دواین هەواڵ

سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم ئاڵنگاریی بڕیاری ڕووخاندنیدا؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێمە چەند ساڵێکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرین کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم قۆناغ و وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەدایە،  سەبارەت بەکوردو دۆزەکەشی، بە سەرەپێچی مێژوویی وەسفمان کردووە. (7ی ئۆکتۆبەر)  دەرفەتێکی زێڕینی وای خستە بەردەم ئیسرائیل و ئەمریکای هاوپەیمانیەوە، کەئاسان نییە وابیربکەینەوە، دەست لەوەبەرهێنان تیایدا هەڵبگرن، پێش بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانیان.
هەربۆیە سەبارەت بەم جەنگەی لە ئێستاد شدا لە ئارادایە، چاوەڕێ ناکرێت تەنها بەهەندێ دەستکەوتی سیاسی و سەربازی و سەرکەوتنی تەکتیکی وکاتی وازبهێنن و پاشەکشە بکەن،   دەست لەهەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە بەرەی بەرەنگاری ئیسلامی ناوچەکە بە سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی بەکارهێنانی ئەوپەری هێزەوە هەڵبگرن. جابەقۆناغێك بێت یاخود زیاتر.

  لێرەشەوە، قورسە وابیر بکەینەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا ئەم جەنگە بە ناتەواوی ونیوەنا چڵی بەجێ بهێڵن،  سەرلەنوێ بە هەمان داواکاری جارانەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، لە کاتێکدا   گفتوگۆکانی پێشوویان تەنها وەک بەشێک لە ئیدارەدانی ململانێکان و غافڵگیرکردنی بەرامبەر بەکار هێنا، نەك  گەیشتن بە چارەسەری مام ناوەندی لەگەڵ ئێراندا، چونکە ئامانجێکی لەوجۆرە دژ بە ستراتیژو نەخشە داڕێژراوەکانیان بوو.
لەلای خۆشمەوە، بە چەند ڕۆژێک پێش هەڵگیرساندنی ئەم جەنگەی ئێستا، لە کورتە وتارێکدا ئاماژەم بەو ڕاستیە کرد ، سەرنجم بۆ ئەوە ڕاکێشا، کە ئەوەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا لە ئارادایە، لە جەوهەردا  گفتوگۆ و وتووێژ نییە، بەڵکو خستنەررووی کۆمەڵێ داواکارییە  بۆ ئێران ، کە قبووڵکردنیان یەکسانە بە خۆڕادەستکردن و رەتکردنەوەشیان دەبێتە پاساو بۆ بەکارهێنانی هیز لەدژی، لەپێناو سەپاندنیاندا.

رووخاندنی رژێم وەك ئامانجی ستراتیژیی پشت جەنگەکە؟

   گەرچی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەبەر هەندێ هۆکار و هاوشێوەی ئەزموونی عێراق،  بە ئاشکرا ڕووخاندن وگۆڕینی  ژێمیان لەتاران وەک ئامانجی گەورەو سەرەکی جەنگەکە  ڕانەگەیاندووە، بەڵکو بەستیانەوە بە ملنەدانی ئێران بەکۆمەڵێ داخوازی وەکو کۆتاییهێنان بەبەرنامە ئەتۆمی ومووشەکی و درۆنییەکەی  و دەستبەرداربوون لەپشتیوانی گرووپە ئایدۆلۆژییە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا( کەهەرئەوە  خۆی هەڵتەکاندنی بناغەی نیزام وکۆتایی گووتارەکەی دەگەیاند)، بە کردەوە، کار بۆ ئەوئامانجە دەکەن. ڕانەگەیاندنی ئەو ئامانجەش بەروونی لە لایەن ئەمریکاوە،  ڕەنگە بۆ کۆمەڵێ هۆکار بگەرێتەوە لەوانەش:

. ترەمپ نایەوێت ئەزموونی عێراق و ئەفغانستان جارێکی تر دووبارە بکاتەوە، کە لە خەیاڵدانی ئەمریکاییەکاندا شتێکی نەخوازراوە. ڕای گشتی ناوخۆ بە قورسی قبووڵی دەکات و لەسەر ئاستی جیهانیش بەشی خۆی کێشە خوڵقێنەرە و لەگەڵ بەرنامەی هەڵبژاردنی  خۆشیدا ناکۆکە. 
. ئەگەردانانی ئەوەی ئامانجێکی لەوجۆرە تێچوویەکی زۆری بووێت و سەرنەگرتنیشی لەقۆناغی یەکەمدا وەك شکست بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل لێکبدرێتەوە.
.پاساودانی جەنگەکە بەکۆمەڵێ ئامانج کەلەسەر ئاستی هەرێمی ونێودەوڵەتیی تاراددەیەکی زۆر قبووڵکراون. هەر بۆیە مەسەلەکەیان لە ڕاگەیاندنی جەنگ و رووخاندنی ڕژێمەوە دابەزاند بۆ ئاستی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سنووردار و کاتی، بەڵام ناو بەناویش- بەجۆرێك لێپرسراوێتی سیاسی و سەربازیی ڕاستەوخۆ درووست نەکات-بەزیندوویی هێشتەوە، ئەوەشیان نەشاردەوە کەخوازیارن گەلانی ئێران سوود لەدەرفەتەکە وەربگرن و دەستپێشخەری بەدەستەوە بگرن وبەیارمەتی ئەوان هەوڵی گۆڕینی ڕژێم بدەن. جوگرافیاو سرووشت وجۆری بۆمباران و بەئامانجگرتنەکانیش، بەشێکی بەرچاوی دەچنە خزمەتکردن بەم ستراتیژەوە، واتە ستراتیژی گۆڕینی ڕژێم.

هەموو ئەوەش ئەوە دەخاتە ڕوو، کە ڕووخانی ڕژێم ئامانجە گەورەکەی پشت جەنگەکەیە، تەنها ئەوەندە هەیە دەیانەوێت، بە جۆرێک بێتە دی، ئەو لێپرسراوێتی و خەرجی و تۆچوونە مادی و مەعنەوییەیان نەخاتە ئەستۆ، کە لە عێراق و ئەفغانستاندا وەك ئەمریکییەکان لەئەستۆیان گرت و ئاکامەکانی بۆیان نەخوازراوو خراپ بوون.  ئەمەش دەری دەخات، ستراتیژی گۆڕینی ڕژێمەکان لەسەر دەستی کۆمارییەکان، گۆڕانی قووڵی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو ئەوەی گۆڕاوە ڕێکار و تەکتیک و شێوازی نوێی داهێنەرانەیە بۆ بەدیهێنانی نەك بنەماو ستراتیژەکە. ئەوەش بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لە نێوان دەستگرتن بە ئامانجەکان و دروشمە نوێکانی خۆیانەوە  بێننەدی. ئەگەر لە هەندێ شوێنی وەکو ڤەنزوێلاش، ئەو ئامانجە، بە  دەستگیرکردن ولادانی لووتکەی هەرەمەکە و گۆڕینی پێگەکانی هێز لەنێو سیستمدا  بێتە دی،  سەبارەت بە زلهێزێکی هەرێمی وەکو کۆماری ئیسلامی ئێران و سیستمێکی ئایدیۆلۆژی ڕەقی ڕەگدا گوتراوی چەندین ساڵە، بە هەمان شێواز نایەتەدی، چونکە گۆڕینی ڕەفتار و سیاسەت و نوخبەی حوکمڕان، لە سۆنگەی سروشتی ڕژێمەکە و مەنزومە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئەمنییە ئاڵۆزەکەیەوە، بە گۆڕینی ڕژێم نەبێت نایەتە دی.

ئەوەی ئەم خواست وئامانجەشی لای واشنتۆن و تەلئەبیب لە ئێستادا گەورەتر کردووە، دەرهاویشتە و بەرئەنجامەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر لەناوچەکە و بڕیاری دووبارە دیزاینکردنەوەی  کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، لەبەر ئەوەی ئامانجێکی لەو جۆرە، تەنها بە لاوازکردنی ڕژێم لە تاران و کەمکردنەوەی هەژموونەکەی نایەتە دی، بەتایبەتیش کە ئامادە نەبوو دەست لە هاوپەیمانێتی و پشتیوانی ئەو هێز و گروپانە هەڵبگرێت  کەلە ناوچەکەدا ئاڵای دوژمنایەتی ئیسرائیل و ئەمریکایان بەرز کردووەتەوە هەوەها دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمی و چەکسازییەکەشی نەبوو، کەسەرچاوەی هەژموون وبەهەرەشەبوونییەتی بۆ ئیسرائیل ودۆستەکانی، هەر بۆیە بیریان لە چارەسەری ڕیشەیی و کۆتایی هێنان بە ڕژێم لە تاران و کۆی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کردۆتەوە و لەئێستاشدا بەکردەوە بەهەرچی پێیان دەکرێت  هەنگاو بە هەنگاو  کار بۆ ئەم بەدیهێنانی   ئەم ئامانجە جیۆ ستراتیژیە گەورە دەکەن.،بیانوو خوڵقاندنی ئەمریکاییش بۆ شکستپێهێنانی گفتوگۆکان و تەنانەت بەکارهێنانیان بۆ پەلاماردانی سەربازیی غافڵگیرانە، بێ گوێدانە ئەو بەرئەنجامە دەرونی و سیاسیانەی لێیان دەکەوێتەوە، لەوانەش ڕووخانی متمانە بە گفتوگۆ وەك ڕێکار و ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە، هەر دەچێتە خزمەت ئەو پلان و نەخشە لە پێش داڕێژراوەوە..
 
کۆتایی گفتوگۆکان و ئاساننەبوونی دووبارە بوونەوەی خێوەتەکەی سەفوان وەکو خۆی

بەشێ لەشرۆڤەکاران و چاودێرانی جەنگەکەو دۆخی ئێستای ململانێکان، ئەگەری ئەوە دادەنێن کە ئەزموونی( ١٩٩١)ی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و خۆڕادەستکردنی وەك هێزێکی شکستخواردووی جەنگی کەنداوی یەکەم، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا دووبارە ببێتەوە، واتە لەئێستادا ڕژێم نەڕوخێت، بەلکو توانا سەربازییەکانی لێ دابماڵرێت و ملکەچی داخوازییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بکرێت و بەقۆناغێکی لاوازی ونیمچە شکستخواردووییدا تێبپەڕێت ودواتر سەری لەڕووخانی یەکجارییەوە دەربچێت. بەڵام سەرەرای ئەوەی دەکرێت ئەگەرێکی لەم جۆرە، نەکرێتە دەرەوەی بیرکردنەوەو شرۆڤەی سیاسییەوە، وادەبینم ئاسان نەبێت ئەزموونی خێوەتەکەی سەفوان وخۆرادەستکردنی عێراق  سەبارەت بەکۆماری ئیسلامی ئێران وەك خۆی دووبارە ببێتەوە، ئەویش لەسۆنگەی کۆمەڵێك هۆکارەوە، لەوانەش:

. جەنگی کەنداوی یەکەم لەچوار چێوەی بریارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وهاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی دژبەعێراق بەڕێوە چوو.
. ئامانجی جەنگەکە ڕوون و دیاریکراوبوو، کەئەویش ڕزگارکردنی کوێت و وەدەرنانی هێزە عێراقییەکان لێی و سزادانی عێراق بوو لەسەر ئەوکارەی، واتە ڕووخاندنی رژێم ئامانج نەبوو. بەڵکو ئامانج  ملپێکەچکردن و لاوازکردنی بوو.
. ئیسرائیل بەشێك نەبوو لە جەنگەکەو حەوتی ئۆکتۆبەرێك و دووبارە دیزاینکردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەراست بەم جۆرەیلە ئێستادا هەن لەئارادا نەبوو.
.  سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی وباس وخواسی چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین بوو، لەکاتێکدا دۆزی فەلەستین لە ئێستادا لەبەردەم مەترسیی پاکتاوکردندایە.
.ترسێك هەبوو لەوەی  کە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسەین لەقازانجی کۆماری ئیسلامی و بەدەسەڵات گەیشتنی ئیسلامییە شیعەکاندا کۆتایی پێبێت، لەکاتێکدا ئێستا  ئامانجەکە کۆتایهێنا نە بەکۆی ئەوهێزانە لەناوچەکەدا، جێگرەوە گریمانکراوەکانیش جیاوازن.
. بوونی  ترەمپ بەوتایبەتمەندییانەی هەیەتی لەپێگەی سەرۆکایەتی ئەمریکاو لەسەر کاربوونی حکومەتێکی ڕاسترەو لەئیسرائیل بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانێکی توندرەوو فراوانخواز، کە خەونی دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورەی لەمێشکیدایە وتوانیویشییەتی بەسەرکێشییەکانی زۆر تاپۆ لە ناوچەکەدا بشکێنێت. 
. نەبوونی هەژموونێکی ناوچەیی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی و بوونی ئەوتۆرە لەهاوپەیمانێتی گرووپە چەکدارەکان و بەو بەرنامە چەکسازیەوە کەهەیەتی لەوکاتەدا.
. پەلامارنەدانی سەرکردایەتی ئەوکاتەی عێراق ودواتر چاوپۆشیلێکردنی بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی گەلانی عێراق لەباشوورو کوردستاندا، لەکاتێکدا دیمەنەکە لەئێستادا تەواو پێچەوانەیە.
. هاتنە ناوەوەی وڵاتانی کەنداو وەك لایەنێك بۆ وێناکردنی جۆری کۆتاییپێهێنانی جەنگەکە لەئێستادا، لەسۆنگەی ئەوزیانانەی بەریان کەوتوەو  وبێمتمانەبوونیان بەرژێمی ئێستا لەتاران و بەزاندنی زۆربەی هێڵە سوورەکان لەلایەن ئێرانەوە.
. متمانە بەخۆبوونی زۆری ئەوکاتەی ئەمریکاو خۆرئاوا، بەحوکمی ئەوەی پێیان وابوو، جەنگی ساردیان لەبلۆکی کۆمۆنیزم بردۆتەوە بۆ سنووری ڕاگەیاندنی کۆتایی مێژوو سەرکەوتنی ڕەهای لیبراڵیزم و سەرمایەداری، لەکاتێکدا ئێستا ئەمریکا ترسی هەڵکشانی چین وکەمبوونەوەی نفوزە جیهانییەکەی لێنیشتووە، یاخود لانی کەم وەك ئاڵنگارییەك دەیبینێت،رەهەندێکی ئەم جەنگەش پەیوەندی بەوململانێ جیهانیی و ئەو شڵەقانە لەسیستمی نێودەوڵەتی باودا هەیە.

بۆیە پێم وایە ئەوەی ئەمریکا وئیسرائیل چاویان تێبڕیوە، بە هەندێ جیاوازییەوە، خۆڕەدەست کردنی هێتلەر و  ڕووخانی ڕژێمەکەیەتی، نەك نموونەکەی عێراق، واتە خۆڕادەستکردن و قبووڵکردنی شکست لەجەنگداو مانەوەی ڕژێمەکە.  بەو واتایەی خۆڕادەستکردنی دەوڵەت یەکسان بێت بە کۆتایهاتنی ڕژێمەکە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ناچار نەبن دووبارە پەنا  بەر نەوە بۆجەنگ، کۆماری ئیسلامیش پەیامەکەی بەوجۆرە وەرگرتووە کەباسمان کرد وپێی وایە ململانێکە سفرییەو بواری چارەسەری مام ناوەندی زۆر تێدا نەماوە، هەربۆیە جەنگی وجوودیی ومان ونەمانی خۆی دەکات و لەوپێناوەشدا گوێ بەڕێساو هێڵە سوورەکانی پێش جەنگ نادات؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP