هەرێم نیوز
⠀
سێسک فابریگاس، ڕاهێنەری ئێستای یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، لەبارەی دەنگۆکانی گەڕانەوەی بۆ کامپ نو و وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتیی یانەی بارسێلۆنا لە داهاتوودا جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا هەموو سەرنجی لەسەر یانە ئیتاڵییەکەیە و پەلەی نییە بۆ قسەکردن لەسەر داهاتوو.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی 11ـی 2026، فابریگاس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (TNT Sports)ـی مەکسیکی دوای بردنەوەی کۆمۆ بە ئەنجامی ١-٠، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ڕۆژێک خۆی وەک ڕاهێنەری بارسێلۆنا دەبینێت، وتی، لەو کەسانەیە کە ڕۆژ بە ڕۆژ مامەڵە لەگەڵ ژیان و کارەکانیان دەکەن و بیرکردنەوە لە داهاتوو زۆرجار مرۆڤ ناگەیەنێتە هیچ شوێنێک.
⠀
یاریزانەکەی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا ئاماژەی بە پەیوەندییە قووڵەکەی بە یانە کەتەلۆنییەکەوە کرد و وتی، سەر بەو یانەیەیە و لەوێ گەورە بووە و هەموو کەسێکی ئەوێ دەناسێت، بەڵام هەرگیز حەزی لە بیرکردنەوە لە داهاتوو نەبووە چونکە هەر کاتێک ئەوەی کردووە شتەکان بە باشی نەڕۆیشتوون، ژیانیشی بە لێخوڕینی فڕۆکە شوبهاند کە هەرگیز نازانرێت کەی خێراییەکەی کەم دەبێتەوە، بۆیە دەبێت لە هەر ساتێک چێژ وەربگیرێت.
⠀
فابریگاس کە هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە نێوان کەشی پڕ ململانێی یاری و بەرپرسیارییەتییەکانی ڕاهێنەرایەتی لە کۆمۆ بپارێزێت، ئاشکرای کرد کە هێشتا بە وردی شوێنکەوتەی یارییەکانی بارسێلۆنایە و هیچ یارییەکیان لەدەست نادات، تەنانەت ڕۆژێک لە کاتی دانانی پلانی یارییەکەیان بەرامبەر ئەیک ئەسینا لەسەر مۆبایلەکەی سەیری یاریی بارسێلۆنای کردووە تا ئەو ڕادەیەی یاریدەدەرەکانی چەند جارێک ئاگاداریان کردووەتەوە کە سەرنجی لەسەر کارەکەی خۆی بێت.
⠀
فابریگاس تا ساڵی ٢٠٢٨ گرێبەستی لەگەڵ یانەی کۆمۆ هەیە و پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە کە دەیەوێت هەموو ماوەی گرێبەستەکەی تەواو بکات، هاوکات سەرەڕای ئەوەی سەرکەوتنەکانی لە ئیتاڵیا و پەیوەندیی مێژوویی بە بارسێلۆنا وەک بەربژێرێکی داهاتوو بۆ شوێنگرتنەوەی هانزی فلیک دەیهێڵنەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ نیشانەیەک بۆ گۆڕانکارییەکی نزیک نییە بەتایبەت کە کارگێڕیی وەرزشیی بارسێلۆنا لە ئاستی هانزی فلیک زۆر ڕازین.