پەنجە راوەشاندنی سەرۆكی پەرلەمان وبێدەنگی ترساوەكان.
مەردایەتی شێخ قادری چوێسە وشاكر فەتاح بەرامبەر مەندوبەكانی ئێستامان.
هەمیشە ئەو بۆچوونەم هەبوە كە هەرێم موڵكی رەنگی سەوز وزەرد نییە،بۆیە بەرگریكردن لێی،بەرگریكردنە لە چەترێكی سیاسیی وئیداریی.تائێرە ئەم دێڕە بەسە.
لێرەوە چیرۆكەكە دەستپێدەكات،زۆر لە بەڵتەجییەكانی سوننە (مەبەست سیاسییەكانە)كە ئێستاش لەخەیاڵی گەڕانەوەی بەزمانی خۆیان ئەمجادی حكومەتی (عۆجە/سوننە)ن،بۆیە ئەگەر فرسەتێكی سەربازیی ونیودەوڵەتییان بۆ دروستبێت شیعە وكورد پێكەوە دەتوێننەوە،بەتایبەت لەبەرامبەر هەرێم ئەوەندە چاو سورن ،خەون بەكیماباران وئەنفالێكی ترەوە دەبینن.
لەمەش بابگەڕێن،بێدەنگبون لەپەنجە راوەشاندنی سایەقی تانكەرەكەی كە رێكەوت و سیستەمی هیچوپوچی عێراق شانسی سەرۆك پەرلەمانی پێداوە،نەدەبوو وا بەبێدەنگی تێپەڕێت،نەدەبوو نوێنەرانی كورد ئەوانەی بەجلی كوردییەوە دەپاڕانەوە لەئێمەی هاوڵاتیان كەدەنگیان پێ بدەین لەبەرئەوەی دەچن بۆ شەڕی ماف وقوت وكەرامەت،،كەچی وەك قوتابی تەمبەڵ و قوپی پێگیراو لەبەردەم پەنجە راوەشێنەرێك دابنیشن ومێش میوانیان نەبێت.كابراش بەكەیفی خۆی هەرێمی كوردستانی دایە بەر سەدان خەنجەر.
باشە مەندوبەكانی قەومی كورد لەبەغا ،ترسێنرابون یان پێتانخۆشبوو یان حەزدەكەن هەرێم وەك چەتری سیاسیی بەقوڕدا بچێت ونەمێنێت؟
باشە مەندوبەكانی قەومی كورد لە بەغای پایتەختی عێراقتان،فزەیەك یان دەنگێك یان دەستبەرزكردنەوەیەك یان قسەیەك نەكرا بیكەن.
باشە ئێوە نوێنەری كێن؟ئێ هی حزبەكانی خۆشتان بن،حزبەكانتان حزبی كوردین ودەنگدەری كورد ئێوەی گەیاندوە بەو كورسیانە.
پەنجەیەك لەچارەنوسی چەترێكی سیاسیی رابوەشێنرێت ،ئێوەش بێدەنگبن ناوی دەنێن چی؟
بەرگریكردن لەكوردبون وقەوارەی سیاسیی كوردیی لەبەرامبەر پەنجەی دیكتاتۆرێكی ئێكس سمۆڵدا،ئەركی ئێوەی نوێنەرەكانە،نەك ئێمە لەم دورەوە بڵێن بۆ نەتانكرد.
شێخ قادری چوێسە وشاكر فەتاح تەمەنیان لەسەروو هەشتا ساڵەوە بوو بەرامبەر خوێناویترین سیستەم كە بەعس بوو بەجەستەیەكی لەرزۆكەوە وەستانەوە،كەمێك لەو دوو پیاوە بەهەڵوێستە فێری جوامێریی بن بۆ لەمەودوا.