زۆر پرسیار لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئایا پرۆژە یاسای لیندسی گراهام و بلومینتال كە لە 29 كانوونی دووەمی 2026 پێشكەشی كونگریس كراوە چی بەسەر دێت؟ ئایا بە راگەیاندنی ئاگربەست، لیندسی گراهام و هاوڕێکانی تری کورد دەست لەم پرۆژەیە هەڵدەگرن یان نا. هەروەها، چەند کات پێویستە بۆ ئەوەی ئەم پرۆژە یاسایە پەسەند بکرێت یان ڕەتبکرێتەوە؟ بۆ ئەوەی ئەم مەسەلەیە ڕوون بکەینەوە، سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە بۆ ئەوەی پرۆژە یاسایەک لە کۆنگرەس ببێتە یاسا، پێویستە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕێت.
یەکەم، دەبێت لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرەس پرۆژە یاسایەک پێشکەش بکرێت. دوای ئەوە، پرۆژەکە دەچێتە کۆمیتەی پەیوەندیە دەرەوەکان (Senate Foreign Relations Committee) بۆ باس و گفتوگۆ. دوای تەواوبوونی گفتوگۆ، دوو ئەگەری هەیە: یان ڕەت دەکرێتەوە، یان بۆ دەنگدان دەچێتە سینات. دووەم، ئەگەر پرۆژە یاساکە ھاتە سیناتەوە دەخریتە دەنگدان و ئەگەر زۆرینەی دەنگی بەدەست بهێنرا (50+1)، ئەوا دەچێتە ئەنجومەنی نوێنەران. بەلام واباشترە 60 دەنگی بەدەست بھێێنت بۆ ئەوەی ھیچ مشتومری لە سەر درووست نەبێت. سییەم، دوای پەسەندی كردنی لە سینات سەرەتا دەچێتە لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە واتە House Foreign Affairs Committee، و ئەگەر لێژنەکە پەسەندی کرد، دەخریتە دەنگدانی گشتی لە ئەنجومەنی نوێنەران. بۆ پەسەندکردن، پێویستە زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنرێت واتە لە سەرۆی 2018 دەنگ. چوارەم، کاتێک لە هەردوو ئەنجومەن پرۆژە یاساکە پەسەند کرا، دەچێتە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا. لێرەدا سەرۆک دوو بژاردەی هەیە:
یان واژۆی بکات، ئەوکات یەکسەر دەبێتە یاسا و دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە؛ یان ڤیتۆی بکات و بۆ کۆنگرەس بگەڕێنرێتەوە.
پێنجەم، لە حالەتی فیتو كردنی سەرۆك، ئەگەر کۆنگرەس پێداگری لەسەر پرۆژە یاساکە بکات، دەتوانێت بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان دووبارە پەسەندی بکات، و لەم دۆخەدا سەرۆک ناتوانێت ڕەتی بکاتەوە .کەواتە، پرۆژە یاساكە کاتێکی زۆر دەوێت تا ئەم هەموو قۆناغانە تێپەڕێنێت. هەروەها پێویستە ئەو ڕاستییەش بزانرێت کە لە کۆنگریسدا شەڕی لوبیکردن زۆر بەهێزە. هەرچەندە کورد دووستی زۆری هەیە، بەڵام لایەنی بەرامبەریش دەستوەستان نابن و لوبی خۆیان هەیە، بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا، کە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان هەیە. هەندێک خەڵک پێیان وایە کە کورد نابێت هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی سووریا بکات تاوەکو بزانرێت ئەو پرۆژە یاسایە چی بەسەری دێت. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە:
یەکەم، یاساکە زۆر کات دەوێت تا پەسەند بکرێت یان ڕەتبکرێتەوە.
دووەم، ڕێککەوتن یان ئاگربەست مانای ئەوە نییە کە ئەو پرۆژە یاسایە وەستێت بە پیچەوانەوە پرۆژە یاسیەكە ریكارەكانی خۆی دەگریتە بەر . سێهەم، ئەم پرۆژەیە پەیوەندی بە بەرژەوەندی ژمارەیەک وڵات و ئەکتەری ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە، کە ئەوانیش لوبی خۆیان هەیە. خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت کێشەی زۆر بۆ ئەم پرۆژەیە دروست بکات. بۆیە، لە ئێستادا لەگەڵ لوبیکردن لە کۆنگریس، زۆر گرنگە لوبیکردن لەسەر کەسی ترەمپ بكرێت چونکە ئەمە هەم خێرایە و هەم دەتوانێت کاریگەری گەورەی هەبێت. بۆیە، کورد بۆ دروستکردنی کۆدەنگییەکی بەهێز لە ناو کۆنگریسدا، زۆر پێویستی بە هاوکاری لوبی ئیسرائیل، ئەرمەنەکان و یۆنانییەکان هەیە، چونکە ئەم لوبیانە بەهێزن و دەتوانن پالپشتی كورد بکەن. بەڵام، بە گشتی پرۆسەکە وەک خەڵک هەندێک باسی دەكەن ئاسان نییە.