دواین هەواڵ

بانگەشە و خوێندنەوەی هەڵە بۆ مێشکی خەڵک

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

10 کاتژمێر پێش ئێستا

بەشی 1لە 2
 زۆرێک لە گروپی سیاسیی، دەکەونە ناو ئەو وەهمەی کە دەتوانرێت تێڕوانینی گشتی لە ڕێگەی پڕوپاگەندە بە خێرایی بگۆڕدرێت.  بەڵام وەک مێژوو چەندین جار نیشانی داوە، هۆشیاری کۆمەڵگایەک( ئەگەر پتەو جێگیریش نەبێت) بەرەنگاری تەوژمەکان دەبێتەوە. 
 لە هەرێمی کوردستان، لایەنە ئیسلامییەکان سەردەمێک هەوڵیاندا، لایەنە نەتەوەییەکان بە دژە ئایین لەقەڵەم بدەن، بۆیان نەچووە سەر و ئیتر پرسی گەندەڵیان ورووژاند، ئەمەیشیان بۆ جور نەبوو ڤێجا دژی هەرێم  پەنایان بۆ بەغداد برد.
  ستراتیژەکەیان پشتی بە دووبەرەکییەکی سادە بەستبوو: "حکومەت عەلمانییە، بۆیە دوژمنایەتی ئیسلام دەکات."  بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بالۆرەیە نەچووە گوێی خەڵکەکە. بۆچی؟  چونکە ئەزمونی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی ئەو تۆمەتە بوو.  لە هەرێمی کوردستان پێکەوە ژیانێکی مایەیی سەرنج نێوان ئایینەکان، نەتەوەکاندا هەیە.
بزاڤی ئیسلامی سیاسی شکستی هێنا لە سازدانی ڕای گشتی دژی دەسەڵاتی هەرێم، ئەمەیش چونکە هەوڵیدا وێنەیەکی دەستکرد بەسەر خەڵکەکەدا بسەپێنێت کە خەڵکەکەیش لە ژیانی ڕۆژانەیان پوچەڵی دەکردنەوە.  تیۆریستی سیاسی ئەنتۆنیۆ گرامشی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، هەژموون وتوانای داڕشتنی عەقڵی ساغ، پەیوەستە بە سەرکردایەتی بەرپرسیاری ئاکاری و فیکرییەوە، نەک بەزۆر سەپاندنی بێ بنەما.  ئیسلامییەکان هەردووکییان نەبوو.  ئەوان زیرەکی فەرهەنگی خەڵکیان بە کەم سەیر کرد و هێزی دروشمەکانیان لەخۆیان زیاتر بوو. 
بە زاراوەی گرامشی، هەوڵیان دەدا “ (پەلاماری کتووپڕ) (دەستبەسەرداگرتنی لەناکاوی ئایدیۆلۆژی) بنیات بنێن بێ ئەوەی سەرەتا لە “جەنگی پێگە”دا سەربکەون. 
 خەڵکەکە زانی کە سەرەڕای کەموکوڕی لە حوکمڕانیدا، هەرێمی کوردستان سەقامگیری و فرەیی و ئاستێکی ئازادی شەخسیی دابین کردبوو کە لە بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبوو.
بابەتەکە ئیسلامییەکان نییە ئەوەندەی پەیوەندی بە ڕای گشتییەوەیە کە ناتوانرێت لە ماوەی کەمپەینی هەڵبژاردندا بەرهەم بهێنرێت، چونکە ڕاکەی هەنوکەی لە یادەوەری بەکۆمەڵ و ناسنامەی کۆمەڵایەتیدا چەسپاوە. واڵتەر لیپمان (١٩٢٢) گووتوویەتی کە ڕای گشتی لەسەر "وێنەکانی ناو سەرمان" بنیات نراوە، کە بەهۆی بەرکەوتنی درێژخایەن و متمانە و پەیوەندی ڕەگداکووتاو چەسپاوون.  کاتێک ئەکتەرە سیاسییەکان هەوڵدەدەن ئەو وێنانە بە خێرایی بگۆڕن، جا لە ڕێگەی، ترس، یان فشاری ئایدیۆلۆژییەوە بێت پتر شکست دەهێنن، چونکە ئەم "وێنە دەروونییانە" لەبەرامبەر هێرشی لەنکاو بەرگری لەخۆیان دەکەن. بۆمن مایەیی تێڕامان بوو حزبێک بیەوێت ڕێگری لە پێکهێنانی کابینەی 10 بکاتە دەسکەوت، چونکە دەربڕینەکە وێنەیەکی لەنکاوەو ناتوانێ وێنەی پێشوو بسڕێتەوە. 
 بە هەمان شێوە تیۆری "ڕەزامەندی بەرهەمهێنان"ی نوام چۆمسکی ئەوە دەگەیەنێت کە پرۆسەی ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی نەک تەنها فڕەدانی زانیارییە بەڵکو پێویستی بە متمانەپێکردنیش هەیە.  تەنانەت ئەگەر پەیامێک لە ڕێگەی مەکینەیەکی ئیعلامیشەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبکرێتەوە، باوەڕی پێناکرێت تا ئەوکەسەی قسەدەکات جێگەی متمانەی زۆر نەبێت.
 حکومەتی هەرێم سەرەڕای ڕەخنەکان، سەرمایەی ڕەمزی هەبوو، نوێنەرایەتی قوربانیدان و خەبات و کەرامەتی کوردی دەکرد.  ئۆپۆزسێۆن جا حزبە ئیسلامییەکان بن یان تەنانەت یەکێتیش کە پێیەکی لەحکومەت و یەکی لە ناو ئۆپۆزسێۆن بوو، بە پێچەوانەوە زۆرجار دوور ئامانجە لە مێژینەکانی  بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و نزیکتر لە کاریگەرییە ئایدیۆلۆژییە دەرەکییەکان دەردەکەوتن. 2025 کاندیدەیتێکی یەکگرتوو لە دهۆک بەڵێن بەهاوڵاتیان دەدات ئەگەر دەنگی پێ بدەن حکومەتی کوردستان دەداتە دادگایەکی تایفی لە بەغدا. 
لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو گرووپە سیاسیانەی کە هەوڵیان دەدا  ڕای گشتی بە پێچەوانەی ئامانجی نیشتیمانی ئاڕاستە بکەن بێ شەرعیەتی قووڵی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی دەرئەنجامی هاوشێوەی ئۆپۆزسێۆنی چەقبەستووی کوردستان بوونەتەوە.
وەک کارل مانهایم نووسیویەتی، سیستەمی ئایدیۆلۆژی کاتێک دەڕووخێت کە "پەیوەندییان بە واقیعەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دوورە لە ڕاستی".  
 ڕاستە گرفت هەیە و مووچە بوو بە چەکێک بەدەست بەغداوە دژی هەرێم و تەواوکەری بەغدایش ئۆپۆزسێۆنی کوردستان بوو کە هێندەی دیکە هانی بەغدای دەدا فشار بۆهەرێم بێنێت، سەرەڕای ئەمەیش  لە کوردستاندا، خەڵکەکە بوونی کیانێکی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  سەقامگیری  بە سەختی بەدەست هێنراو و دانپێدانانی نێودەوڵەتی و کەرامەتی کورد پێککەوە دەبەستنەوە.
 کۆمەڵناسی ئەڵمانی ماکس وێبەر جیاوازی لە نێوان شەرعیەتی نەریتی و کاریزماتیک و عەقڵانی یاساییدا دیاری دەکات.  شەرعیەتی حکومەتی هەرێم بەشێکی لەسەر حوکمڕانی عەقڵانی یاسایی و بەشێکیش لەسەر دەسەڵاتی مێژوویی کاریزماتیک (میراتی خەباتی پێشمەرگە) وەستاوە.  گرووپەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەموویان ئۆپۆزسێۆن بوون، لێهاتوویی ئیداری و سەمبوڵی مێژووییان لە ئاستی پارتیدا نەبوو، نەیانتوانی خۆیان وەک فەرمانڕەوای شەرعی لە خەیاڵی گشتیدا جێگیر بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP