هەرێم نیوز
⠀
ماڵپەڕی ئیرەم نیوزی ئیماراتی بڵاویکردەوە، ئەمریکا پێشتر هاوکێشەی کۆنترۆڵکردنەوەی جرف سەخەری لە بەرامبەر بەردەوامیی ناردنی دۆلار و پاراستنی کەرتی بانکی خستووەتە بەردەم عەلی زەیدی.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی 11ـی 2026، ماڵپەڕی ئیرەم نیوزی ئیماراتی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا پەیامێکی ڕوونی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کردووە کە بەردەوامیی گواستنەوەی داهاتی نەوت بە دۆلار لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرکەوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق پەیوەستە بە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و وشککردنی سەرچاوە داراییە نافەرمییەکان و توندوتۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان.
⠀
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، واشنتن بەغدادی ئاگادار کردووەتەوە کە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا ڕەنگە دەرگا بۆ چەردەیەکی نوێی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بکاتەوە کە دامەزراوە داراییەکان و دەروازە ئابوورییەکان دەکەنە ئامانج.
⠀
لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا کۆنترۆڵکردنەوەی ناحیەی جرف سەخەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە وەک هەنگاوی یەکەم داناوە بۆ سەلماندنی جددییەتی حکومەت لە پرسی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دوای زیاتر لە دەیەیەک لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە.
⠀
هەروەها ڕوونیان کردووەتەوە کە پێش ئەم هەنگاوە پەیوەندیی باڵا لە نێوان تۆم باراک و مارکۆ ڕۆبیۆ لەگەڵ کەسایەتییە نزیکەکانی سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە ئەمنی و داراییەکاندا بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن.
⠀
جەختیان لەوەش کردووەتەوە، ئەو ستایشەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عەلی زەیدی کە بە پیاوێکی بەهێز وەسفی کردبوو وەک چەترێکی سیاسی بووە لەلایەن واشنتنەوە بۆ جووڵەکانی حکومەت و ئاماژە بووە بۆ ڕەزامەندیی ئەمریکا لە هەنگاوەکانی بەغداد.
⠀
ئەم ڕاپۆرتە دوای ئەوە دێت کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمانی عەلی زەیدی بارەگای کۆنترۆڵکردن لە جرف سەخەر پێکهێنرا و پرۆسەی جێگیرکردنی هێزە هاوبەشەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی وزە لە ناوچەکەدا دەستی پێ کرد.