گەڕانەوەی حزبێکی بەئەزموون و خاوەن پێگە بۆ کەرکووک، نەک تەنیا دەسکەوتە بۆ کەرکووکییەکان، بەڵکوو ورە و شەهامەت و دووبارە هەستکردن بە کوردایەتی و کوردبوون زیندوو دەکاتەوە. ڕاستە خەڵکی کەرکووک دابەش بوونەتە سەر حزبە کوردستانییەکان، بەڵام غیابی پارتی لە کەرکووک کەلێنێکی زۆر گەورەی بۆ کەرکووکییەکان دروست کردبوو.
بە بڕوای من، پارتی دەبێت زیاتر و بەرفراوانتر لە کەرکووکدا هەبێت، چونکە بوونی پارتی لێرە، ورە و بڕوا و شكۆ بۆ کەرکووکییەکان دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەت بۆ كورد لە کەرکووک. هەروەک بینیمان بە گەڕانەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی بۆ کەرکووک، چ جۆش و خرۆشێک کەوتە شەقامی کەرکووکەوە، خەڵکی چەند بە بڕوابوونەوە پێشوازییان لە گەڕانەوەی پارتی کرد بۆ ئەو شارە كوردستانییە.
ئێستاش دەبینین ڕۆژانە چەندین کادر و ئەندام و لایەنگری حزبەکان پەیوەندیی بە پارتییەوە دەکەن، چونكە خەڵکی کەرکووک لەوە تێگەیشتن کە هەر پارتییە لە خەمی خەڵکی کەرکووکدایە، چۆن لەڕابردوودا لە گفتوگۆکان سازشی لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووکدا نەدەکرد، بە هەمان نەفەس پارتی لەسەر هەمان بیروباوەڕی مستەفا بارزانیی نەمر، کەرکووک وەک دڵی کوردستان ئەژمار دەکات و کەرکووک هەر دڵە زیندووەكەی کوردستانە و دەبێ ئەو دڵە بە زیندوویی و لەوپەڕی چالاكیدا بێت.
بۆیە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گەڕانەوەی کوردە، چونکە کەرکووک بێ پارتی جەستەیەکی نەخۆش و شەکەت و بریندارە، پێویستە پارتی بە كردەیی و بە چالاكی لە کەرکووکدا هەبێت. پەیوەندیکردنی جەماوەری کەرکووک و هەوادارانی حزبەکانی دیكە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە هەبوون و ئامادەیی پارتی بۆ کەرکووک و گەڕانەوەی شکۆ بۆ کەرکووکییەکان چەند پێویست و گرنگە.