دواین هەواڵ

ستراتیجییەتی پارتی بۆ داهاتووی کەرکووک

‌فرسەت سەید شوكر

8 کاتژمێر پێش ئێستا

کەرکووک، دڵە پڕ لە هیوا و ئازارەکەی کوردستان، هەردەم لە مێژووی پڕ سەروەریی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، خاوەنی پێگەیەکی تایبەت و پڕ لە شانازیی بووە. پەیوەندیی نێوان پارتی و کەرکووک، پەیوەندییەکی گرێدراوی نەتەوایەتی و نیشتمانییە.
بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و کوردستان، نەوە دوای نەوە، بەتایبەت لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی، بەردەوام کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان هێڵی سووری نەتەوایەتی بوون، هۆکاری سەرەکیی بەیەکنەگەیشتنی کورد و ڕژێمی ئەوکاتی عێراق لە گفتوگۆکاندا دروست لە ١٩٧٠-١٩٧٤، دەست هەڵنەگرتنی بارزانیی نەمر بووە لە کەرکووک.
هەڵوێستی سەرۆک مەسعوود بارزانی لە قۆناغی دوای نووسینەوەی دەستووری عێراق، تاوەکوو ڕابەرایەتیی شەڕی داعش لە پاراستنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، پاشان سەلماندنی کوردستانییەتی کەرکووک لە ڕێگەی ڕیفراندۆم لە ساڵی 2017دا، سەلمێنەری ئەوەیە، شاری کەرکووک خاوەنی هەیە و هەرچەندی تەعریب و ڕاگواستن بکرێتە بەرنامە، هێزێکی نەتەوەیی خۆڕاگر هەیە، سازشی لەسەر ناکات.
ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەسەر کەرکووکدا هێنراوە، سڕینەوەی بنەماکانی پێکەوەژیان و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بووە بە هاوکاریی ئەو هێزانەی کە بەرپرسیارن لە گەیاندنی ڕەوشی کەرکووک بەم دۆخەی ئێستا تێیکەوتووە و گۆڕانی دیمۆگرافیای شارەکە، ئێستایش کە لەبەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقداین، پارتی مەبەستیەتی داهاتووی کەرکووک، ئاوەدانی و سەقامگیری و گۆڕانکاریی گەورەی پێوە دیار بێت، شارەکە لە ڕووی ئەمنییەوە ئارام و ئەمین و سەقامگیر بێت، داگیرکاری و تەعریب نەمێنێت.
بیانووگرتن بە جووتیارانی کورد و دەرکردنی کورد لەسەر موڵک و زەوی خۆی بسڕێتەوە، ئەزموونی ڕابردووی کەرکووک لە داگیرکاری و خۆسەپێنیدا ئاکامەکەی شکست بووە، بەتایبەت هەر لایەنێکی سیاسیی نێوخۆیی یاخود گرووپە جیاجیاکان لە پەراوێزخستنی پارتی تووشی نشوستی خۆیان بوونەتەوە.
ئەگەر دروشمەکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) کە لەم هەڵبژاردنە بەرزی کردنەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ چارەسەری ڕیشەیی بۆ گرفت و ئارێشە بەردەوامەکانی کەرکووک و پرسی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، تەنها کارکردن بەو بنەمایانە، چونکە هەتا سیاسەتی کاری هاوبەش و هاوسەنگ و پەیڕەوکردنی بنەماکانی سازان لە کەرکووک نەبێتە بەرنامە، دۆخی کەرکووک بەم شێوەیە دەمێنێتەوە، بۆیە لە دیدگای قووڵی پارتییەوە چارەسەری درووست هەر گەڕانەوەیە بۆ تێگەیشتنە حەقیقیەکەی پارتی بۆ داهاتووی کەرکووک.
كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركووك، ته‌نیا به‌ گه‌وره‌یی و كاریگه‌ریی و ئەزموونی درێژخایەنی سیاسیی پارتی دەکرێت، پارتی به‌ سه‌نگ و قورساییه‌كی زۆر له‌ كه‌ركووكه‌، پارتی لەگوتار و کرداردا باوەڕی بە گوفتاری گەورە نییە، هێندەی باوەڕی بە خزمەتی کەرکووکییەکان هەیە.
کەرکووکییەکان، ئەزموونی خۆڕاگری و داکۆکیکاری ڕاستەقینەیان لە پارتی بینیوە، لێیان ڕوونە ئەو حزبەی سازش لەسەر ماف و داخوازییە ڕەواکانییان ناکات تەنها پارتییە، مێژوو قوربانیدانی پارتی بۆ شارەکە نادیدە ناگیرێ، بۆیە لەپێناو پاراستنی کوردستانییەتی کەرکووک لیستی (٢٧٥) بژارەمان دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP