دواین هەواڵ

گەرەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە

‌رەنج نەوزاد

1 رۆژ پێش ئێستا

پێش کەوتنی ئەسەد، چەندین جار ئاماژەم بەوە کردووە لە ئەگەری هەڵگیرساندنی هەر شەڕێک لە نێوان چەکدارانی جۆلانی، میلیشیاکانی تورکیا، سوپای تورکیا یان سوپای ئەسەد (ئەو کات) دژی کورد، پێویستە هەسەدە فەرمانی چۆڵکردنی شاری تەل رەفعەت و ئەو دوو گەرەکە لە حەلەب دەربکات یاخود شەڕی تیا نەکرێت.  

ئەو کات و ئێستاش شەڕکردن لەو دوو گەرەکە و شاری تەل رەفعەت بە خۆکووشتن دادەنێم، یان بەفیرۆدانی وزە و ژیانی مرۆڤی کورد. ئەو ناوچانە دابڕاون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، هاوکات سەر بە زۆنی ئەمریکا نین.  ڕێگای لۆجستی بۆ ناردنی هێزی پاڵپشتی و چەک و هاوکاری ئەستەمە. هەمیشە گەمارۆدراوە، لە ئەگەری شەڕی ڕاستەقینە، یان دەبێت هەسەدە هێز بنێرێت، ئەویش ڕووبەڕووی شەڕی دەکات لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە تورکیا، چونکە دەبێت ڕێگاکە لەوان پاک بکاتەوە، یاخود ئەو کوردانەی ئەو ناوچەیە کۆمەڵکووژ دەکرێن. هەردوو ئەگەرەکە لە ڕووی سەربازییەوە زیانی زیاترە لە سوود. 

هەر شەڕکردنێکی ڕاستەقینە و ماوە درێژ لەو دوو گەرەکە، دەچێتە خانەی بەکارهێنانی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی، ئەمە جگە لەوەی زیانێکی گەورە لە ژێرخانی ناوچەکە دەدات، لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و نەتەوایەتییەوە هەڵەیەکی گەورەیە و ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت،  دەکرێت بە نابەرپرسیارێتی و ناپاکی وەسف بکرێت. دابڕانی شەڕ و جەنگ لە ڕەهەندی مرۆیی و نیشتیمانی، لە ڕەهەندی سوود و زیان، تاوان و هەڵەیە. 

یەکێک لە جیاوازییەکانی شەڕکردنی حەماس و حیزبوڵا ئەوە بوو، حەماس بەوپەڕی نا بەرپرسیارێتییەوە سڤیلی غەززەی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنا، حیزبوڵا تا ڕادەیەک بەرپرسیارانەتر مامەڵەی کرد لەو ڕووەوە. بۆیە زیانەکانی غەززە زۆر گەورەتر بوون، هاوکات بێ زاری و نەفرەتکردن لە حەماس لە غەززە زۆر زیاتر بوو وەک لە هی لوبنانیەکان بەرانبەر بە حیزبوڵا. بە گشتی مرۆڤ، بە تایبەت بێ ئەوەی ڕەزامەندی بدات، ئامادە نییە ماڵ و ژیانی بکاتە قوربانی هیچ پرس و ئامانجێک. ئەوەی کە ڕەزامەندی دەدات، چەکدار و سەربازە، کەواتە دەبێت ئەوان لە شوێنێک شەڕ بکەن کەمترین زیانی هەبێت بۆ ئەو مرۆڤانەی کە سەرباز نین. 

پاشان ئامانج لەو شەڕە ناهاوسەنگە چییە؟ کۆمەڵگە و شار و ژیانی ناوچەیەک وێران دەکرێت لە پێناو چی؟ ئەگەر بۆ پاراستنی قەوارەی رۆژئاوای کوردستانە، ئەو دوو گەرەکە بەشێک نین لەو قەوارەیە. ئەگەر بۆ پاراستنی ژیانی کوردەکانی ئەو دوو گەرەکەیە، کەواتە نابێت شەڕی تیا بکرێت، دەبێت لە چەکدار چۆڵ بکرێت، یاخود ئەو خەڵکە بگوازرێتەوە بۆ شارەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە. 

کورد پێویستە فێر بێت و بگاتە قۆناغێک بە سوپا شەڕ و جەنگ بکات، بۆ ئامانجی گەورە بێت، ئامانجی سیاسی و ستراتیژی و نەتەوەیی. واز لە دەستەواژەکانی مقاوەمە و بەرخودان و ئازایەتی و قارەمانێتی بێنێت، کە هەر هەمووی هەراجکردنی ڕووح و خوێنی مرۆڤە بۆ ئامانجی بچوک و بێ مانا و نیشانەی شکستە و جوانکردنیەتی بەو وشانە، وەک مقاوەمە و جیهادەکەی فەلەستینیەکان کە جگە لە هەراجکردنی خوێنی فەڵەستینی و شکست هیچی تر نییە. 

کۆتایی هێنان بە شەڕ لەو دوو گەرەکەی حەلەب، بە هەر جۆرێک بێت، تاکە سەرکەوتنی کوردە لەوێ. یان کردنەوەی رێگایەک بۆ لکاندنیان بە قەوارەی رۆژئاوای کوردستان، ئەمەی دووەم قوورسە. شەڕکردن و جەنگ دەبێت لەو ناوچانە بێت کە قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەویش تا بکرێت دوور لە گەرەک و سڤیل. جەنگ دەبێت بۆ بەدەست هێنانی ئامانجێکی سیاسی بێت، نەک جەنگ لە پێناو بەرخودان و ئازایەتی. جەنگی سەرکەوتوو و ئەخلاقی ئەوەیە کە ئیسرائیلیەکان لێی تێگەیشتوون،  نەک خۆکووژی و تیرۆر  شکستەکەی فەڵەستینییەکان. بەرگری لەناوچەکانی قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستان مانای هەیە و پێویستە، نەک لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و تەل رەفعەت. ئازایەتی و مقاوەمە نابێت باجەکەی خەڵکی سڤیل بیدات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP