لە سیستەمی نێودەوڵەتیی ئانارشیدا، کە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز کاردەکات، دەوڵەتان و ئەکتەرە بچووکەکان زۆرجار لەبری ئەوەی ببنە "یاریکەر"، دەبنە "کارتی یاری" لەنێوان زلهێزەکاندا. ئەم دیاردەیە لە چوارچێوەی تیۆری ڕیالیزم و نیوڕیالیزمدا (وەک کارەکانی هانس مۆرگێنتاو و کینێس واڵتز) بە ڕوونی شیکراوەتەوە، تیایدا جەخت لەوە دەکەنەوە دەوڵەتان بۆ مانەوەی خۆیان هەوڵی زیادکردنی هێز یان پاراستنی ئاسایشی خۆیان دەدەن. لەم ململانێیەدا، ئەکتەرە بچووکەکان دەکەونە بەردەم دووڕیانێکی ستراتیژییەوە: یان "هاوسەنگی" (Balancing) لە دژی هێزە هەژموونخوازەکە پێکدەهێنن، یان "پاشکۆیەتی" (Band wagoning) هەڵدەبژێرن و دەچنە پاڵ ئاکتۆرە بەهێزەکە.
لە هەردوو حاڵەتەکەدا، سەربەخۆیی بڕیارەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار دەکرێت و دەبنە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئامانجی زلهێزەکان. مێژوو پڕە لە نموونەی زیندووی ئەم دیاردەیە. لە جەنگی سارددا، کۆریا دابەش بوو بۆ دوو بەرەی ناکۆک کە هەریەکەیان بوونە پرۆکسی (Proxy) بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا. چارەنووسی نیمچەدوورگەی کۆریا زیاتر پەیوەست بوو بە ململانێی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆوە نەک ویستی ناوخۆیی. بە هەمان شێوە، لوبنان لە کاتی شەڕی ناوخۆیی (١٩٧٥-١٩٩٠) و دواتریشدا، بووە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان وەک ئێران، ئیسرائیل، سوریا و ئەمریکا، کە تیایدا گروپە ناوخۆییەکان وەک پرۆکسی بەکارهێنراون. ئێستاش بۆ ئێمە، هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نیمچە-سەربەخۆ، لە نێوان بەرداشی بەرژەوەندییەکانی ئێران، تورکیا، و ئەمریکادا گیری خواردووە و سیاسەتەکانی زۆرجار ڕەنگدانەوەی هاوسەنگیی هێزی نێوان ئەم زلهێزانەیە، نەک تەنها بڕیاری سەربەخۆی خۆی.
لە کۆتاییدا، هەرچەندە ئەکتەرە بچووکەکان دەتوانن لە ڕێگەی "دیپلۆماسیی زیرەک" (Niche Diplomacy) و دروستکردنی هاوپەیمانیی کاتییەوە هەندێک دەرفەت بۆ خۆیان بخوڵقێنن، بەڵام لە بنەڕەتدا، پێگە و چارەنووسیان بە شێوەیەکی قووڵ گرێدراوی داینامیکی ململانێی نێوان زلهێزەکانە. وەک تیۆری ڕیالیزم ئاماژەی پێدەدات، لە سیستەمێکدا کە هێز یاسا دادەنێت، ئەکتەرە بچووکەکان زیاتر وەک کەرەستەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەورەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وەک لەوەی هاوبەشێکی یەکسان بن لە داڕشتنی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. مانەوەیان زۆرجار بەندە بەوەی کە چۆن خۆیان لەگەڵ ئەم یارییە گەورەیەدا دەگونجێنن، نەک گۆڕینی یاساکانی یارییەکە.