ئیسرائیل لەماوەی هێرشی دوانزە ڕۆژەیدا بۆ سەر ئێران توانی پەیامێکی وابداتە ئێرانیەکان کە بوێری ئەوە نەکەن لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هەریەکە لە بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵای لوبنانی و ڕژێمی سوریاو حوسیەکانی یەمەن هیچ جموجوڵ و کاردانەوەێک بنوێنن.
دوای ئەو هەموو شەڕو ململانێ خوێناویە لە ناوچەکەدا ئەوەی لە بازنەی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بوەو تائێستا گورزی ئیسرائیلیەکانی بەرنەکەوتوە میلیشیا عێراقیەکانن، ئەوانیش بەهۆکاری ئەوەی ئەمریکا ڕێگر بوە لەبەردەم ئیسرائیلدا، تاکە مەرجیش بۆ ئەوان دوورکەوتنەوەیە لە ئێران، ئەگەر چی ئەمە مەرجێکی قورس و تەعجیزیەو ئەستەمە هەروا بە ئاسانی نە ئەوان دەسبەرداری ئێران ببن و نە ئێرانیش دەست لەوان هەڵبگرێت.
بەڵام ئەمریکا بەنیازە ئەمجارە حکومەتێکی دڵخوازی خۆی لە عێراق بنیات بنێت و هیچ نەبێت ئەمجارە سەد لە سەد ملکەچی تەواوی داخوازیەکانی ئێران نەبێت، بێگومان ئێرانیش ووڵاتێکی هەروا ئاسان نیەو بە ئاسانی دەسبەرداری عێراق نابێت، بۆیە هەر لە ئێستاوە ململانێکان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا جارێکی تر سەریان هەڵداوەتەوەو (مارک ساڤایا ) نێردەی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام پەیامی هەڕەشە ئامێز بۆ بەرپرسانی عێراقی دەنێرێت و ئاگاداریان دەکاتەوە.
شایانی باسە هەندێ لە بڕیار بەدەستانی شیعەی دەسەڵاتداریش دەرکیان بەو مەترسیە گەورەیە کردوەو ئەیانەوێ هەرچۆنێک بێت ئاگری ئەو شەڕە ماڵ کاولکارە لەخۆیان دوربخەنەوە، لە بەرامبەر ئەمانەدا هەندێک لە میلیشیا شیعەکان کە بەبەرەی مقاوەمە ناسراون مل بۆ داواکاریەکانی ئەمریکا نادەن.
لەم نێوەندەداو لە ئێستادا کەسێکی وەک (فایق زێدان)سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بەسود وەرگرتن لە پۆستەکەی ئەیەوێ وەک وەسیتێک و خەمخۆرێکی ماڵی شیعە هاوسەنگێک دروست بکات و هەرچۆنێک بێت دڵی هەردوولا ڕازیبکات و عێراق لەو کێشە گەورەیە دەرباز بکات.
ئەوەی ڕویدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیە بوو، لادانی (محمد حەلبوسی) کەلە ئێستادا بەکەسێکی نزیک لە ئێران هەژمار دەکرێت بۆ ئامۆزاکەی (هەیبەت حەلبوسی) کەوەک خۆیان دەڵێن بڕوانامەکەی ساختەیەو هیچ قابیلیەتێکی ئەو پۆستەی نیە، بەڵکو تەنها وەک حیلە شەرعیەکەو بۆ ڕازیکردنی ئەمریکیەکان دانراوە، لە هەمان کاتا دانانی جێگری یەکەم (عەدنان فەیحان) کە نوێنەری عەسایبەو یەکێکە لەوانەی کە بۆ ماوەیەکیش زیندانی بوە لای ئەمریکیەکان، لەژێر فشاری میلیشیاکاندا دانراوە دیسان مایەی نیگەرانی مارک ساڤایا بوەو شیعەکان و هاوپەیمانەکانیشیان هەر بۆ ڕاستکرنەوەی ئەو هاوکێشەیە خێرا ڕایان گۆڕیو داوایان لە پارتی کرد کە کاندیدەکەی خۆی بگۆڕێ لە (دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا)وە بۆ یەکێکی تر تا دەنگی پێبدەن و هاوکێشەکان تاڕادەیەک ڕاست بکەنەوەو تاڕادەیەکیش دڵی مارک ساڤایا بدەنەوە.
ئەوەی لەم نێوەندەداو بێئاگا لە خوێندنەوەی واقیعە سیاسیەکە هێزە بچوکە کوردیەکان بون کە خۆیان خستە ناو بەحرێکەوە کە ئەوسەریان لێدیار نەبوو، سەرەنجام بەدەستی بەتاڵ لێی هاتنە دەرەوە.
لە ئێستاداو لە هەنگاوی تەواوکاری پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ئەگەر هەنگاوی ژیرانە نەنرێت و هێزە سیاسیە گەورەکان هەماهەنگی تەواو نەکەن ئەگەری ئاڵۆزی زیاتری دۆخی عێراق لە ئارادایە.