دواین هەواڵ

ئایا ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی بلۆکی سوننە دەدات لەڕێگەی ئێرانەوە نەکەوێتە باوەشی تورکیاوە؟

‌پێشڕەو محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ماوەیەک پێش ئێستا بڕیار بوو بە چەند بەش باس لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکناسانی ئیسرائیلیی بکەم سەبارەت بە سەرهەڵدانی تورکیا و ڕابەرایەتییکردنی بلۆکی سوننە، بەشی یەکەمیشم بڵاوکردەوە و دەرفەت نەبوو بگەڕێمەوە سەر بابەتەکە.

تورکیا لە بۆشایی هیلالی شیعییدا دەیەوێت بلۆکی سوننە دروستبکات. جووڵەکانیشی لە قەتەر و میسر و سعودیەوە بە ئاراستەی پاکستاندا دەڕۆن و وەک چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش باسمکرد، دەیەوێت لە ناوچەی ئازەربایجانی خۆرئاوایی، کە بەشێکی گەورەی هێڵی موکریانیشی دەکەوێتە سەر، ناوچەی بێلایەن (بەفەزۆن) دروستکات. بۆ ئەم مەبەستە گرنگترین شت تورکیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا کاری پێی بووە، بێلایەنکردن و نەزۆککردنی هێڵی کوردیی بووە، چونکە تەنها بەربەرست لەناوخۆی تورکیا و لە دەرەوەی سنوورەکانیدا، بۆ میساقی میللی، کورد بوو. ترسی تورکیا بەردەوام ئەوە بووە ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیمارات لەناوخۆدا کورد بەهێز بکەن و بەرەو خواستی جیابوونەوە بیانبەن. لەم حاڵەتەدا تورکیا هەم دەکەوێتە جەنگی ناوخۆوە و هەم خەونی عوسمانیی بەیەکجاریی دەمرێت.

ئێستا تورکیا بەچڕیی هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ دروستکردنی بلۆکی سوننە جێگەی بەتاڵی هیلالی شیعیی پڕبکاتەوە. هەم پێویستی بە پارەی سعودییە، هەم بە چەکی ئەتۆمیی پاکستان و هەم پارە و میدیا و شەقامی عەرەبیی لەڕێگەی قەتەڕەوە. ئیسرائیلییەکان نەیانشاردووەتەوە ئەمە گەورەترین مەترسییە لەسەریان. هەرچۆنێک بێت پێیانوایە نابێت بلۆکی ئێران بەتەواویی لاواز ببێت. لەو حاڵەتەدا سوننە بە سەرپەرشتیی تورکیا دەبێتە چەتری کۆکردنەوەی تیرۆریزمی جیهادی ئیسلامیی سوننیی، ئامانجەکەش بەرەو ئیسرائیل دەبێت.

بەڵام پڕۆژەی ئەمریکا جیاوازترە لە هی ئیسرائیل. ئەمریکا نایەوێت سوننە نە لاواز ببێت نە بەهێز. ناشیەوێت لەژێر هەژموونی خۆی دەرچێت و بکەوێتە باوەشی تورکیاوە. لەم ڕووەوە، بەو هێرشە بەردەوامانەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی سوننی، دەکرێت هەڵگری دوو پەیام بن: هەم لاوازکردنیان لەڕووی بنکەی سەربازییەوە، هەم ناچارکردنیان بە پەنابردن بۆ ئەمریکا و گوێڕایەڵبوون. لەگەڵ ئەوەی گەورەترین بنکەی سەربازیی و هەواڵگریی و دیپلۆماتیی ئەمریکیی لە هەرێمی کوردستانە و ڕێک نزیکترینیشە لە ئێران، وا دەردەکەوێت هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکیی، باشتر هەرێمی کوردستان بپارێزێت، تا وڵاتانی عەرەبیی سوننە.

ئەگەر کۆماری ئیسلامیی بڕوخێت، بۆشایی دەسەڵات دروست دەبێت. پاکستان دەتوانێت نزیک ببێتەوە لە سیستان و بەلوچستان، تورکیا بە ئاراستەی ئازەربایجانی خۆرئاوا و کوردیش بە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هاتنەناوەوەی تورکیا و پاکستان کێشە گەورەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلە. پەیوەندیی ئەم دوواییەی ترەمپ بە کوردەوە دەکرێت هاوکات بەم ئاراستەیەدا بخوێنرێتەوە. بەڵام کورد نابێت بەهیچ شێوەیەک ببێتە هێزی پیادەی ئەمریکیی-ئیسرائیلیی، بەڵکو لەحاڵەتی هاریکارییدا، دەبێت گەرەنتیی گەورە وەربگرێت. نەک ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوویدا، بەڵکو وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا. واتا پەیماننامەی کوردیی-ئیسرائیلیی-ئەمریکیی نابێت تەنها ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی بێت، بەڵکو هەرێمێکی کوردیی بێت. لەم حاڵەتەدا دەکرێت بەر بە هاتنە ناوەوەی تورکیا بگیرێت و لەو لاشەوە هێزە سوننەکان پەنابەرنەوە بەر ئەمریکا.

ئەمانە فاکت نین، بەڵکو تەنها چاودێرییکردنی ئەو هەلومەرجانەن کە لەو ماوەیەدا ڕوودەدەن.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP