دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

لە واست ڕێکاری تەندروستیی بەپەلە دەگیرێتە بەر

هەرێم نیوز
⠀
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای واست ئاشکرایکرد، نزیکەی ١٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان و ٣٠ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی سەحایا لە پارێزگاکە تۆمار کراون، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاوبوونەوەی پەتایەکی مەترسیدار ڕەت دەکاتەوە.

⠀
حەبیب بەدری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای واست، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەشێکی زۆر لەو کەسانەی بە نەخۆشیی سەحایا تووش بوون، خوێندکارن.
⠀
بەدری ئاماژەی بەوەش کرد، بە هۆی ئەو دۆخەوە شانەیەکی هاوبەشی قەیران پێک هێنراوە و هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەرمانڕێژکردن و پاککردنەوەی قوتابخانەکان دەستی پێکردووە.
⠀
لە هەمان کاتدا، عەلی حەسەن سەلیمون، پارێزگاری واست، بڕیاری بە گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی بەپەلە داوە، لەوانە پێکهێنانی لیژنەی تایبەت لە قەزا و ناحیەکان، تەرخانکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ کەرتی تەندروستی و کاراکردنەوەی بەشەکانی جیاکردنەوەی نەخۆشان.
⠀
لە لایەکی دیکەوە، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، جەختی کردەوە، هیچ ئاماژەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی پەتایەکی مەترسیدار یان بەکتریایی لە پارێزگای واست نییە.
⠀
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی حاڵەتەکان تەنها گومانلێکراو بوون و پشکنینیان بۆ ئەنجام دراوە، هەروەها ژمارەکان لە چوارچێوەی ڕێژەی ئاساییدان.
⠀
ناوبراو داوای لە هاوڵاتییان کرد، تەنها پشت بە زانیاری و سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
⠀
نەخۆشیی سەحایا بریتییە لە هەوکردنی پەردەکانی دەوری مێشک و مۆخی پشت، کە دەکرێت بە هۆی ڤایرۆس، بەکتریا یان هۆکارەکانی دیکەوە دروست بێت. هەندێک لە جۆرە تووشکەرەکانی لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا بە ئاسانی دەگوازرێنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP