دواین هەواڵ

مەنسوور یاڤاش ئومێدی ئۆپۆزسیۆن و كابووسی كوردان

‌كارزان گلی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

لە داهاتوویەكی نزیكدا بەفەرمی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانیكراوی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ، لە بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دەكشێتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە، بڕوانامەكەی هەڵوەشاوەتەوە و تۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵ، بڕوانامەكەی ساختەیە، بۆیە ناتوانێت ببێتە بەربژێر. بەهێزترین كەسیش بۆ شوێنگرەوەی ئیمامئۆغڵو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرایە.

مەنسوور یاڤاش، سەرەتا لەناو مەهەپەدا بوو، پاشان بووە جەهەپە و بەكەسێكی نەتەوەپەرست و دژە كورد ناسراوە. خاوەن جەماوەرێكی زۆرە و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤ دا توانی ٦٠٪ی دەنگەكانی ئەنكەرا بەدەست بهێنێت، بەڵام لەلای كورد یاڤاش كەسێكی خۆشەویست و قبوڵكراو نییە و نەیتوانیوە دڵی كورد بۆ لای خۆی رابكێشێت.

ئیمامئۆغڵو، جیا لەوەی لەناو جەهەپەییەكاندا خۆشەویست بوو و تا ئاستێكی زۆر توانی لەناو ئەو پارتە بگاتە لوتكە، چونكە كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە، ئیمامئۆغڵو دیزاینی كرد و ئەوبوو ئۆزگوور ئۆزەلی كرد سەرۆكی پارت، هەروەها خۆی لە كوردیش نزیك كردبووەوە و بەردەوام پاڵپشتی خۆی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە دەربڕیوە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٤دا، ئیمامئۆغڵو بەدەنگی كورد توانی ببێتە سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ، چونكە لە ئیستانبۆڵدا كورد خاوەنی ١٠٪ی كورسییەكانە و بەردەوام دەنگی كورد كلیلی بردنەوەی هەر بەربژێرێك بووە.

بەڵام یاڤاش هیچ كاتێك نەیتوانیوە نەتەوەپەرستی خۆی بشارێتەوە، ئەو لێبووكەی بەستبووی بەوەی كوردی خۆش دەوێت، هەرزوو كەوت و ئاشكرا بوو، ئەویش ئەوكاتەی لە جەژنی نەورۆزدا ناوی ئاڵای كوردستانی بە پارچە پڕۆیەك برد و سووكایەتی پێی كرد. 

یاڤاش، جێی ئومێدی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لەناو بنكەی جەماوەری و رۆشنبیرانی جەهەپەدا قورساییەكی زۆری هەیە و هەموو پاڵپشتی ئەون بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو ببێتە بەربژێر و ركابەری ئەردۆغان بكات، بەڵام لەنگەرە گەورەكەی بەردەمی كوردە، چونكە كورد ئەو كەسایەتییە رەتدەكاتەوە و دەنگی پێنادات.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەگەر زۆرە لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، كورد بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بچێتە ناو هاوپەیمانیی (كۆماریی)، واتە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا پاڵپشتی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان بكەن، بەو مەرجەی پرسی چارەسەری بەردەوامی هەبێت و هەنگاوی كرداری بۆ ئەو پرسە لەلایەن حكوومەتەوە بنرێت. ئەگەر كورد پشتگیریی لە ئەردۆغان بكات، ئۆپۆزسیۆن هەركەسێك بكەنە بەربژێر، جیا لە ئیمامئۆغڵو، ئەستەمە بتوانێت لە ئەردۆغان بباتەوە، چونكە لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشووتری توركیا، دەنگی كورد یەكلاكەرەوە بووە.

بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا، چاوی لەوەیە پرسی چارەسەری ئەنجامی نەبێت، تا لەوڕێگەیەوە بتوانن كورد بۆ لای خۆیان رابكێشن، بەگوێرەی پێشبینییەكانیش ئەگەر پرسی چارەسەری ئەنجامی نەبێت، كورد وەكوو تۆڵەیەك لە ئاكەپە و مەهەپە روو لە ئۆپۆزسیۆن دەكەن.

ئەوەی مایەی نیگەرانییە و قسەی جیدی لەسەر دەكرێت، یاڤاش دەنگی ئۆپۆزسیۆن دەبات و لەوڕووەوە هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام تەنانەت ئەگەر دەم پارتی بڵێن دەنگ بە یاڤاش بدەن، كورد دەنگی پێنادات، ئەمەش لە بەرژوەندی ئەردۆغانە، بۆیە هەوڵی ئاكەپە و مەهەپە بۆ ئەوەیە، یاڤاش ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن، لەوڕێگەیەوە دەنگی كورد مسۆگەر دەكەن.

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣، لە گەڕی یەكەم دەم پارتی داوای لە لایەنگرانی كرد دەنگ بە كەمال كلیچدارئۆغڵو بدەن، بەڵام بۆ گەڕی دووەم، كلیچدارئۆغڵو، رووی لە ئومید ئۆزاغ، سەرۆكی پارتی زەفەر كرد، كە ئەو كەسایەتییە دژی كوردە و رۆژانە سووكایەتی بە كورد دەكات، داوای لێكرد لە گەڕی دووەم دەنگی پێبدەن، لەبەرامبەردا ئۆزداغ دەكاتە وەزیری ناوەخۆ، ئەمەش كوردی توڕە كرد و بەبێ ئەوەی گوێ بە دەم پارتی بدەن، دەنگیان بە ئەردۆغاندا.

لێرەدا روون دەبێتەوە، هەرچەندە یاڤاش جێی ئومێدی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بێت، بەڵام بۆ كورد كەسایەتییەكی كابووسە و پشتی تێدەكەن، بەمەش خەونی وەرگرتنی كورسی سەرۆكایەتیی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بەدەنگی كورد لە گۆر دەنرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP