میخائیل گورباچۆڤ
ساڵی ١٩٤٦ لەجەنگی جیهانی دووەم ڕوسیا و ئەمریکا و هاوپەیمانان پێکەوە سوپای نازیی ئەڵمانەکانیان تێکشکاند. ئەڵمانیا کرا بە دوو بەشەوە، ئەڵمانیان غەربی: ئەمریکیەکان باڵادەست بوون، ئەڵمانیای شەرقی: ڕوسیا باڵادەست بوو. دیواری بەرلین سنوری نێوان ئەم دوو ئەڵمانیایە بوو.
بەڵام دواتر ئەمریکا و ڕوسیا تەنها ئەڵمانیایان دابەش نەکرد، بگرە جیهانیشیان دابەش کرد بەسەر دوو جەمسەردا؛ کەپیتالیزم و کۆمۆنیزم، پاش جەنگ لە ١٩٤٧ جەنگی ساردیان دەست پێ کرد هەتا ١٩٩١. لە پێش جەنگەوە هەتا ١٩٩١ حزبی شیوعی سۆڤێتی ماوەی ٦٠ ساڵ بوو هیچ گۆرانکاری و چاکسازیەکی ئەنجام نەدابوو. لەکاتێکدا لە چین لەپاش ماوزی تۆنگ چاکسازی زۆر کرا. بەلام لە ڕوسیادا حزب و وڵات بەدەست گەندەڵی و زۆرداری لەژێر دەسەڵاتی جەنەراڵ و سیاسیە پیرەکانەوە گیردۆدە بوو، گورباچۆڤی تەمەن ٥٤ ساڵ بووە ڕێبەری یەکێتی سۆڤێت هاتوو پرۆژەی سیاسەتی چاکسازی لەژێر دروشمەکانی گلاسنۆست (ئازادی ڕادەربڕین)و پێرێسترۆیکا (بنیاتنان و ئابوری ئازاد)دا ڕەگەیاند.
گرنگرتین کاری گورباچۆڤ کۆتایی هێنان بوو بە جەنگی سارد، لەبەر ئەم کارەشی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت. بەڵام لە ئەنجامی کار و چاکسازیەکانیدا یەکێتی سۆڤێت لە ساڵی ١٩٩١ هەڵوەشایەوە و ١٥ دەوڵەتی سەربەخۆی لێ درووست بوو لە ناوچەکانی (بەڵتیک، ئەورپای رۆژهەڵات، قەوقاز، ئاسیای ناوەراست و ئۆراسیا).
پاش ٣٠ ساڵ ژیان لە گۆشەگیریدا، دواجار گورباچۆڤ وەک پاڵەوانی سەدە لای هەندێک و لای هەندێک لە شیوعیەکانیش وەک خائین و خۆفرش لە ٢٠٢٢ لە مۆسکۆ سەری نایەوە.
مەسعودی پزشکیان
لە ساڵی ١٩٧٩ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتنە سەر حوکم و کۆتاییان بە رژێمی پەهلەویەکان هێنا. سیستەمی نوێی حکومەت لەسەر ویلایەتی فەقهی مەزهەبی شیعە دامەزرا. ایت اللە خومەینی دامەزرێنەر و ڕێبەری باڵای شۆرشی ئێران، فەرمانی دەرکرد کە نابێت ئەندامانی هێزە سەربازیەکان بەشداری کاری سیاسی بکەن وشەی (جائزنیست) لە فۆڕمە دینیەکەیدا هاوشێوەی تەحریمەوە. لە وتەیەکیدا ایت اللە خومەینی دەڵێت: "بە سوپا چی کە لە مەجلیس (پەرلەمان) چی ڕوودەدات؟ لایەنی سیاسی و موناقەشاتی سیاسی کە چووە نێو ئەرتەش (سوپا)، ئیتر ئەبێت فاتیحە بۆ ئەو ئەرتەشە بخوێنین". بەڵام هەر دوا بەدوای خومەینی، ایت اللە خامنەی هات و وتی مەبەستی ئیمام ئەوە نەبووە کە بەسیج و هێزەکان نەچنە نێو هەڵبژاردنەکان و بەشداری نەکەن، من خۆم رۆڵەی ئینقلابم، یەکێک لە واتاکانی پاسداری بریتە لەوەی کە ئینقلاب هەمیشە لەژێر هەڕەشەدایە. واتە خۆشم سەرباز بووم ئێستا سیاسەت دەکەم، بۆ پاراستنی ئەم رژێمە هەم دەبێ پاسدار بین هەم سیاسی.
ئەمە کردنەوەی ئەو دەرگایە بوو بە ڕووی سوپا بۆ تێکەڵکردنیان لە کایەی سیاسی و پاشتر ئێران دەستی کرد بە دروستکردنی گروپەکانی میحوەری مقاوەمە لە جیهاندا، لەژێر فەرمانەدەی قاسمی سولەیمانیدا، دواجار تێکەڵ کردنی سوپا و سیاسەت و دین بوون بە بەشێک لە سیستەمی نوێی ئێران و دەرئەنجام بووە هۆی چەقبەستووی سیستەمەکە و بە پۆلیسکردنی فەرمانگە و دامەزراوەکان، بەسیخورکردنی کۆمەڵگا.
ماوەی ٤٥ ساڵە هاوشێوەی یەکێتی سۆڤێت چەقبەستووی لە سیستەمی سیاسی ئێراندا ڕوویداوە، مەسعود پزشکیان لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا بووەتە سەرکردەی وڵات و دروشمی چاکسازی بەرزکردووەتەوە، بەلام لەبەر ئەوەی سیستەمەکە دینیە هەردوو دەسەلاتی دینی و سیاسی دواجار لای ڕێبەری ئێرانە، ڕێگا نادرێت بە پزشکیان لەو سنور و چوارچێوەی کە بۆی دیاری کراوە دەربچێت. چاکسازیش لەو چوارچێوەیەدا قورس و مەحاڵە.
هاوشێوەی گورباچۆڤ، پزشکیان تەرکیزی لەسەر ئازادی و چاکسازی ئابوریە، لە باسی ئازادیدا دەڵێت من ناتوانم بە زۆر لەچک بە کچەکەم بکەم ئیتر چۆن بتوانم بەزۆرەملێ کۆمەڵگایەک بکەمە باڵاپۆش؟ بەڵام لە چاکسازی ئابورییدا گەورەتیرین کێشەی هەیە.
گورباچۆڤەکەی ئێران ئەگەر بتوانێت لە بارەی ئازادیەوە کارێک بکات لە ڕووی ئابوریەوە ناتوانێت هیچ بکات، چونکە جەنگی ١٢ رۆژە ژێرخانی ئابوریی ئێرانی وێرانکردووە، هەروەها بەهەدەردانی پارەیەکی بێشومار لە دروستکردنی میحوەرەکانی مقاوەم و هیلالی شیعی و گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا کێشەیەکی چارەنەکراوی ئابوری ئێرانن. بۆیە دواجار پزیشکیان دەستی بۆ کارتە ترسناکەکە برد، ئەویش جوڵاندنی شەقام بوو!!! خۆپیشاندان لە ئێران دەستی پێ کرد بەڵام پزیشکیان بە وتارەکەی لەناوچەی چوارمحل و بەختیاری ئاگری تێبەردا. ئیتر بەئامانجی گۆڕانی ڕژێم بێت یان نەزانی من نازانم بەلام هەتا پزیشکیان قسەی نەکرد خۆپیشاندانەکان هێشتا تەشەنەیان نەکردبوو فراوان نەبوو. بەڵام کاتێک سەرۆکی وڵات کێشەی لەگەڵ سیستەم هەبێت و دادو بێدایبێت لەدەست گەندەڵی و نەبوونی و گرانی، هەر ئەم ئەنجامەی لێ دەکەوێتەوە.
لە کۆتاییدا؛
وادیارە لە کۆتایدا پزشکیان، هاوشێوەی گورباچۆڤ ئێران بەدەردی یەکێتی سۆڤێت دەبات و سیستەمی ئێران هەڵدەوەشێتەوە. سیستەمێکی نوێ لەسەر دەستی ریفۆرمخوازەکان دروست دەکرێت و ئێران لە جەنگی دینی و جەنگی ناوخۆی رزگاری دەبێت، دواجاریش پزیشکیان لەلایەن ئاخودەکانەوە هاوشێوەی شیوعیەکان بەرنەفرەت دەکەوێت و لای ئەوانی تر دەبێتە پاڵەوانی ئاشتی و کۆتایی پێهێنەری رژێمێکی دینی (ثیۆکراتی).