بەداخەوە لە پەرلەمانی عێراق ڕۆژ بەڕۆژ دەنگی عەرەبی شۆڤێنی تێدا بەهێزتر دەبێت و نوێنەرایەتیەکەی بەرامبەر کورد دەگۆڕێت بۆ نوێنەرایەتی عەقڵی شۆڤێنی، خەریکە کۆبونەوەکانی دەگۆڕێن بۆ مەجلیسی هەڕەشە لە هەڕێم، پەنجە ڕاوەشاندن و لێتان قبوڵ ناکەین دەبێتە ڕۆتین، لە پاڵ هەر ناکۆکیەکدا ئەوە دەڵێن بەرامبەر هەرێم لە دڵیاندایە.
ئەوان (تێکەڵەیەك لە شیعەو سوننە) هەمیشە بە هەڕەشەکانیان ئەوە دەگەیەنن کە تەنها قۆناغەکە جیاوازە ئەگەرنا ئێمە هەمان عەقڵی بەعس و هەمان ڕقی (عەجاج)ی نوگرە سەلمانین بە قات و ڕیباتەوە.
ژمارەیەکی بەرچاویان هەمیشە بۆ دەرفەتێک دەگەڕێن بەرامبەر کورد بچنەوە سەر پلێتە ئەسڵەکەی خۆیان، تا پەنجەکانیان ڕاوەشێنن و پێمان بڵین بەسەرتانا ناچێ! یەکێ نەبوو بڵێ ئێوە خوێن قەرزارن و دوێنێ ١٦ی٣ بوو، ئێوە خوێن قەرزارن و سبەینێ یادی ئەنفالە، ئەم هەڕەشانەتان لە چیە؟، کەسێ نەبوو بڵێ ئێوە چۆن حەق بە خۆتان ئەدەن ئەم هموو هەڕەشەیە لە کورد و هەرێم بکەن، ئەگەر هەڕەشەکانتان لە یەکێتی و پارتین ئەوە خۆیان و نوێنەرەکانیان، بەڵام نەخێر ئێوە باسی هەرێم دەکەن، بەخەڵکی هەرێم دەڵێن بەسەرتانا ناچێ، ئەمە پێماندەڵێت هەمان عەقڵی بەعس لێرەیە، چۆن لە بری ئەوەی لە شەردا هێز بەکار بێنێ بەرامبەر نەیارەکانی هات و ژن و منداڵەکانی ئەنفال و کیمیا باران کردین.
ئەرکی نوێنەران و پەرلەمانتارانی کوردە چیتر بێدەنگ نەبن لەو هەڕەشانەی ڕوویان لە هەرێم و خەڵکەکەیەتی و پەرلەمام وەك یاریەك بەکار بێت، هیڵێکی جیاکەرەوە بکێشن لە نێوان خەڵک و هەرێم و حیزبەکانیدا، پێیان بڵێن ئێوە گرفتان لە گەڵ (حکومەت ، حیزب، بەرپرس)ێکدا هەیە ڕوو لەوان بکەن و چۆن قسە ئەکەن بیکەن و ئەوە دەخەینە چوار چێوەی ململانێی سیاسیەوە و ئێمەش دژین بەو سیاسەتەی لە هەرێم دەکرێت، بەڵام بۆتان نیە روو بە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە هەمان نەفەسی بەعس قسە بکەن و پەنجە ڕاوەشێنن و زمان درێژ بکەن، ئەوانەی ئێوە هەڕەشەیان لێ دەکەن دەنگدەر و کەسوکاری ئێمەیە، ئەو هەرێمە دەستوریەی ئێوە هەڕەشەی لێ دەکەن خاکی کوردستانە و گۆڕستانەکانی سەدان پشتی ئێمەی تێدا نێژراوە و خاکەکەیمان وەك چاومان خۆشدەوێ.