دواین هەواڵ

سندوقەکەی مەزڵوم عەبدی و فیتنەی خۆپێشاندان لە ئێران!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ماوەیەک لەمەوپێش لە سوریە خۆپێشاندان بوو دژ بە کورد! یەکێک لە دیمەنەکان، بڵندکردنەوەی ئەم سندوقی بۆیاخەبوو وەک هێمایەک بۆ ئەوەی کورد تەنها بۆ بۆیاخکردنی پێڵاو دەستدەدەن! راستییەکەی، ئەمە تێڕوانینی ئەو کەسانەیە کە بە دروشمی ئازادییەوە، بەناوی ئەوەی ئەسەد دیکتاتۆرە فەوزایەکیان درووستکرد و پیاوێکی بودەڵەی وەک ئەسەدیان لادا و فاشستێکی وەک شەرعیان هێنا!

ئەم قسەیەم وەک نموونە هێنایەوە بۆ وەهمی شۆڕشگێڕی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنانەت لە دونیاش شۆڕش زەمینە بۆ فاشیزم و دیکتاتۆریەت خۆشدەکات نەوەک ئازادی. شۆڕش دۆخێک دەهێنێتە پێشەوە کە دۆخی فیتنە و فەوزایە! ئیستا کەسانێک لە ئێران بانگەشەی فەوزایەک دەکەن کە بیانووەکەی نە ئازادی و نە دیموکراسییە، بەڵکو بەهای دراوی ئێرانییە بەرانبەر دۆلار! ئەم کەسانە فەوزاکەیان ئاودەکاتە ئاشی دوو ڕەوتەوە، یەکەمیان پانئێرانیزمی پەهلەوی و ئەوی دیکەفاشیزمی مونافیقینە.

هەڵەیەکی گەورەیە کورد خۆی بخاتە ئەم گێژاوەوە، چونکە لە کۆتاییدا بەشی کوردیش هەر ئەوەیە کە سندوقە بۆیاخەکەی بۆ بڵندکەنەوە! ڕاستییەکەی دەسەڵاتدارانی ئیستای ئێران چ لەڕووی بیرکردنەوە و چ لە ڕووی ئەکتەوە لە ئۆپۆزسیۆنەکەیان هەم ئاقڵترن و هەم پێشکەوتووترن. بۆیە ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە ئێراندا بمێننەوە، باشترین کارێک بیکەن ئەوەیە ئیستا بڕۆن و ریفۆرمی خۆیان لەگەڵ ئەم دەوڵەتەی ئیستا بکەن.

خۆ ئەگەر نایانەوێت بمێننەوە، ئەوە ڕێگە و ڕێبازەکەی جیاوازە. ئەم قسانە ڕەنگە بەدڵی زۆر کەس نەبن، تێدەگەم لەوەی سێبەری لێنین بەسەر بزووتنەوە سیاسییەکانەوە وای کردووە ریفۆرم وەک خیانەت و سازش نیشانبدرێت و شۆڕشیش وەک فەزیلەت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP