دواین هەواڵ

پەیامەکەی ئۆجەلان؛ لە نێوان خەیاڵزانیی دیموکراسی و ڕاستییە تاڵەکانی دەوڵەت-نەتەوە

‌عادل مەریوانی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

جیهان بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە خۆی دەپارێزێت، بۆچی دەبێت کورد ببێتە تاقیگەی فیکرێکی نوێ (کۆمۆنالیزم و ئیکۆلۆژیای کۆمۆناڵ ) کە هێشتا لە هیچ شوێنێکی جیهان دەوڵەتێکی پێ ئەزموون نەکراوە ؟

جارێکی دیکە ناوی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕابەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ڕێگەی پەیامێکی سیاسییەوە گەڕایەوە ناو کایەی میدیایی و سیاسیی تورکیا و ناوچەکە. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کێشەی کورد لە تورکیا بە شێرپەنجە دەچوێنێت و چارەسەرەکەشی لە سێ چەمکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و یەکگرتندا دەبینێتەوە. بەڵام خوێندنەوەیەکی ورد بۆ واقیعی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و ئەزموونە ڕابردوووەکان، پرسیارێکی جەوهەری دەخاتە ڕوو: ئایا ئەم تێزە فیکرییەی ئۆجەلان خزمەت بە دۆزی کورد دەکات، یان لەم ساتە وەختە هەستیارەدا دەبێتە هۆی پاشەکشێی دەستکەوتە نەتەوەییەکان؟
پارادۆکسی دیموکراسی لە ژێر سایەی دیکتاتۆرییەتدا:
ئۆجەلان لە کاتێکدا جەخت لەسەر کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکاتەوە، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو چوار دەوڵەتەی کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، لە توندترین قۆناغی نەتەوەگەرایی و ئایینگەریی توندڕەودان. داواکردنی دیموکراسی لە سیستمە ئەمنی و سوپاییەکانی وەک تورکیا و ئێران و ئێراق و سوریا ، نەک تەنها خەیاڵێکی سیاسییە، بەڵکو مەترسییەکی ستراتیژیشە. مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئەم دەوڵەتانە تەنها کاتێک باسی دیموکراسی دەکەن کە لە لێواری لێکترازان بن، و هەر کاتێک پێگەیان بەهێز بووبێتەوە، یەکەم قوربانی دیموکراسی گەلی کورد بووە. لێرەدا، بەستنەوەی چارەنووسی کورد بە دیموکراتیزەکردنی داگیرکەر، یارییەکی بێ ئەنجامە کە تەنها کات لە کورد دەکوژێت.

وانەکانی ڕۆژئاوا؛ نەتەوە یان کۆمۆنالیزم؟
ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان (باکووری سووریا) گەورەترین تاقیگە بوو بۆ تێزەکانی ئۆجەلان. لەوێ دروشمی نەتەوەی دیموکراتی و پێکەوەژیانی گەلان کرا بە بنەما، بەڵام لە کاتی هێرشە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا (وەک ئەوەی داعش و گرووپە توندڕەوەکان)، ئەوەی کوردی لەوێ لە قڕکردن و جینۆساید پاراست، تەنها هەستی نەتەوەیی کورد بوو. هیمەت و هاوکارییەکانی باشووری کوردستان و خوێنی گەنجانی ڕۆژهەڵات و باکوور بوو کە بۆ یەکەمجار سنوورە دەستکردەکانیان تێکشکاند و کۆبانییان پاراست. ئەم واقیعە دەیسەلمێنێت کە ئایدۆلۆژیای کۆمۆنالیزم لەبەردەم باهۆزی نەتەوەگەرایی ئەوانی تردا (عەرەب، تورک، فارس) کارتێکی سووتاوە و ناتوانێت پارێزگاری لە بوونی فیزیکی کورد بکات.

دەوڵەت-نەتەوە؛ پێویستییەکی مێژوویی:

لە کاتێکدا ئۆجەلان دەوڵەت-نەتەوە وەک سەرچاوەی کێشەکان دەبینێت، دەبینین جیهانی پێشکەوتوو و زلهێزەکان هەموو بنەماکانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان قایمتر دەکەن. کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، ناتوانێت پێش جیهان بکەوێت لە تێپەڕاندنی چەمکی دەوڵەت. بێبەشکردنی کورد لە مافی دەوڵەتبوون لە ژێر ناوی دیموکراسیی کۆمەڵایەتی، لە ڕاستیدا لێسەندنەوەی تاکە قەڵغانی پاراستنی کوردە لەم جیهانە پڕ لە ململانێیەدا. گۆڕینی دۆزی کورد لە کێشەی نەتەوەیەکی داگیرکراو بۆ کێشەی دیموکراسی لە ناو سنوورەکاندا، زیانێکی گەورە بە ڕەوایەتییە نێودەوڵەتییەکەی دەگەیەنێت.

 پەیامەکان و ناوەندە جیهانییەکان:

ئێستا کە دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گەرمی ناوەندە جیهانییەکان و وەک کارەکتەرێکی کاریگەر لە هاوکێشەی وزە و ئاسایشدا سەیری دەکرێت، پەیامەکەی ئۆجەلان دەکرێت وەک کۆسپ ببینرێت. چونکە جیهان کاتێک لەگەڵ کورد مامەڵە دەکات کە وەک قەوارەیەکی نەتەوەیی خۆی پێناسە بکات، نەک وەک پاشکۆیەک بۆ چاکسازی لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا. ئەم جۆرە پەیامانە دەبنە هۆی ساردبوونەوەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ مافی سەربەخۆیی.
پەیامەکەی ئۆجەلان، ئەگەرچی بۆنی ئاشتی و مرۆڤدۆستی لێ دێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە خەیاڵزانییەکی مەترسیدارە. لە ناوچەیەکدا کە نەتەوەکانی تر بە ئاگر و ئاسن سنووری دەوڵەتەکانیان دەپارێزن، پێشنیارکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ کورد، تەنها دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئیرادەی نەتەوەیی و وندبوونی ناسنامەی کورد لە ناو جەنجاڵی ئایدۆلۆژیا آکستخواردوەکاندا. کورد پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی نەتەوەی هەیە کە تێیدا مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک گەلێکی سەربەخۆ جێگیر بکات، نەک ببێتە سووتەمەنی بۆ بونیادنانەوەی ئەو دەوڵەتانەی کە بنەمای بوونیان لەسەر نکۆڵیکردن لە کورد داڕێژراوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP