دواین هەواڵ

دوای تەپوتۆز..

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوەی دوو رۆژە دەگوترێت، بەشێکی لە عاتیفە و هەندێکی لە ڕق و بەشێکیشی لە حەز و خولیاوە سەرچاوە دەگرێت. ڕاستییەکەی ئەم دوو رۆژە زۆر شت یەکلابووەوە، ئیدی کاتییەتی باسی جددی لەسەر بکەین، چونکە زۆر گەمە هەن کە لەمڕۆوە دەستپێدەکەن. ململانێکانی چەند رۆژی رابردوو، شایەنی تێڕامانن، بەڵام لەهەموو بارێکدا ئەنجامەکە دەرخەری پێگەی پاسەوانی دێرین و دەوڵەتی قوڵە لەعیراقدا.

هەریەکە لە بارزانی و مالیکی پێگەی خۆیان پاراست، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئەمجارە هاوکارێکی نوێیان هەیە کە فائق زێدانە!
هەرچی ئەوانی دیکەیە، بۆ لەمەودوا گرێکوێرەکانیان دەبێت ڕادەستی ئەو سێیە بکەن.

کۆماری زێدان
هێشتا ململانێی ناو پەرلەمان دەستیپێنەکردبوو، رۆڵی فائق زێدان لەهۆشداریدان پەیوەست بە ماوە دەستوورییەکان دەستیپێکرد.
لەکاتی گرێکوێرەی جێگری دووەمیشدا هەر فائق زێدان گرێکەی کردەوە و دەرچەی یاسایی دۆزیەوە.
ڕاستییەکەی فائق زێدان ئیستا بەشێکی گرنگی دەوڵەتی قوڵە و یەکێکە لە نوێنەرەکانی شیعە. ئەوەی کەهێزیشی پێداوە هەر شیعەکانن.
ئەوان وەک زۆرینەی سیاسی و دانیشتووانی وڵات، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە سەردەمی ململانێی چەکداری بەسەرچووە و ئێستا کاتی ئەوەیە یارییەکە بەپێی یاسا و ڕێکارە دەستوورییەکان بەڕێوەببەن.

فایەق زێدان و نەوەیەکی نوێی دادوەران، بوونەتە سیمای عێراقێکی نوێ؛ عێراقێک کە هەوڵدەدات لەدوای تێپەڕاندنی قۆناغی تاریکی داعش، وێنەیەکی جیاواز لەخۆی نیشان بدات. ئەم ستراتیژییە نوێیە، کە پشت بە دەسەڵاتی یاسا دەبەستێت نەک هێزی میلیشیا.

یەکێتی و پارتی لەجێمی دووەمدا
ئەو دووریەی لەبەغدا لەنێوان پارتی و یەکێتی بینیمان، دەرەنجامی دواخستنی بەردەوامی کابینەی دەیەم و پەککەوتنی پەرلەمانە. لەمەدا ترسی یەکێتی و هەوڵدانی بۆ موماتەڵە هۆکاری سەرەکی بوو، بەڵام لەکۆتاییدا ڕوون بووەوە کە یەکێتی نایەوێت و ناتوانێت لەگەڵ پارتیدا بیگەیەنێتە مریشکە ڕەشە، چونکە هەم تۆڕێکی بەرژەوەندی هەنووکەیی و داهاتوویی بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، هەمیش حسابی سەرۆک کۆمار ماوە. گەرموگوڕی یەکێتی بۆ دەنگدان بە کاندیدەکەی پارتی ئەوە دەردەخات کە رێککەوتنیش نەبێت، جۆرێک لە لێکتێگەیشتن هەیە. ئیدی لێرەوە هاوتەریب لەگەڵ بەغدا، ماراسۆنی پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەستپێدەکات. لەوەش ناچێت نە یەکێتی نیازی هەبێت لەمە زیاتر دوای بخات و نە پارتیش لەوە زیاتر تەحەمولی بڕدەکات. هەرچۆنێک بێت هێشتا زۆر تەنازول و لێکنزیکبوونەوە ماوە ئەو دوو لایەنە بیکەن بۆ یەکتری. لێرەوە یەکێتی و پارتی پێگەی ترس ئاڵوگۆڕ دەکەن. بەو مانایەی ئیدی ئەوەیە یەکێتییە دەبێت بترسێت، چونکە گەر کاندیدی سەرۆک کۆمار جێگەی ناکۆکیبێت، بێگومان هەمان چارەنووسی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان چاوەڕێیەتی.

تاقیکردنەوە گەورەکەی هەڵوێست ماوە!
ڕاستییەکەی، کاندیدەکەی رەوتی هەڵوێست، تەنها بەئامانجی رکابەری کاندیدەکەی پارتی خۆی پاڵاوت. ئەو دەیزانی دەرناچێت، لایەنە عیراقییەکانیش نەیاندەویست دەرچێت، چونکە دەیانزانی ئەوە سەرکەوتوو نابێت و تەنانەت هەڵوێست بایی ئەو پۆستە خاڵیشی نییە، بەڵام وەک تەسفیەی حسابی کۆن هەوڵی دەستشکاندنەوەی پارتیاندا. هەرچۆنێک بوو، پارتی لەو تاقیکردنەوە قورسە دەرچوو، لەگەڵ ئەوەشدا تاقیکردنەوە گەورەکەی هەڵوێست ئەوکاتە دەستپێدەکات کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکرێت. چونکە ئەو کاتە دەردەکەوێت ئاخۆ بڕیاری ناساندنی کاندیدی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن هەڵوێستەوە هی خۆی بووە یان لە شوێنێکی دیکە. ئەگەر هەڵوێست کاندیدی هەبێت، تا ڕاددەیەکی زۆر ڕەنگە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بناسرێت و لەمەی ئیستا گەورەتربێت، خۆ ئەگەر کاندیدی نەبێت باڵۆنەکەی عەلی حەمەساڵح، دەتەقێت و هرمان چارەنووسی حاسیبەکەی دەبێت.

حەلبوسییەکی دیکە و شەڕ لەگەڵ سودانی
لەبری محەمەد حەلبوسی، ئیستا هەیبەت حەلبوسی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان دادەنیشێت. ئەوان ئامۆزان، محەمەد پێیوایە سەرکەوتووە و سایە و سێبەری خۆی بەسەر سەرۆکایەتیدا هێشتووەتەوە، بەڵام ڕاستییەکەی پێناچێت ئەمە زۆر بخایەنێت، چونکە ململانێی هێز و دەسەڵات لەنێوان ئەم دوانە، ڕەنگە تاوەکو بەریەککەوتن بڕوات.
لەلایەکی دیکەشەوە پێناچێت کورد و شیعە زۆر هەست بە خۆشحاڵی بکەن، چونکە لەیەکەم وتارەوە بەڵێنیدا ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوو کراوە ڕاستی بکاتەوە. ئەمەش واتای ئەوەیە؛ گەڕانەوەی بۆ سەردەمی پێش مەشهەدانی کردووەتە ئەجێندا بۆخۆی. کارێک کە بێگومان لە دەرەنجامدا بەدڵی کورد و شیعە نابێت و زەنگی جەمسەرێکی سوننی دیکەشە. هێشتا حەلبوسی دووەم سوێندی نەخواردبوو، سودانی و سوپا ئەلکترۆنییەکەی هێرشیان بۆسەری دەستپێکرد و تۆمەتی ئەوەیان دایە پاڵی کە بڕوانامەکانی ساختەن. ئەم جەنگە درێژە دەکێشێت و لەوەناچێت حەلبوسی دووەمیش تەمەندرێژبێت.

جێگری یەکەم و لیستی تیرۆری ئەمریکا!
ڕاوێژکاری قەیس خەزعەلی، زیندانی پێشوو لە زیبدانەکانی ئەمریکا، نوێنەری میلیشیای عەسائیب لە لوبنان، کەسێک کە لەگەڵ قاسم سولەیمانیدا بەشداری گرتنی جورف ئەلسەخر بووە… هت.

ئەمە سیڤی عەدنان فەیحانە، کە بووە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، یەکێکە لە هەڵۆکانی عەسائیب، بەگوێرەی بەڵگەنامە ئەمریکییەکان، هاوکاری خەزعەلی بووە لە بەئامانجگرتنی ناوەندی هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کەربەلا و بەوهۆیەشەوە تاوەکو ٢٠١٠ دەستگیرکراوە لەلای ئەمریکییەکان. ئەوەی کەس باسی ناکات ئەوەیە؛ پێش هەڵبژاردنی عەدنان فەیحان، مارک ساڤایا ئەوپەڕی هەوڵیدا بۆئەوەی دووریبخاتەوە، بەڵام هەڕەشەی عەسائیب لە هێزە شیعییەکانی دیکە خەونەکەی ساڤایای لەباربرد و یەکەم شکستیشی توشی نوێنەرەکەی ترەمپ کرد.

ئەوەی کە فەیحان چەند لەو شوێنە دەمێنێتەوە زۆر جێگەی قسەیە، چونکە ئەو خاوەنی سیڤییەکە واشنتن لێیدەترسێت.
لە بەغداوە بۆ هەولێر، هەمووان چاوەڕێی سوپرایزەکانن؛ چونکە لە عێراقی نوێدا، ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر کورسی دەسەڵاتە، ڕەنگە سبەی تەنها یادەوەرییەکی ساختە بێت. کۆمارەکەی زێدان جیاوازە و ململانێکانیشی ڕەنگە جیاوازبێت، لەم ماراسۆنە سیاسییەدا، ئیدی ململانێی چەکداری نیمچە کۆتایی هاتووە، بەتایبەتی کاتێک دەنگی پێی ساڤایا دێت و ئەوەی یارییەکە دەباتەوە، ئەو لایەنەیە کە شارەزای کونی کونی دەقە دەستوورییەکانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP