چۆن درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسمان و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستە ژێر باڵەکانی خۆیان ! ناساندنی هەموو جۆرەکانی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەوەی یەکەمەوە تا ئەمرو لە( ابابیل، تلاش ، مهاجرەوە بگرە تا حدید، کرار، شاهد).
-مێژوو و چیرۆکی سەرهەڵدانی بەرنامە و هێزی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران: درۆنەکان چۆن بوونە چاوی دووەمی کۆماری ئیسلامی: چیرۆکی پشت پەردەی کەتیبەی (رعد) و دەست پێکردنی بەرنامەی درۆنی کۆماری ئیسلامی.
هەندیک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، ئەرتەشی پادشایی ئێران تەنیا چەند درۆنیکی هەبوو بۆ مەبەستی ڕاهێنان بەکاری دەهێنان، بەڵام زەروورتی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودیریی و سیخوڕی لەو ڕۆژەوە سەریهەڵدا کە فەرماندەکانی بەرەکانی جەنگ دژی عێراق ڕووبەڕووی تەحەددی بوونەوە کە بۆ هۆی سنووردارکردنی فڕینی فڕۆکە سیخوڕیەکانی RF4ی ئەرتەش، بەمەش هێزە چەکدارەکانی ئێران بێبەش بوون لە وێنەگرتنی ئاسمانی وەک گرنگترین و متمانەپێکراوترین ئامراز بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و دەستنیشانکردنی پێگەی دوژمن لە بەرەکانی شەڕدا.
دوابەدوای سزای ئابوری-چەک بەسەر ئێران، وە پێویستی بەرەکانی جەنگ بە وێنەگرتنی ئاسمانی و نیگەرانی فەرماندەکان لە نەبوونی ئامرازێکی بەدیل بۆ فڕۆکەکانی RF4، هێزە چەکدارەکان و ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەکادیمی بڕیاریاندا بیر لە چارەسەرێک بکەنەوە بۆ ئەوەی بەدیلێکی بۆ دابین بکەن. بوونی ئەو وڵاتە لە ژێر گەمارۆی ئابوری-چەک لەلایەن ئەمریکا و جیهانی ڕۆژئاوا وایکردبوو کە دەست گەیشتن بە درۆن و تەنانەت پارچەکانی بۆ ئێران ماوەیەکی زۆری پێ بچیت یا مەحاڵ بێت، هێزە چەکدارەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ناچار بوون کە دیزاین و بەرهەمهێنانی نموونەی سەرەتایی بۆ تاقیکردنەوە دروست بکەن دواتر باشتری بکەن و گەشەی پێ بدەن.
بۆیە یەکەی هەواڵگری ئۆپەراسیۆنەکانی قەرارگای خاتم الانبیاء کە سەرەکیترین بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشە، کە بەرپرسیار بوو لە ڕێکخستن، ئاراستەکردن و پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی ڕژێمی بەعس، لە ساڵی ١٩٨٣دا ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە بووەوە لە وەرگرتنی زانیاری لە پێگەکانی دوژمن. ئەم یەکەیە کە چەندین شێوازی جۆراوجۆری بەکاردەهێنا بۆ وەرگرتنی زانیاری لە دوژمن، لەوانە وێنەگرتنی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکەکانی RF4 و RF5ی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، سوود وەرگرتن لە گروپە پیادە سیخوڕییەکان، گوێگرتن لە پەیوەندییەکان و دەرهێنانی زانیاری لە دیلەکانی جەنگ، لە ساڵی ١٩٨٣، دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی فەرماندەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران و ڕاگەیاندنی فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەرتەش و سنووردارکردنی فڕینی فڕۆکەکانی RF4 بە هۆکاری جیاواز، لەوانەش بەهێزی سیستەمی بەرگری عێراق، کەمی فڕۆکە، تێچوونی زۆر و مەترسی زۆری ئەم جۆرە فڕینانە، هانی فەرماندەکانی جەنگی دا کە بەدوای دۆزینەوەی ئامرازێک یان شێوازێکی بەدیلەوە بن.
بۆیە لە سەرەتادا فەرماندەیەکی سەربازیی بەناوی چەمران لە وەزارەتی بەرگری و دواتر جیهادە ئەکادیمییەکانی زانکۆی ئیسفەهان، زانکۆی تەکنەلۆجیای ئیسفەهان، زانکۆی تەکنەلۆجیای شەریف و زانکۆی شیراز هەنگاوی سەرەتاییان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دا. لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکانی زانکۆی ئیسفەهانەوە، پرۆسەی بەدواداچوونی بنیات نرا، بەرهەمهێنانی درۆن و سوودوەرگرتن لە بواری جەنگ و هەواڵگریی تا پێکهێنانی یەکەی درۆن لە سوپای پاسداران دەستی پێکرد.
پێویستی قەرارگای خاتم الانبیاء بە زانیاری هەواڵگریی لەسەر قووڵایی هێزەکانی دوژمن کە لەلایەن تۆڕەکانی پیادەی سیخوڕیەوە ئیتر قابیلی پشت پێ بەستن نەبوو ئەمە لە لایەک و نەبوونی وێنەی ئاسمانی لەلایەن ئەرتەش لە لایەکی دیکە، پێویستی بەو فرۆکانە یاخۆد درۆنانە هێندەی تر توندتر و زەرووری تر کرد.
لەگەڵ تەواوکردنی سەرکەوتووانەی یەکەم تاقیکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی ئەو درۆنەی کە دروست کرابوو، کە لەلایەن دامەزراوەی جیهادی زانکۆی ئیسفەهانەوە دروستکرابوو، لەنزیک دوورگەی ماسی(ماهی)، لەژیر سەرپەرشتی فەرماندەکانی قەرارگای خاتم الانبیاء ، هیوای ئەوەی کە جێگرەوەی فڕۆکەی RF4 بگرنەوە بەهێزتر بوو، ئەمەش بۆ هۆی ئەوەی کە بە فەرمانی فەرماندەی سوپای پاسداران کەتیبەی (رعد) ، کەتیبەی هەواڵگری بە ئامانجی دابینکردنی وێنە لە ئاسمانەوە ڕابگەیەندرێت. ئەم کەتیبەیە لە شاری ئەهواز و پاشان لە پادگانێکی نزیک بەرە جەنگییەکان جێگیر بوو، دواتر پێکهاتە و ڕێکخستنی دامەزراوەی خۆی فراوانتر کرد و هەوڵیدا شوێنی وێنە ئاسمانییەکانی ئەرتەش بۆ فەرماندەکانی سوپای پاسداران پڕبکاتەوە.
ئەم کەتیبەیە لە سەردەمی جەنگ و دواتریش بە دروستکردنی جۆرەها درۆن، لە ڕووی جۆری ئەرک، جوگرافیای ئۆپەراسیۆن و فرەچەشنی ئەرکەوە فراوانتر بوو، توانی لەوکاتەدا وەڵامی زۆربەی پێداویستییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان بداتەوە، تەنانەت ڕۆڵیکی گرنگی لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان و بەرگرییەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش هەبوو.سوودەکانی درۆنەکان بەراورد بە فڕۆکەی RF4 وای لە فەرماندەکان کرد پشتگیری ئەو بەرنامە تازەیە بکەن و شوێنێکی تایبەتی پێبدەن لە پلاندانانی ئۆپەراسیۆنەکاندا.
سادەیی وێنەکان، لە هەمووی گرنگتر تازەیان لە هەندێک حاڵەتدا، دقە، ڕوونی بەرزی وێنەکان، نزیکی و فرە گۆشەی وێنەکان، فراوانی ناوچەی وێنەگیراوەکان، خێرایی کارکردن کەمی تێچووی گەشتەکان، نەبوونی پێویستی بە لێهاتوویی تایبەت بۆ لێکدانەوەی وێنەکان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەروونی دژی دوژمن، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی فریودان، وەرگرتنی زانیاری لەو ناوچانەی کە ئاسایشیان زۆر توند بوو، ڕۆڵگێڕان لە چەندین لێدان، ناسینەوەی کێڵگەی مینەکان، دەست نیشان کردنی پێگەکانی دوژمن و ڕاستکردنەوە و یارمەتی دانی سیخوڕی زەمینی. بەدەست هێنانی هەموو ئەمانە بەبی بوونی مەترسی لەسەر سەربازەکان، تایبەتمەندیی ئەو درۆنانە بوو، کە زۆری نەخایاند بۆ هۆی فراوان کردن و گرنگی دان بەو پیشەسازیی و وەبەرهێنانە.
کەتیبەی رعد، بە بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری لەبواری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە دروستکردنی جۆرەها درۆن لەوانە تلاش-٣،٢،١ ، ابابیل و مهاجر …جۆرەکانی تر بۆیە بە خێرایی لە کەتیبە گۆڕدرا بۆ یەکەی درۆنی سوپای پاسداران کە توانی ڕۆڵی بێهاوتای خۆی لە بواری جەنگ، سەربازیی و هەواڵگریدا پیشان بدات.
جگە لەوەی کە دەست گەیشتنی ئێران بە درۆن، یاخۆد تەنانەت بە پارچەکانی زۆر زەحمەت کرابوو تەنانەت بەڕادەیەک بوو کە کرابوو بە مەحاڵ. بەڵام لێرەوە و بەم شێوەیە ئێران دەستی پێکرد، ئەمە بۆ بە پاشخانی بەرنامەی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئێستا لە ڕیزبەندی یەکێک لە دە باشترین وڵاتەکانی جیهانە لەم بوارە، بەم جۆرە بەرنامەی درۆنی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کرد،ئەم سەرکەوتنە لە پیشەسازی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی درۆن بۆ مەبەستی ئەمنی، سەربازیی و هەواڵگریی تا ساڵی ١٩٨٧ دوژمنانی ئێرانی بە بێ ئاگا هیشتەوە لە کاریگەریی ئەم درۆنانە، تەنانەت ئەگەرچی درۆنەکان پێکهاتەیکی زۆر سادەیان هەبوو، بەڵام نەیان توانی بە چەکە جۆراوجۆرەکانی خۆیان ڕیگریان لی بکەن.
بەم شێوەیە یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای پاسداران تا کۆتایی جەنگی عێراق زیاتر لە ٩٤٠ ئەرکی هەواڵگریی و سیخوڕی ئاسمانی ئەنجامدا، ٥٤ هەزار وێنەی تۆمارکرد، ١٨ هەزار و ٥٧٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی ناوچەی ئۆپەراسیۆن و پێگەی بەعسییەکانی وێنە گرت و دەستنیشانکرد. لە ڕووی قەبارەی کارەکانی بە بەراورد لەگەڵ ئیمکاناتی سەرەتایی، بە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین بەرنامەی سەربازیی سەردەمی جەنگی عێراق دادەنرێت. ئەم درۆنانە ئەگەرچی زۆر سادە بوون، بەڵام بۆ فەرماندەکانی سوپای پاسداران ئەوەندە بەنرخ بوون کە یەکێک لە فەرماندەکانی ئەوکات ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم وێنانە بۆ سوپا ئەوەندە بە بەها بوون کە بەهایان زۆر زیاتر بوو لە ١٠٠ تانک !.
بەهۆی ئەدای سەرکەوتوو و سەرنجڕاکێشی ئەم یەکەیە لە سەردەمی جەنگ دا، دوای جەنگیش تیشکی زیاتر خرایە سەر ئەم بوارە، هەرچەندە خێراییەکی خاو بوو، تا گەشەکردنی بەرچاوی دواتری لە کۆتایی دەیەی نەودەکان بەرهەمهێنانی نەوەکانی مهاجر، ئەبابیل…لە دوو کۆمەڵگەی پیشەسازی فڕۆکەوانی (قودس و هسا) کە سەر بە وەزارەتی بەرگرین و گرنگترین کۆمپانیای ئەو بوارەی کۆماری ئیسلامین.
-لە دیزاین و توانای سادە و ڕەسەنەوە بۆ بەرنامەی ئاڵۆزی درۆنی: ئاوڕێک لە نەوەی یەکەمی درۆنی کۆماری ئیسلامی
بەرنامەی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران کە زۆر سادە و بە ئامرازی زۆر سادە دەستی پێ کرد تا بوو بە یەکێک لە پێشکەوتووترین و گرنگترین بەرنامە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بوو بە یەکێک لە دە گرنگترین، باشترین و پێشکەوتووترین بەرنامەی درۆنی جیهان.
بۆ نموونە یەکەمین نەوەی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر سادە بوون،تەنانەت پێکهاتە و کەرەستەکانی زۆر سەرەتایی و سادە بوون بۆ نموونە:
-هەیکەلی بەزۆری لە دار دروست دەکرا.
-باڵەکانی تێکەڵەیەک لە دار و مادەکانی تر بوو.
-بزوێنەرەکەی زۆرجار بزوێنەری بچووکی بەنزینی بوون.
هەندێکجار هاوشێوەی بزوێنەری ماتۆڕسکیل،یاخۆد زۆرجار بزوێنەرەکانی بە دەست بە هندر کاریان پێدەکرا.
-هەروەها سیستەمی کۆنترۆڵ کردنی زۆر سادە بوو
-یاخۆد بۆ تۆمارکردنی وێنەکان کامێرای فۆتۆگرافی ئاسایی بەکاردەهێنرا.لە یەکەم درۆنەکانی ئێران(مهاجر-١، ابابیل ، تلاش)کە دیزاینێکی زۆر سادەیان هەبوو و پارچەکانی زۆر سادە و سەرەتایی بوون لەو شتانە پێکهاتبوو کە لەناوخۆ دەست دەکەوتن و دەتوانران لەوکاتە کە کاتی جەنگ بوو دەست بکەون، سەرنجی سەرەکییان لەسەر بەکارهێنانی پراکتیکی لە شەڕدا بوو نەک تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
-پێداویستییە ئۆپەراسیۆنییەکانی جەنگ لە بەرامبەر عێراق دا چۆن ڕێڕەوی پەرەپێدانی بەرنامەی درۆنی کۆماری ئیسلامی داڕشت
- چەقبەستوویی و سنوورداربوونی سیخوڕی ئاسمانی کلاسیک لە سەرەتای جەنگدا لەلایەک، لەلایەکی تر تەیارکردنی سوپای بەعسی عێراق بە سیستەمی بەرگری پێشکەوتوو. ئێرانی ناچار کرد کە بەرەو بەرنامەی درۆنی هەنگاو بێنیت.
-چارەسەرێکی داهێنەرانە و ئەلتەرنــاتیڤ بۆ فڕۆکە جەنگیەکان: درۆنەکان وەک ئەلتەرنــاتیڤ لە شوێنی فڕۆکەی جەنگی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی زانیاری هەواڵگریی، بۆ نموونە وێنەگرتنی پێکهاتەی دوژمن کە پرۆژەیەک بوو پێشنیارکرا لەلایەن دامەزراوەی جیهادی زانکۆی ئیسفەهانەوە، بیرۆکەیەکی بنەڕەتی سادە بوو، بەڵام زۆر گرنگ بوو، دانانی کامێرای ئاسایی بۆ فڕۆکەیەکی بچووک بۆ ئەوەی بەسەر هێڵەکانی دوژمندا بفڕێت. ئەم ڕێبازە بووە هۆی پێکهێنانی (فەوجی رعد)لە ساڵی ١٩٨٤ کە ئامانجی وێنەگرتنی بەرەی دوژمن بوو لە ڕێگەی درۆنی بچووک.
-زاڵبوون بەسەر نەبوونی ئیمکانات بە ئەندازیاری داهێنەرانەی ناوخۆیی و پەرەسەندنی سەرەتایی درۆن لە ئێران بە ئامرازی زۆر سەرەتایی، توانای سنووردار بە شێوەیەکی تەواو داهێنەرانە. بۆ نموونە کامێرای سادە و دواتر کامێرای کانۆن ئێف بەکارهێنران، یاخۆد بزوێنەرە سادەکانی درۆنەکان.
-سەلماندنی کارایی کارکردن سەرەڕای سادەیی ئامێرەکان، ئەنجام و دەستکەوتی سەرسوڕهێنەری بەدەستەوە دا، وێنە ئاسمانییەکان کە بە سەختییەکی زۆرەوە لەلایەن ئەم درۆنە سادە و بچووکانەوە گیران، بۆ فەرماندەکانی سوپای پاسداران زۆر بەنرخ بوون، بۆیە هەموو ئەمانە بۆنە هۆکاری پێشخەستنی تەواوی لایەنە جیاوازەکانی ئەم بوارە یەکەیەکی دیکەی ئاسمانی بە ناوی (القارعه)بۆ پشکنین و چاودێری ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران پێکهێنرا. هەر هەموو ئەو سەرکەوتنانەش بوونە هۆکاری سەرەتایی بۆ داڕشتنی بەرنامەی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران.
-پەرەسەندنی هێزی مووشەکی سوپای پاسداران، زەروورتی بەرنامەی درۆنی ئێرانی کردە ناچاری چۆنکە درۆن وەک (چاوی مووشەک) دەبینرا لەوکاتەدا.
-ڕەوتی بەرهەمهێنان و خێرایی پێشکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە بواری درۆن
هەرچەندە دروستکردن و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیاتر لە سەدەیەک لە ژمارەیەکی سنووردار لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بەردەوامە و ئەمڕۆش بەکارهێنانی
زۆر بەربڵاوە کە لە پیشەسازی و بوارە جیاجیاکاندا بەکاردەهێنرێت بەتایبەتی بواری سەربازیی،هەوالگریی و جەنگ، بەڵام ئەم پیشەسازییە مێژوویەکی زۆر دووری نییە لە ئێراندا و مێژووەکەی ئەم بوارە تەنانەت ناگاتە نیو سەدە. دەکرێ بڵێین سێ دەیە پێش ئێستا کۆماری ئیسلامی بە جددی چووتە ناو بواری دیزاینکردن دروستکردن و بەکارهێنانی درۆن لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی بواری سەربازیی بەڵام لەم ماوە کورتەدا پێشکەوتنی سەرسوڕهێنەریان بەدەستهێناوە.
ئەگەرچی دەوترێت بیرۆکەی بەرهەمهێنانی درۆن لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕش و پلانیکی دە ساڵە بۆ ئەمە دانرابوو هاوشێوەی ئیسرائیل ، بەڵام لە ئەساس دا ئێمە شاهدی هیچ پیشەسازی، درۆنیکی دروست کراوی سەردەمی پاشایەتی نین، تەنانەت هیچ چالاکی و ئۆپەراسیۆنەیکی درۆنی لە پێش سەردەمی کۆماری ئیسلامی بوونی نەبووە، لە سەردەمی جەنگی هەشت ساڵە کۆماری ئیسلامی دەستی کرد بە پیشەسازی درۆن شرکەتی فڕۆکەوانی قودسی دامەزراند، ئەم کۆمپانیایە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی دەزگای پیشەسازی فڕۆکەوانی وەزارەتی بەرگری لە ناوەڕاستی جەنگ دامەزرا، لە ساڵی ١٩٨٥، بۆ دیزاینکردن و دروستکردنی جۆرە جیاوازەکانی درۆن .
کۆمپانیای فڕۆکەوانی قودس بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئەو پرسە هاتە ناو پیشەسازی درۆن، بە دیزاینکردن و بەرهەمهێنانی چەند جۆرێک لە فڕۆکەی چاودێری و سیخوڕی بەکارهێنانیان لەلایەن سەربازەکانەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی وەک کەربەلا ٥ ، الفجر ٨ کە دەستکەوتی زۆر گەورەیان هەبوو .
پیشەسازی، دیزاین و بەرهەمهێنانی درۆن لەم کۆمپانیا دەوڵەتیە دوای شەڕیش بەردەوام بوو. لە گرنگترین ئەو درۆنانەی کە دروستی کردن (مهاجر،تلاش،ابابیل) بوون کە نەوەی یەکەم و مۆدێلە سەرەتاییەکانی لە ساڵانی جەنگ دیزاین کران. لە ساڵانی دواتریشدا مۆدێلە پێشکەوتووترەکانیان ناسێنران.کۆمپانیای قودس لە ساڵی ٢٠٠٠ کاری دیزاینکردن و دروستکردنی درۆنی(مهاجر-٤)، و (ابابیل-٣) کرد، کە بوونە سەرکەوتووترین درۆنی سیخوڕی ئێران. ئەم درۆنانە لە هەموو یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا بە شێوەیەکی بەرفراوان سوودیان لێوەرگیرا و تەنانەت هەندێکیان ناردران بۆ وڵاتانی تر.
جگە لە کۆمپانیای قودس، ناوەندی توێژینەوەی پیشەسازی فڕۆکەوانی (شاهد) لە پەرەپێدان و دروستکردنی درۆن چالاکە و لەگەڵ پیشەسازی فڕۆکەوانی ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان بەرهەمهێنا کە شێوە و دیزاینی ئایرۆداینامیکی(Aerodynamic)مۆدێرن بەناوی (هسا-١٠٠) . وەشانی پەرەپێدراوی (هسا-١٠٠) ناوی (شاهد- ١٢٣) لێنرا، کە یەکەم گەشتی لە ساڵی ٢٠٠٥ لە
(شاهین شهر)ی ئیسفەهان ئەنجامدرا و بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیپێکرد.فڕۆکەی (شاهد- ١٢٣)، بووە بنەمای دیزاین و پەرەپێدانی فڕۆکەی (شاهد-١٢٩)، یەکەم نموونەی فڕۆکەی (شاهد-١٢٩)، لە ساڵی ٢٠١١ لە فڕۆکەخانەی بەدری ئیسفەهان تاقی کرایەوە.
تا پێش ساڵی ٢٠١٢ زانیاری زۆر لەسەر تواناکانی ئێران لە بواری درۆن نەبوو و پێگەی ئێران لە ڕووی زانست و زانیاری دیزاینکردن، دروستکردن و بەکارهێنانی درۆن لە نێوان وڵاتانی خاوەنی ئەم تەکنەلۆژیایە لە سەرانسەری جیهاندا نەبوو. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ محەمەد ئیسلامی، بریکاری ئەوکاتە بۆ توێژینەوە و کاروباری پیشەسازی لە وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان، لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی (ثریا) دەرکەوت، کە بە بیانووی ڕاوکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی RQ-170ی توانا و تایبەتمەندییەکانی ئەم درۆنە پەخشکرا، ئاماژەی بەوە دا کە ئێران لە بواری تەکنۆلۆژیای درۆن لە ڕیزی ٥ وڵاتی سەرەکی جیهانە.هەروەها بۆ یەکەمجار وێنەکانی هێڵی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی درۆنی Scan Eagle ئەمریکی کە کۆپی کراوە لەلایەن ئێران پیشان درا.
-کۆماری ئیسلامی ڕێگایەکی ١٠٠ ساڵەی بە کەمتر لە ٣٠ ساڵ بڕی
ووتەکانی محەممەد ئیسلامی گرنگییەکی زۆریان هەبوو و هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد، چونکە بەپێی ڕاگەیاندنی ئیسلامی، تەنیا لە ماوەیەکی کورتدا لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە لە ماوەی کەمتر لە ٤٠ ساڵدا، و سەرەڕای جەنگی ٨ ساڵە و گەمارۆی هەمەلایەنە لەسەر ئێران، بەڵام توانی قەرەبووی بۆشایی زیاتر لە ٧ دەیەی لەگەڵ وڵاتانی پێشەنگی ئەم پیشەسازییە بکاتەوە بە پشتبەستن بە هندسە، زانیاری، توانای ناوخۆیی ببێتە یەکێک لە ١٠ زلهێزی سەرەکی لەم بوارەدا. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی ئەو ڕێگایەی لەماوەی ٣٠ ساڵ بڕیی کە وڵاتانی پێشکەوتوو زیاتر لە سەدەیەکیان پێ چوو.
فەریق ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، لە هەمان بەرنامەی ثریا لەساڵی ٢٠١٨دا باسی پێگەی جیهانی ئێرانی کرد لە بواری درۆن ووتی "ئەمڕۆ ئێمە هێزی پێشەنگی ناوچەکەین و لە نێوان ٤ بۆ ٥ دە باشترین وڵاتی جیهانین لە بواری پیشەسازی درۆن".
جگە لە بانگەش و لێدوانەکانی ژەنەڕاڵ حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی جارێکی دیکە لە ٢٠١٨ لە کۆنگرەی نەتەوەیی سێ هەزار شەهید لە پارێزگای قەزوێن، جەختی لە توانای بەرگریی و درۆنی وڵات کردەوە ووتی”ئەمڕۆ ئێمە لە بواری درۆن زۆر لە پێش وڵاتانی جیهانەوەین، وە زۆرێک لە بەرهەمە بەرگری و سەربازییەکانمان لە بیرکردنەوە و بیرۆکەی ئێرانیەکانە بۆ نموونە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بیرۆکەیەکی ئێرانیە (درۆنی خۆکوژی بۆ هێرشکردن و هەڵگرتن، هەڵدانی جۆرەها بۆمب، مووشەک، یان ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی دروستکراوە)،کە دەتوانن لە مەودای دووردا ئامانجەکەیان بپێکن و بگەڕێنەوە.
بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر بمانەوێت پرۆسەی دەستپێشخەری و چالاکییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەڕووی ژمارەوە بەراورد بکەین، ئەو ساڵانەی کە هەوڵی گەیشتن بەم تەکنەلۆژیایە درا، بە پشتبەستن بە زانیارییە بەردەستەکان، یەکەم فڕۆکەی بێ سەرنشین لە ساڵی ١٩١٣ فڕیوە و بۆ یەکەمجار لە ڕەهەندی سەربازیدا لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا بەکارهێنرا.
-ئەمریکا زیاتر لە سەدەیەکە لە بواری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، زۆرترین وەبەرهێنانیان لە دروستکردن، تەیارکردن و بەکارهێنانی لەسەر ئاستی جیهان کردووە و لە جەنگی ڤێتنامدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاری هێنا، ئەمڕۆش درۆنەکان ئەمریکا پێگەیەکی تایبەتیان لە سوپای ئەمریکادا هەیە. ئەمریکا لەم ڕووەوە لە پلەی یەکەمی جیهاندایە.
-چین چالاکیی جددی خۆی لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ساڵانی ١٩٥٠ - ١٩٦٠ دەستپێکرد، بەڵام گەشەسەندنی ڕاستەقینە و بەربڵاوی لە ساڵانی ١٩٩٠ بەدواوە خێراتر کرد.چین لە دوو دەیەی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکەرانی درۆنی سەربازی لە جیهاندا. کۆمپانیا و پیشەسازییە بەرگرییەکانی چین کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سیخوڕی، چاودێری ، شەڕی ئەلیکترۆنی، هێرش و جەنگ پەرەپێداوە.لە ئێستادا یەکێک لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهانە لەو بوارە.
-ئیسرائیل یەکێکی ترە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لە بواری پیشەسازی و بەکارهێنانی درۆن لە ئێستادا، بە گشتی بە یەکێکە لە ٥ زلهێزەکانی جیهان دادەنرێت لەم بوارەدا، ئیسرائیل لە ڕیزبەندی یەکەم تا سێیەمی جیهاندایە لە بواری تەکنەلۆژیای درۆن و هەناردەکردن،لە ساڵانی نەوەدەکان تا دەوروبەری ساڵی ٢٠١٠ تەنانەت گەورەترین هەناردەکاری درۆنی سەربازی بوو لە جیهاندا. لەساڵی ١٩٧٠ وە ئیسرائیل دەستی بە وەبەرهێنان لەو بواردا کرد لە ساڵی ١٩٨٠ بەکاری هێنا.
-ڕوسیا یەکێکی ترە لەو وڵاتانەی دیکە کە زۆر پێشکەوتووە لە بواری پیشەسازی سەربازی و بەرگریدا، لە ساڵی ١٩٢٠ چالاکییەکانی لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستپێکرد و لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەکاری هێنا.
کەواتە بەپێی داتا و ڕاپۆرتە سەربازییەکان، پێگەی ڕووسیا لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی لە ڕیزبەندی ٣-٥ وڵاتی سەرەکی جیهاندایە.
-ئەڵمانییەکان کە یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی تری بواری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانن، مێژوویەکی زیاتر لە ١٠٠ ساڵەیان لەم بوارەدا هەیە، لە ساڵی ١٩٣٧ دەستیان پێ کرد، لە جەنگی جیهانی دووەمیشدا بە شێوەیەکی کردەیی سوودیان لێ وەرگرتووە.هەروەها ولاتانی تر وەکو(تورکیا، فەرەنسا، بەریتانیا، کوریای باشوور، ئۆکرانیا).
بەم شێوەیە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی درۆن لە کۆماری ئیسلامی لە دەیەی هەشتاوە دەستی پێکرد و نموونەی سەرەتایی لە شەڕی ٨ ساڵەی دژ بە عێراق بەکارهات، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دیزاین و بەرهەمهێنانی درۆن لە کۆماری ئیسلامی دوای زیاتر لە ٧٠ ساڵ لە دوای وڵاتانی دیکە دەستی پێکردووە.بەڵام لە ئێستا یەکێکە لە باشترین و گرنگترین بەرنامەی درۆنی جیهانە.
-پرۆسەی مێژوویی و پاڵنەرە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بوون بە یەکێک لە باشترین هێزە درۆنییەکانی جیهان چی بوون:
دەتوانرێت ئەم پرۆسەیە پۆلین بەندی بکرێت بۆ چەند قۆناغیکی سەرەکی:
-سنورداربوون، شکستی شێوازە تەقلیدیەکان و تێچووی کەم و ئاسایشی زۆر: لە سەرەتای جەنگدا هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بەرپرسیار بوو لە وێنەگرتنی ئاسمانی بە فڕۆکەی RF-4، بەڵام لەگەڵ بەهێزبوونی بەرگری ئاسمانی عێراق زیانی ئەو فڕۆکانە زیادی کرد و فەرماندەکان بەبێ وێنەی ئاسمانی مانەوە.
-بەردەوام بوون، مانەوە و گۆڕینی ئەرک: لە چاودیریی و سیخوڕیەوە بۆ (چاوی مووشەکی) دوای کۆتایی هاتنی جەنگ گفتوگۆ لەسەر داخستنی یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرا، بەڵام لەسەر پێداگری هەندێک لە فەرماندەکان یەکەکە بەردەوام بوو. بەرنامەیکی زۆر فراوان دارێژرا. بەواتایەکی تر پاڵنەرێکی نوێ ( وردبینی مووشەک)، لەگەڵ پەرەسەندنی هێزی مووشەکی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، پێویستی بە ناسینەوەی وردی ئامانج و هەڵسەنگاندنی زیانەکان هەست پێ کرا.بۆیە درۆنەکان ڕۆڵی چاوی مووشەکەکانیان دەبینی بۆ پێدانی زانیاری شوێنی ئامانجەکان لە غیابی وێنەی مانگی دەستکرددا.
-خاڵی وەرچەرخانی تەکنەلۆژی: بە فەرمانی شەهید کازمی، چالاکیی درۆن لە شاهد دەستی پێکرد درۆنیکی ئیکس بۆ بنەمای لێکۆڵینەوە، هەروەها مەسەلەی کەوتنەخوارەوەی درۆنی ئیسرائیلی بەناوی هێرمێس (Hermes) لە نزیک شاری مەریوان خاڵیکی تری وەرچەرخان بوو بۆ ئەندازیارانی ئێرانی و بەرنامەی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران.هەروەها ڕاوکردنی درۆنی RQ-170 ئەمریکی لەلایەن ئێران بۆ هۆکاری ئەوەی کە ئێران بازدانێکی دیکەی گەورە بەهاوێژیت. ئەم ڕاوکردنە بووە هۆی پەرەپێدانی و بەرهەم هێنانی نەوەیەکی نوێ لە درۆنی پێشکەوتووی ئێران لەوانە شاهد،١٨١،١٩١ کە توانای فڕینی بەرزی هەیە (٣٠ هەزار بۆ ٣٥ هەزار پێ).
-لە دەیەی ٢٠٠٠ ئێران توانی بە درۆنی شاهد-١٢٣ وێنەی بەلەمی فڕۆکە هەڵگریکی ئەمریکی و جێگیرکردنی هێزەکانیان بگریت بەبێ ئەوەی بەناسرێت.
-جەنگی (سوریا و عێراق) و جەنگی دژ بە داعش ڕۆڵی ئێران لەم جەنگانە و هەژموونی لە ناوچەکە خاڵیکی تر بوو بۆ بەهێزبوون و پێشکەوتنی بەرنامەی درۆنی ئێران.
-سەرکەوتنەکانی هێزە ئيرانیەکان بە پالپشتی درۆنی ئێرانی بووە هۆی ئەوەی کە درۆنەکان وەک بەرنامەیکی نوێ شانبەشانی بەرنامەی مووشەکی حساب بکریت.
-دەست نەگەیشتنی ئێران بە تەکنەلوژیای سەردەم،فڕۆکە جەنگیە نوێ و پیشکەوتووەکان و چەکە سەردەمیەکان.
-بەگشتی درۆنە دروستکراوەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانرێت بە سێ دەستە دابەش بکرێت:
-بۆ مەودای کورت و سەقفی فڕینی نزمە: واتە مەدوای کاکردنیان سنووردارە بۆ نموونە(٥ -٢٠)کیلۆمەتر.
ناتوانن مەودای دوور ببڕن.بۆ گرتنی وێنەی ڕوون، بە جەزئیاتی بەرز لە ناوچەیەکی دیاریکراو لەوانە(تلاش -١)،
-بۆ مەودا و سەقفی فڕینی ناوەڕاست بۆ نموونە (مهاجر٢،٣).
-مەودای دوور و سەقفی فڕینی بەرز: بۆ نموونە (شاهد-١٢٩).
- ناساندنی جۆرەکانی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشتبەستن بە پۆلێنکردنی مەودا، بەرگەگرتنی فڕین و جۆری ئەرکەکانیان لە نەوەی یەکەمەوە تا ئەمرو لە( ابابیل، تلاش ، مهاجرەوە بگرە تا حدید، کرار، شاهد).
لە پیشەسازی و دیزاینی سادەی ڕەسەنەوە بۆ یەکێک لە بەرنامە ستراتیژییە پێشکەوت و گرنگە سەربازییەکانی جیهان: کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەنی چەندین جۆر درۆنی (سەربازی، هەواڵگریی، سیخوڕی، جەنگی و خۆکوژی)یە، کە ژمارەیان دەیان مۆدێلە لە زنجیرەی جیاواز. گرنگترین درۆنەکانی کە کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا دروستی کردون لێرەدا ئاماژە بە گرنگترین جۆرەکان دەکەین لەوانە:
-ئەبابیل(ابابیل)، ئەبابیل خێزانێکی درۆنی کۆماری ئیسلامیە کە چەند جۆری جیاواز و نەوەی لێ بەرهەم هێنراوە، هەریەکەیان تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە. تایبەتمەندییە گشتیەکانی خێزانی ئەبابیل (هەواڵگریی، سیخوڕی، جەنگی و خۆکوژی بەپێی مۆدێل و جۆرەکەیان دەگۆڕی)، هەروەها یەکەمین نەوەی درۆنی یەکجار بەکارهێنراوە کە توانای هەڵگرتنی ٤٠ کیلۆگرام تەقەمەنی هەبووە.(تایبەتمەندی ڕەهەند و فڕینەکانی نمونەکانی ئەبابیل جیاواز بوون لە درۆنەکانی تر، توانای گەیشتن بە خێرایی ٣٠٠ کم لە کاتژمێریک، مەودای فڕێنی ١٥٠ -٢٠٠کم، سەقفی فڕین نزیکەی ٤٢٠٠ مەتر و توانای هەڵگرتنی تەقەمەنی ٤٠ کیلۆگرام تەقەمەنی هەیە، بۆ ماوەی ٨ کاژمێر دەتوانیت بەفڕێت جۆرەکانی ابابیل: ابابیل -S ، B و T ،٥،٤،٣،٢،١
-صاعقە(١-٢):بۆ مەودای دوور و ئۆپەراسیۆنە خۆکوژییەکان بە مەودای ١٠٠ کیلۆمەتر و توانای ناردنی وێنەی هەیە تا بەرکەوتنی ئامانجەکەی. توانای زیادکردنی وردی لێدانی هەیە بە هەڵەیەکی کەمتر لە یەک مەتر، هەروەها دەتوانێت ئامانجێکی گرنگتر هەڵبژێرێت بە بینینی لە ڕێگەی وێنەکانەوە ئەگەر پێویست بوو. ئەم درۆنە بە دوو جۆری 1 و 2 دروست کراوە کە تایبەتمەندییەکانیان جیاوازن، توانای فڕێنی بۆ ماوەی ١ کاژمێرە.
-طوفان(چمران-٢):ئەرکەکەی خۆکوژی و سیخوڕییە.
شێوازی هەڵدانی بە یارمەتی ڕۆکێت. خێرایی ٢٥٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ، ١٠٠ تا ٤٠٠ کیلۆمەتر لە خاڵی فڕینەوە دەتوانێت دوور بکەیتەوە. سەقفی فڕینەکەی ١٤ هەزار پێ (٤٢٦٧ مەتر) و بەرگەگرتنی فڕینەکەی ١تا ٢ کاتژمێرە، هەڵدانی ئەم درۆنە لە نزیک هێڵی پێشەوەی شەڕ یان لە شەڕی شارەکاندا بە چارەسەرێکی دەستبەجێ و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ لەناوبردنی ئامانجێکی گرینگ دادەنرێت.
-ارش-٢،١: لە ساڵی ٢٠١٩ ناسیندرا، دەخولێتەوە و ئامانجەکە دەدۆزێتەوە و کاتێک ئامانجە ڕاستەکە دەستنیشان دەکات خۆی پێ دا دەتەقێنیتەوە، بۆ هێرشی ورد و دوور مەودا دیزاین کراوە، بە دووربڕترین درۆنی خۆکوژی ئێران دادەنرێت.فەریق کیۆمارس حەیدەری فەرماندەی هێزی زەمینی ئەرتەشی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕایگەیاند کە ارش-٢بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە شارەکانی کەنار دەریاکانی تەلئەبیب و حەیفا بکاتە ئامانج لە ئەگەری هەر پێکدادانێکی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل. توانای لێدانی ئامانجەکەی تا ٢٠٠٠ کیلۆمەتر هەیە. خێراییەکەی دەگاتە ١٨٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و لە بەرزایی نزیکەی ٣٦٠٠ مەتردا دەفڕێت.دەتوانێت زیاتر لە کاژمێریک لە ئاسمان دا بمێنیتەوە.
-کمان١٩-٢٢،١٢: کمان-٢٢ برا گەورەکەی کمان ١٢یە ، بۆ چاودیریی، کۆکردنەوەی زانیاری هەوالگریی، جەنگی،کە توانای بەرگەگرتنی فڕینی ٢٤ کاتژمێری هەیە، مەودای ٣٠٠٠ کیلۆمەتر و فڕینی تا بەرزی ٨٠٠٠ مەتر، توانای هەڵگرتنی ٣٠٠ کیلۆگرام چەکی جۆراوجۆری هەیە، پڕچەککردنی ئەم درۆنە بە درۆنی کروز حەیدەر ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە بەرزکردنەوەی تواناکانی کارکردنی.
-کرار:لە ساڵی ٢٠١٠ ناسێندرا، تا ئێستا چوار نەوەی درۆنی کرار ناسێنراون، کە جیاوازییەکی کەم لە ڕەهەند و تایبەتمەندی فڕێنیان هەیە، بەڵام ئەرکی هەمەچەشنیان هەیە. یەکەم درۆن کە بە زیرەکی دەستکرد تەیار کراوە.تا مەودای زیاتر لە ١٠٠٠ کێلومەتر توانای گەیشتن بە ئامانجەکەی هەیە، بە خێرایی ٩٠٠کم لە کاژمێریک،سەقفی بەرزی فڕێنی ١٠٧٠٠ بۆ ١٣١٠٠ م،توانای هەڵگرتنی ٢٥٠ کیلۆگرامی هەیە.
نەوەی درۆنی(شاهد):ئەم درۆنە کە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆربەی ئەرکەکانی هەواڵگریی، سیخوڕی، جەنگی هێزە چەکدارەکانی ئەنجامداوە، چ لە ناوخۆیی ئێران و چ لە هەموو بەرەکانی جەبهەی مقاومە، دەتوانرێت بە شانازیترین بنەماڵەی درۆنی ئێرانی هەژمار بکرێت. کە پێک هاتوون لە: شاهد ١٠١-١٠٧-١٢١-١٢٣-١٢٥-١٢٩-١٣١-١٣٦-١٤٧–١٦١-۱۷۱-١٩١-٢٣٨-٢٨٥) شاهد-۱۷۱ (سیمرغ / RQ-170 ئێرانی)،شاهد-١٤٩ غەززە.
شاهد-۱۲۱: یەکەم بەرهەمی درۆنی سیخوڕی شاهد-١٢١ بوو، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دوای چەند ساڵێک لە لێکۆڵینەوە بەرهەم هێنرا و بەکارهێنرا.دەتوانێت بۆ ماوەی ١٠ کاژمێر بەفڕیت، تا ٧٠٠ کیلۆمەتر بفڕێت و ئەرکی خۆی ئەنجام بدات و بگەڕێتەوە بۆ شوێنی سەرەتایی خۆی بەبێ ئەوەی پێویستی بە پڕکردنەوەی سووتەمەنی هەبێت.زۆرترین خێراییەکەی دەگاتە ١٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. هەروەها دەتوانێت ٣٠ کیلۆگرام هەڵبگرێت.
شاهد-۱۲۹: دووەم نەوەی بنەماڵەی شاهد، درۆنی شەڕکەری شاهد-١٢٩یە، کە بە باوەڕی زۆرێک لە شارەزایانی سەربازی، بە یەکێک لە سەروەتە ستراتیژی و ژیانییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دادەنرێت، شاهد-١٢٩ کە یەکەمین درۆنی شەڕکەری ئێرانی بوو کە توانای بە ئامانجەگرتنی بە بەکارهێنانی بۆمبی زیرەک و ڕێنمایی ورد، لە مانگی ٢٠١٢ ناسێنرا، ئەم درۆنە دەتوانێت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێری بفڕێت، دەتوانێت ئەرکەکەی لە نێوان ١٧٠٠ بۆ ٢٠٠٠ کیلۆمەتر دوور لە شوێنی خۆی ئەنجام بدات.شاهد-١٢٩ دەتوانێت هەشت بۆمبی زیرەکی(سدید) هەڵبگرێت سەقفی بەرزی فڕینی ٢٤هەزار پێ یە.نەوەی پێشکەوتووی شاهد-١٢٩ کە بە MQ-1ی ئێرانیش ناسراوە، ڕێنوێنی بە مانگی دەستکرد، توانای هەڵگرتنی ١٠٠ کیلۆگرامی هەیە.
-شاهد-۱۹۱:لەساڵی ٢٠١١دا هەواڵی گرتنی درۆنی ئەمریکی RQ-170 کە لەو کاتەدا بە یەکێک لە پێشکەوتووترین و لە هەمان کاتدا بە نهێنیترین تەکنەلۆژیای سەربازی ئەمریکا دادەنرا، ئەوکات ئەم هەواڵە لە پێشەنگی هەواڵە میدیاییەکانی جیهاندا هات.دوای دۆزینەوە و کۆدکردنەوەی داتا و زانیارییەکان لەم درۆنە ئەمریکیە و بە سود وەرگرتن لە ئەندازیاری پێچەوانە وردە وردە لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و جیهادی خۆبژێوی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران دەستی یپێکرد، دواجار بووە هۆی بەرهەمهێنانی نەوەیەکی نوێ لە درۆنی شەڕکەری مۆدێرن کە شاهد-١٩١ یە مۆدێلێکی درۆنی چاودێری، سیخوڕی، جەنگی و جەنگی ئەلیکترۆنییە کە مۆدێلەکی کۆپی کراوی RQ-170 بە قەبارەیەکی بچووکتر دروستکرا.ئەم درۆنە کە بە بزوێنەری تۆربۆجێت (Turbojet)تەیار کراوە، تۆربۆجێت کە لەسەر بنەمای تۆرباینێکی غاز دروستکراوە، بە شێوەیەکی باو لە فڕۆکەی خێرا و سەربازیدا بەکاردەهێنرێت، زۆرترین خێرایی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ماوەی فڕینی 4.5 کاتژمێرە، کەواتە بە دووری ٤٥٠ کیلۆمەتر لە خاڵی دەستپێکی خۆیەوە توانای فڕێنی هەیە، سەقفی فڕینی ٤٠ هەزار پێ و توانای هەڵگرتنی ٥٠ کیلۆگرامی هەیە. هەرورها شاهد-١٩١ دەتوانێت بۆ ئۆپەراسیۆنە جەنگیەکان ٢ بۆمبی زیرەکی(سدید) هەڵبگرێت .تایبەتمەندی جیاوازی ئەم درۆنە تاکتیکی بوونیەتی.
-مهاجر(١-٢-٣-٤-٦-١٠):زنجیرە درۆنی مهاجر : کە درۆنی جەنگی، سیخوڕی، چاودێرییە. کە نوێترین نەوەی مهاجر-١٠ یە توانای بەرگەگرتنی فڕینی ٢٤ کاتژمێری هەیە، مەودای کارکردنی ٢٠٠٠ کیلۆمەتر و توانای هەڵگرتنی چەندین جۆری تەقەمەنی زیرەکی هەیە لەوانە(بۆمبی قائم، مووشەکی ئەلماس).
-فطرس :درۆنی فطرس کە ڕەنگە بتوانرێت بە یەکەمین درۆنی هەیکەل گەورەی ئێرانی ناوببرێت. ئەم درۆنە مەودای کارکردنی دوو هەزار کیلۆمەتر و بەرگەگرتنی فڕینی ٣٠ کاتژمێرە و توانای بەرزبوونەوەی هەیە بۆ بەرزی ٢٥ هەزار پێ توانای هەڵگرتنی دو موشەک یا بۆمبی هەیە.
-باز: درۆنیکی زۆر مانۆڕدارە بۆ بەکارهێنانی سەربازی، هەواڵگریی ، سیخوڕی و وێنەگرتنی پیشەیی بەکاردەهێنرێن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە ئاسمانیەکان دیزاین کراوە. دەتوانێت بە خێرایی ٢٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بفڕێت و لە بەرزی ١٠ هەزار پێدا بفڕێت.
چەندین جۆری تر لەوانە:
-حدید-١١٠
-فراز-۱۰۲، ٢٠،٢،٣،
-معراج-٥٢١-٥٣٢
-سریر
-یسیر
-سینا
-امید
-باور
-سنجر
-محرم
-حماسە
-کیان-١،٢
-کیمیان
-هما
-هدهد
-پلیکان-۲
-وعید انصارالله
-گل شمعدانی ١،٢
-صادق
-مبین
-فرپاد
-رعد-٨٥
-تلاش
-کلاغ
-طارق
-کلیاک
-سینهسرخ
-چابک پر
-خاتم
-صیاد
-مرصاد
-سهند
-سپهر
-حازم
-زحل
-سفرە ماهی
-چۆن درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی هاوکێشەی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕی و خستیانە بەردەم تەحددی گەورە
لە هەفتەی سێیەمی جەنگ داین کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، سەدان درۆنی ئاراستەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بەمەش رۆژهەڵاتی ناوەراستی تەواو نا ئارام کردوە.ئەم درۆنە خۆکوژیانەی کە ئاڕاستەی زیاتر لە دە وڵاتی ناوچەکەی کردون ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان تەواو گۆڕیەوە، زیانێکی زۆریان گەیاندوە بە وڵاتانی ناوچەکە. مەترسی جددیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتانە دروست کردووە، ژیرخانەی ئەو وڵاتانەیان خستۆتە بەردەم تەحدیات ، مەترسی گەورە و فشاریکی ئەمنی زۆریان خستوتە سەر وڵاتانی ناوچەکە.
بەشێکی ئەو درۆنانەی ئێران کە دیزاینیکی سادەیان هەیە و بەرهەمهێنانیان تاڕادەیەک هەرزانە، زیانێکی بەرچاویان بە سەرانسەری ناوچەکە گەیاندووە. بۆ نموونە تێچووی بەرهەمهێنانی درۆنی شاهد-١٣٦، لە نێوان ٢٠ بۆ ٥٠ هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەڵام زیانی ملیونان دولاریان گەیاندوە بەو وڵاتانە، ئەم درۆنە کاریگەری زۆری هەیە بۆیە تەنانەت لە جەنگی رۆسیا دژی ئۆکرانیا زۆر بە فراوانی بەکارهاتووە، رۆسیا کۆپی ئەو درۆنەی دروست کردوە، تەنانەت میک مولرۆی ئەفسەری پێشووی CIA دەڵێت ئەم درۆنە زۆر کاریگەر بووە تا ئەو ڕادەیەی ئەمریکا کۆپی ئەم درۆنەی دروست کردووە.
نیکۆلاس کارل، پسپۆڕی کاروباری ئێران لە ئینستیتیوتی ئەمریکی ئینتەرپڕایز، پێ وایە بەشێک لە ستراتیجی ئێران لە بەکارهێنانی درۆنەکانی، بۆ ئەوەیە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچاربکات مووشەکە ستراتیژیە بەرگرییەکانیان بەکاربهێنن، کۆگاکانیان کەم بکات، بەپێ سەرچاوەکان ئێران پێش جەنگ دەیان هەزار درۆنی شاهدی بە شێوەیەکی بەرفراوان دروست کردوە.
جەنگی ئێران دەتوانرێت بە خاڵی وەرچەرخان لە پەرەسەندنی شەڕی مۆدێرن هەژمار بکرێت، کە تێیدا درۆنە کەم تێچووەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر سیستەمی گرانبەها و پێشکەوتوو و ئاڵۆزەکانی ڕۆژئاوادا وەستاون ! یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی درۆنەکانی ئێران تێکدانی هاوسەنگی تێچووی شەڕە. درۆنە هەرزانەکانی ئێران لە بەرامبەر سیستەمی بەرگریە زۆر گرانبەهاکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، کە ڕێگریکردن لەم درۆنانە بە تێچووی زۆر و قورس لەسەر ئەمریکا ،ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لەناوچەکە وەستاوە ئەمە لەلایەک.
لەلایەکی تر دۆخەکە ئەوە نیشان دەدات کە دوکتورینە نوێیە سەربازییەکەی ئیران جێگەی باڵادەستی تەکنەلۆژیای بۆ ئێران گرتۆتەوە بۆ نموونە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی چەندین درۆن و موشکی ئێرانی دەبنەوە کە چیتر ناتوانن لە کاتی خۆیدا هەموویان دەستنیشان بکەن، ڕێگریان لی بکەن، یان لەناویان ببەن.کەواتە لەو کاتەدا چەند درۆن و موشەکێک لە سیستەمی بەرگری تێپەر دەبن ئامانجی خۆیان دەپێکن !.
هەروەها هێرشی درۆنەکان بۆ سەر
وڵاتانی ناوچەکە دەریدەخات کە شەڕەکە خەریکە لە دۆخی دوولایەنە تێپەڕدەبێت دەبێتە قەیرانێکی ناوچەیی.
وە یەکێک لە ستراتیژیە گرنگەکانی ئێران لەم جەنگ دا تێکەڵکردنی درۆنە لەگەڵ مووشەک لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا بۆ سەرلێشێواندنی سیستەمی بەرگری وڵاتانی ناوچەکە.کەواتە درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم جەنگەدا نەک هەر ئامرازێکی تاکتیکی بوون، بەڵکو هۆکارێکی ستراتیژیش بوون بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی هاوکێشەی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆتاییدا دەتوانێن بڵێین کە درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەدەی بیست و یەکدا بوونەتە بڕبڕەی پشتی شەڕی ناهاوسەنگ وە ئێرانیش یەکێکە لە پێشەنگەکانی ئەم بوارە لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهان !.
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە فارسییەوە : بەهرۆز عزەت