هەرێم نیوز
زیرەکی دەستکرد و مێشکی مرۆڤ لە ئەنجامدا هاوشێوەن، بەڵام بە دوو شێوازی جیاواز کار دەکەن
جیاوازی لە نێوان شێوازی بیرکردنەوەی مێشکی مرۆڤ و زیرەکی دەستکرد
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە زیرەکی دەستکرد، تەنانەت کاتێک ئەنجامی هاوشێوەی مێشکی مرۆڤ بەدەست دەهێنێت، بەڵام لە ڕووی میکانیزمی ناوخۆیی و شێوازی پرۆسێسکردنی زانیارییەوە لە مێشک جیاوازە.
توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری Nature Machine Intelligence بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن تیمێکی زانستی لە زانکۆی یۆرک لە کەنەدا ئەنجام دراوە.
توێژەرەکان پێیان وایە سەرکەوتنی مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد لە پێشبینی وەڵامی خانە عەصبییەکانی مێشک، بەڵگەی ئەوە نییە کە ئەو مۆدێلانە هەمان میکانیزمی مێشکی مرۆڤ بەکاربهێنن.
توێژەرەکان بۆ پشکنینی ئەم جیاوازییە، تاقیکردنەوەیەکی نوێیان بە ناوی «توانای پێشبینیی پێچەوانە» داڕشت، بۆ ئەوەی بزانن ئایا چالاکی خانە عەصبییەکان دەتوانێت پێشبینی تایبەتمەندییە ناوخۆییەکانی مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد بکات یان نا.
لە تاقیکردنەوەکاندا ١٣٢٠ وێنەی سروشتی و دەستکرد بەکار هێنرا، کە ١٠ شت و پێشەوەری ناسراو، وەک خرس، فیل، ڕووخسار، سێو، ئۆتۆمبێل، سەگ، کورسی و فڕۆکەیان لەخۆگرت.
هەروەها نزیکەی ٣٠٠ وێنەی زیادە بە شێوازی جیاواز، لە وێنەی سادە و هێڵکارییەوە تا شێوە هونەرییەکان، بەکار هێنرا بۆ تاقیکردنەوەی وەڵامی مۆدێلەکان.
ئەنجامەکان نیشانیان دا کە مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد بە باشی دەتوانن وەڵامی خانە عەصبییە تۆمارکراوەکانی مێشک پێشبینی بکەن، بەڵام چالاکی خانە عەصبییەکان بە هەمان ئاست ناتوانێت تایبەتمەندییە ناوخۆییەکانی مۆدێلە دەستکردەکان پێشبینی بکات.
توێژەرە سەرەکییەکە، کۆهی تیگ کار، ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوشێوەیی ئەنجامەکان بە مانای یەکسانی میکانیزمەکان نییە، چونکە هەندێک لە پێکهاتەکانی زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەک کار دەکەن کە مێشکی مرۆڤ لە تێگەیشتن لە جیهانی دەوروبەر بەو شێوەیە بەکاریان ناهێنێت.
توێژەرەکان هەروەها ئاگاداری دەدەنەوە کە پشتبەستن بە وردی پێشبینی چالاکی مێشک بە تەنها، دەتوانێت ببێتە هۆی گەیشتن بە ئەنجامی هەڵە، بە تایبەتی لە توێژینەوەکانی دەروون، ڕەفتار، زمان، بیستن و جوڵە.