەی پاتاڵ و گەندە و ستەمکاری کۆماری ئیسلامی چیە بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە،؟

** گەندەڵی ملیاردی و بەخێوکردن و ناردنی جوجە ئاخوندەکان بۆ هارڤارد و ئۆکسفۆرد ؟

** سەپاندنی لەچک و سەرپۆش و سەندنەوەی کۆی ئازادیە شەخسی و سیاسیەکان؟

** سەرکوتی گەلی کوردو گەلانی ناوچەکە و ئینکارکردنی جیاوازیە کلتوری و ئەدەبیەکان و تواندنەوەیان لە کلتوری ئیسلامی - فارسیدا؟

** شکست ی ئابوری و هەڵاوسانی دو ژمارەیی و ڕادانی کۆی خەلکی ناوچەکە بەرەو خوار هێڵی هەژاری؟

** قەدەغەکردنی گشت مەراسیم و پەرستگا ئاینیەکان جگە لە شیعەو سەرکوتی ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان،؟

** دروستکردنی لەشکری تیرۆرو کوشتار لە گەلانی ناوچەکە دژ بە ئەمریکاو ئیسرائیل و بەخشینی ملیارەها دۆلار پارەی خەلکی ئیران بەو گروپە تیرۆریستانە؟؟
هتد

بەلێ .. کۆماری ئیسلامی کۆماری تاقمیک مرۆڤی سادیست و مرۆڤکوژ و سەرکەوتگەر بوە لە مەودای زیاتر لە ٤٧ ساڵدا... مانەوەی ئەم گروپە و عینادیکردنیان بە دریژەدان بە شەرو مانەوە لە دەسەڵاتدا زیانێکی گەورە بە کۆی مرۆڤایەتی و خەڵکی ئیران بە گشتی و، گەلی کوردو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەراستە بە تایبەتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP