هەرێم نیوز
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، دوای پشتڕاستکردنەوەی سێ حاڵەتی تووشبوون، سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵانی جۆری یەک (cVDPV1) لە پارێزگای دێرەزووری سووریا ڕاگەیاند.
⠀
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، چوار حاڵەتی شەلەلیی توندی لە قەزای مەیادینی پارێزگای دێرەزوور دەستنیشان کردووە و تا ١٣ی نۆڤێمبەر، سێ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵانی پشتڕاست کردووەتەوە.
⠀
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڤایرۆسەکە لە سێ کەسی دیکەشدا دۆزراوەتەوە کە لە بەرکەوتەکانی تووشبووان بوون و هیچ نیشانەیەکی شەلەلییان نەبووە.
⠀
ئەنجامی شیکارییە بۆماوەییەکان دەریدەخات، ڤایرۆسە دۆزراوەکان پەیوەندیی بۆماوەییان بە یەکەوە هەیە، ئەمەش بەڵگەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە.
⠀
تەمەنی منداڵە تووشبووەکان لە نێوان ٦ تا ١٣ مانگیدایە و هیچ کامیان ڤاکسینی دەمیی ئیفلیجیی منداڵان (OPV)یان وەرنەگرتووە.
⠀
هەروەها، لە نێوان ٩ تا ٢٠ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٦، ١٢ حاڵەتی دیکەی گوماناوی شەلەلی لە چەندین ناوچەی پارێزگای دێرەزوور تۆمار کراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
⠀
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆکاری سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکە بۆ نزمبوونی ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لە ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە.
⠀
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی ٢٠٢٦دا، ٤٢.٢٪ی ئەو منداڵانەی لە دێرەزوور تووشی شەلەلی بوون، تەنانەت یەک ژەمی ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵانیشیان وەرنەگرتووە.
⠀
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە هەموو گەشتیاران و دانیشتووانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەکات، بەپێی خشتەی نیشتمانیی کوتان، بە تەواوی دژی ئیفلیجیی منداڵان خۆیان بکوتن.