دواین هەواڵ

پارتی و ڕکابەرەکانی، چیرۆکی سەرکەوتن و شکست

‌د.سالار عوسمان

22 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕکابەر و ئاریشەی زاراوەکە
 ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 فۆکەسی قسەکردنمان هەر تەنیا لەسەر ڕکابەرە نێوخۆییەکانی کوردستان نییە، لە ڕووی زەمەنیشەوە هەر تەنیا باسی ئەم قۆناغەی ئێستا ناکەین، کەواتە قسە لە مێژووییەکی قووڵ و جوگرافیایەکی فراوان و، هەروەها قسە لە زیاتر لە دەوڵەت و هێز و حزبێک دەکەین، ئەگەر بەو پێودانە بێت (ڕکابەر) وەک زاراوەیەک بۆ هەمووان بەکار نایەت و ئاریشەدارە، چونکە کورد و کوردستان و گەلەکەی بە درێژایی مێژوو جۆرەها ستەمی دەرهەق کراوە، کەواتە پێویستمان بە زاراوەگەلێکی وەک :(دوژمن، دژ، ناحەز و ڕکابەر) هەیە!.. بەڵام لێرەدا و لەم گفتۆگۆیەدا پتر مەبەستمانە باس لەم قۆناغەی ئێستا بکەین، بەڵام بە قووڵبوونەوە و تێگەیشتن لەو مێژووە پڕ ستەمە.

ڕاستە کورد لێبووردەیە، بەڵام هەرگیز ئەو مێژووەش لەبیر ناکات، ڕاستە یەکێ لە خەسڵەت و ڕۆشنی و هێزەکانی کوردستان ئەوەیە، کە لێبووردەیە و دەیەوێت لێبووردەیی بکاتە کولتوور بۆ هەمووان، ئەوەشی بە کردەوە سەلماندووە، باشترین نموونە ڕاپەڕینی ساڵی 1991بوو، کە کورد لە هەمووان خۆش بوو و لاپەڕەیەکی نوێی کردەوە، بەڵام هەرگیز ئەو تاوان و ستەمانەش لە بیر ناکات، کە دەرهەقی کراوە و، لۆژیکیانە خستییە نێو مەناهجی خوێندنەوە و بە نەوەکانی گوت: ئەوە مێژوو، ئەوە ڕاستی!.

 ڕکابەرەکانی ئەمڕۆ، دوژمن و دژ و ناحەزەکانی دوێنێ و ئەمڕۆش دەبێ یەک ڕاستی بزانن، کە کورد بەهێزترە لە دوێنێ و، کەواتە پارتی ـیش بەهێزترە. دەبێ هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن، کە کورد و پارتی، کوردستان و پارتی، دۆزی گەلی کوردستان و پارتی دووانەن و لەیەکتر جیا نابنەوە، ئەوە یەکێ لەو ڕاستیانەیە، کە دەبێ هەمووان بیزانن، ئەمە یەکێ لەو نهێنیانەیە، کە بەردەوام پارتی بەرەو سەرکەوتن دەبات، بەردەوام هێز بە پارتی دەبەخشێت تا قایمتر لەسەرپێ بوەستێت، تا ئالنگارییەکان تێپەڕێنێت و دەرگا قوفڵدراوەکان بکاتەوە.

دەمەوێ لێرەدا ئەوە بڵێم: کە هیچ هێز و لایەنێکی کوردستان بە قەدەر پارتی نەیتوانیوە گوزارشت لە ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستان بکات، نەیتوانیوە بە کردار بەرگری بکات، ئەم (گوزارشت و کردارە) بۆ ڕاستیی پارتی، ڕاستیی لەدایکبوونی پارتی، ڕاستیی زەرورەت و بوونی پارتی و، هەموو ئەو فاکتە مێژووییانە دەگەڕێتەوە، کە بوونەتە جۆرێک لە کولتووریی سیاسی، کولتورێک کە کوردپەرەوەران و دڵسۆزانی کوردستان، ئەگەر ئەندامی پارتیش نەبن، شانازیی پێوە دەکەن و خۆیان تیایدا دەبیننەوە، کە ئەویش بۆ خۆی جۆرێکی ترە لە خوڵقاندن، خوڵقاندنی سایکۆلۆژیای شانازی، کە بۆ کورد، کوردی بێدەوڵەتی هەڕەشە لەسەری دەوردراو بە ئاریشەکان گەلێک زەروورە.

پوختەی قسە: وێڕای هەموو ئەو ستەمە مێژووییانە، کورد، کوردستان و پارتی بەهێزترن لە دوێنێ و وەک دووانەیەک لە یەکتری جیانابنەوە و بوونەتە ڕاستی، مێژوو لەبیر‌ ناکەن، بەڵام دەیانەوێت پەندی لێ وەرگرن و لێبووردەییانە و، بە خوڵقاندنی سایکۆلۆژیای شانازییەوە بەشداربن لە دروستکردنی سبەینەیەکی باشتر بۆ نەوەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP